ئەوانەی كورسیی پێكھاتەكانیان بە زۆر دەزانی!
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

ئەوانەی كورسیی پێكھاتەكانیان بە زۆر دەزانی!

 

دەجەل و دووڕوویی سیاسی لای ھەندێك لایەنی كوردستان گەیشتووەتە ڕادەیەك كە دوێنێی خۆیان بیر چووەتەوە و ئەوەیان لەیاد كردووە كە دوای ئەوەی پێكھاتەكانی كوردستان 11 كورسیی كۆتای خۆیان لە پەرلەمان بۆ تەرخان كراوە و دوای ھەڵبژاردنیش ئەو 11 كورسییەیان وەك ئیستیحقاقی خۆیان بۆ مسۆگەر كرا، لە كاتی ھەر ناكۆكی و ململانێیەكی سیاسی و حزبیدا، ھەندێك لە لایەنە سیاسییەكانی كوردستان، یان ھەندێك كەسی ناو ئەو لایەنە سیاسییانە، دەیانگوت: ”ئەو 11 كورسییە بۆ پێكھاتەكان زۆرە و ئەوان شایستەی ئەو ژمارەیە لە كورسیی پەرلەمان نین و دەشیانگوت لایەنە سیاسییەكانی ئەو پێكھاتانەش لەناویشیاندا لایەنە مەسیحییەكان كارتۆنین و ئەوانە دوكانی سیاسییان ھەیە و دەبێ یاسای ھەڵبژاردنەكان ھەموار بكرێتەوە بۆ ئەوەی ئەو 11 كورسییەی ئەو پێكھاتانە نەمێنێت!“.

كەچی كە ئێستا پاپای فاتیكان سەردانی كوردستان دەكات و بە زمانێكی زۆر جیا لە بەغداش قسە لەگەڵ سەرۆك بارزانی و سەرۆكی ھەرێمی كوردستان و سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان دەكات، وەك ئەوەی پاپا ھاتبێت بۆ بەشێك لە دنیای ئەورووپا كە زیاتر لە 300 ساڵە شەڕی مەزھەبی و تائیفیی بەجێ ھێشتووە، كەچی لەم كاتەدا ھەمان ئەو لایەنانەی كە پێشتر 11 كورسیی پێكھاتەكانی كوردستانیان لە پەرلەمانی كوردستان بە زۆر دەزانی و داوای نەھێشتنی ئەو 11 كورسییەی پێكھاتەكانیان دەكرد، ئێستا بەخێرھاتنی پاپا دەكەن!

زۆر درێژەی نادەمێ، پاپا لە ڕووی فەلسەفی و سیاسی و ئایینی لە ھەموو ئەو لایەنە سیاسییانە زیرەكتر و وردبینترە و یادەوەرییشی زۆر باشترە لەوان، چونكە ئەگەر پاپا بە سەرۆك بارزانی بڵێت كوردستانم بیر نەچووە، حەتمەن دژایەتیكردنی ئەو لایەنانەی كوردستانیشی بۆ 11 كورسیی كۆتاكانی پێكھاتەكانی كوردستان لە پەرلەمانی كوردستان بیر نەچووە و زۆر باش لەم دەجەل و دووڕووییە سیاسییەی ئەو لایەنانەی كوردستان تێدەگات.

پاپای فاتیكان وەك ئەو پەرلەمانتارە فاشیلانە و قاچاخچیی سەر مەرز نیە كە نەزانێت دوێنێ چیان گوتووە و چی گوزەراوە، بۆیە بۆ ئەو لایەنانە وا باشتر بوو لە كاتی سەردانی پاپا بۆ كوردستان، تك تك ئارەقی شەرمەزارییان بڕشتایە و بێدەنگ بوونایە.