یونادم یووسف که‌نا: بۆ پاپا هەرێمی کوردستان جیاوازترە لە عێراق، چونکە سەقامگیری و ئاشتیی کۆمەڵایەتی لێرە هەیە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

یونادم یووسف که‌نا: بۆ پاپا هەرێمی کوردستان جیاوازترە لە عێراق، چونکە سەقامگیری و ئاشتیی کۆمەڵایەتی لێرە هەیە

ئەو پڕۆتۆکۆڵ و پێشوازییەی لە هەرێمی کوردستان لە پاپا کرا لە ئاستێکی بەرز و جێگەی دڵخۆشیی کریستیانەکان بوو

یوناد‌م یووسف که‌نا، سکرتێری بزووتنەوەی دیموکراتی ئاشووری، باس لە ڕەهەندەکانی هاتنی پاپای ڤاتیکان بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان دەکات، لە وەڵامی پرسیارەکانی (باسنیوز)دا، ئاماژەی بەوە دەدا، بۆ پاپا هەرێمی کوردستان جێگەیەکی ئاسوودەتر بووە لە عێراق، چونکە بارودۆخی هەرێمی کوردستان بۆ ژیانی مەسیحییەکان و پێکهاتەکانی دیکە بەراورد بە ناوچەکانی عێراق ناکرێت. پێشی وایە هاتنی پاپا بۆ هەرێمی کوردستان پێگەی سیاسی لە جیهاندا بەهێزتر دەکات.

یونادم یووسف که‌نا، سکرتێری بزووتنەوەی دیموکراتی ئاشووری، بۆ (باسنیوز) ڕای گەیاند، باشبوونی بارودۆخی کریستیانەکان یان هەر پێکهاتەیەکی دیکە پەیوەستە بە جێبەجێکردنی یاسا و جیاوازینەکردن لە نێوان پێکهاتەکان لە هەر شوێنێک بێت، "ئەگەر جیاوازی لە نێوان پێکهاتەکاندا لە هەموو ڕوویه‌كی کارکردن و بەیەکەوە ژیان نه‌بێ، بێگومان بارودۆخی کریستیان یان هەر پێکهاتەیەکی دیکە بەرەو باشی دەڕوات، بەڵام هەر جیاکارییەک لە نێوان مرۆڤەکاندا، لێكترازانی کۆمەڵایەتی لێدەکەوێتەوە”.

ئه‌وه‌شی دووپات كرده‌وه‌ كه‌ "بارودۆخی مەسیحییەکان لە عێراق بەهیچ شێوەیەک بەراورد بە هەرێمی کوردستان ناکرێت".

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی ئاخاوتنه‌كه‌یدا، گوتی: ئەگەر سەیری سەردەمی شه‌ڕی داعش بکەین ئەوە نەک جیاکاری کراوە، بەڵکوو بە هەموو شێوەیەک تاوانکاری بەرامبەر بە کریستیانەکان کراوە، دوای ئەویش بارودۆخەکە لە رووی نەبوونی دەسەڵاتی یاسایی لە ناوچەکانی عێراق هەر بە ناسەقامیگری ماوەتەوە، بەڵام ئەوەی تێبینی دەکرێت بۆ هەرێمی کوردستان ئەو دۆخە جیاوازە و تەنانەت هەموو کریستیانەکان کە لە ناوچەکانی عێراق کۆچ دەکەن بەرەو هەرێمی کوردستان دێن، ئەوەش ئەو ڕاستییه‌ دەردەخات کە دۆخی هەرێمی کوردستان بۆ ژیانی کریستیانەکان بەراورد بە عێراق ناکرێت”.

سەبارەت بە بەرەوباشبوونی دۆخی عێراق، ئەو سەرکردەیەی مەسیحییەکان، پێیوابوو، چوونی پاپا بۆ لای مەرجەعی شیعەکان و داواکردنی پاپا بۆ دادپەوەری لە عێراق، ماناکەی روونە کە پاپا داوای بەرقەراربوونی ئاشتیی کۆمەڵایەتی دەکات، بەڵام تاچەند دەسەڵاتدارانی عێراق بۆ ئاشتی هەنگاو دەنێن، ئەوە پرسیارێکە دواتر وەڵام دەدرێتەوە کە ئایا عێراق دوای هاتنی پاپا بەرەو ئاشتیی کۆمەڵایەتی هەنگاوی ناوە؟.

ئەو سەرکردەیەی مەسیحییەکان، جەختی لەسەر ئەوە کردەوە، جیاوازیی زۆر لە نێوان بارودۆخی عێراق بۆ مەسیحییەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەیە، "لە هەرێمی کوردستان دۆخی ئەمنی و سەقامگیری بە شێوەیەکە وای کردووە مەسیحییەکانی ناوچەکانی عێراقیش رووی لێ بکەن، جگە لەوەش لە هەرێمی کوردستان فرسەتی ژیان بۆ هەموو لایەک باشترە، تەنانەت ئەگەر سەیر بکەین تێگەیشتنی خەڵکەکەش بۆ پێکەوە ژیان باشترە، ئەوەتا ئەمڕۆ لە یاریگای فرانسۆ هەریری کە پاپا ئامادە دەبێت و قه‌داسێک دەخوێنرێ ١٠ هەزار کەس ئامادە دەبێت، کە یاریگاکەش بەناوی کەسایەتییەکی خه‌باتگێری مەسیحییەوه‌یه‌، ئەوە دەتوانین بڵێین ئەو وێنەیەکە بۆ هەموو دنیا کە ئەو شوێنە ئارام و ئاسایشی بەرقەرارە و شوێنێکە بۆ پێکەوەژیانی ئاشتییانەی کۆمەڵایەتی”.

سەبارەت بە هاتنی پاپا و پێگەی سیاسیی هەرێمی کوردستان، ئەو سەرکردە مەسیحییە ڕای وابوو، بە هاتنی پاپا پێگەی سیاسیی هەرێمی کوردستان لە ئاستی جیهانیدا بەهێزتر دەبێت، "سەردانی پاپا کە ١٠٠ دەزگای مێدیایی لەگەڵیدایه‌، دنیا هەموو چاوی خستووەتە سەری کە هاتووەتە عێراق و هەرێمی کوردستان، بە دڵنیایی ئەوەش کاریگەری باشی دەبێت لە رووی پێگەی سیاسییەوە”.

لەبارەی، شێوازی پێشوازیکردنی پاپا لە هەرێمی کوردستان، یونادم یووسف که‌نا، جەختی لەسەر ئەوە کردەوە ئەو شێوازەی کە بۆ پێشوازی پاپا لە هەرێمی کوردستان ڕێکخرا، بە ئامادەبوونی سەرۆک بارزانی و سه‌رۆكی هەرێمی کوردستان و سەرۆک وەزیرانی هه‌رێمی كوردستان، جێگەی خۆشحاڵیی زۆری کریستیانەکان بووە،"ئەو ئەمن و ئاسایشە بەرقەرارەی کە هەیە لەگەڵ ئەو شێوازە پڕۆتۆکۆڵەی دانراوە و ڕێکخراوە، جێگەی شانازی بووە بۆ کریستیانەکان لە هەرێمی کوردستان”.

ئه‌و كه‌سایه‌تییه‌ی مه‌سیحییه‌كان، پێشی وایه‌ بە هۆی ئەوەی لە هەرێمی کوردستان دەرفەتی دانوستانەکان و پڕۆگرامەکانی مرۆڤایەتی لە ئاستێکی باشدایە، بە دڵنیاییەوە بۆ (پاپا)ش، شوێنەکە باشترە لە عێراق، "بۆ پاپا هەرێمی کوردستان جیاوازترە لە عێراق، چونکە سەقامگیری و ئاشتیی کۆمەڵایەتی لێرە هەیە و ئەوەش دەرفەتی پێکەوەژیانی نێوان پێکهاتەکانی ڕەخساندووە".