چالاکوانێکی مەسیحی: پێشمەرگە زۆرترین ڕۆڵی لە پاراستنی مەسیحییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان هەبووە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

چالاکوانێکی مەسیحی: پێشمەرگە زۆرترین ڕۆڵی لە پاراستنی مەسیحییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان هەبووە

چالاکوانێکی مەسیحی لە ناحیەی دیانا لە سنووری قەزای سۆران دەڵێ پێشمەرگە زۆرترین ڕۆڵی لە پاراستنی مەسیحییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان هەبووە، دەشڵێ مەسیحییەکان لەلایەن هێزە عێراقییەکان و میلیشیاکان نەپارێزران و کۆچیان بۆ هەرێمی کوردستان کرد.

داریوش ولیام، چالاكوانی كۆمەڵگەی مەدەنیی و پەیڕەوکاری ئایینی مەسیحی لە ناحیەی دیانای سەر بە قەزای سۆران، بە (باسنیوز)ی راگەیاند: "سەردانی پاپای ڤاتیکان بۆ هەرێمی كوردستان چەند پەیامێکی گرنگی تێدایە، لەوانە گرنگیدانی زیاترە بە پێكەوەژیانی ئایینەکان، لەگەڵ ئەوەشدا بینینی ئەو پێكەوەژیانەی لە هەرێمی كوردستان هەیە، رەنگە پێشتر لەلایەن پاپاوە وەها پێشبینی بۆ نەكرابێت، هەروەها بینینی ئەو ئارامی و ئاساییشەی کە لە هەرێمی کوردستان هەیە".

گوتیشی: "ئاشكرایە لە کاتی هێرشی تیرۆریستانی داعش بۆ عێراق، هەرێمی كوردستان باوەشی بۆ پێشوازیکردنی لە ئاوارە مەسیحییەکان کردەوە و مافەکانیانی پاراست لە کاتێکدا لە زۆرینەی ناوچەکانی عێراق کڵێساکان تێکدران و سووتێندران و رووخێندران بەڵام بەپێچەوانەوە لە هەرێمی کوردستان کڵێساکان نۆژەن دەکرانەوە و دەپارێزران".


ڕوونیشیکردەوە: "هەندێک كەس و لایەن ناوی مەسیحییەکانیان بۆ مەرامی سیاسی و پاراستنی بەرژەوەندیی خۆیان بەکارهێناوە ئەمەش جێگەی نیگەرانیی ئێمەیە بەڵام راستییەکە ئەوەیە کە هێزە عێراقییەکان مەسیحییەکانیان نەپاراست و مەسیحییەکان کۆچیان بۆ هەرێمی کوردستان کرد و پێشمەرگە زۆرترین و گەورەترین ڕۆڵی هەبووە لە پاراستنی مەسیحییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان ئەوە بە هیچ شێوەیەک نکۆڵیی لێناکرێ".