پێکهاتەی مەسیحی لە عێراق لەدوای ئایینی ئیسلام بە دووەم گەورەترین پێکهاتەی ئایینی دادەنرێ لە عێراق و بەگوێرەی دەستووری عێراق دانپێدانراوە، دوای ئەویش پێکهاتەی ئایینی سابئە و ئێزدی و کاکەیی و بەهائی و زەردەشتی لە عێراق و هەرێمی کوردستاندا هەن.
پێکهاتەی مەسیحی یەکێ لەو پێکهاتە ئایینییانەیە، رۆژگارێکی درێژە لە عێراق دووچاری راوەدوونان و قەڵاچۆکردن بووەتەوە، بەتایبەتی دوای پرۆسەی ئازادیی عێراق، کە بووە هۆی کۆچکردنی ژمارەیەکی زۆر لە مەسیحییەکان لە عێراق.
داتا و لێدوانە جیاجیاکانی بەرپرسان و چالاکوانان ئەوە دەردەخەن، کە پێشتر لە عێراقدا زیاتر لە یەک ملیۆن و 500 هەزار مەسیحی لە عێراق و هەرێمی کوردستان ژیاون.
پێشتر بەڕێوەبەری کاروباری مەسیحییەکان لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی لە هەرێمی کوردستان ئەوەی بۆ راگەیاندنەکان ئاشکرا کردبوو، کە لە کۆی نزیکەی یەک ملیۆن و 800 هەزار مەسیحی لە عێراق و هەرێمی کوردستان، تەنیا نزیکەی 300 هەزار کەسیان ماونەتەوە و ئەوانی تر بەرەو هەندەران کۆچیان کردووە. روونیشی کردووەتەوە، کە ئەو کۆچکردنە ئەگەرچی لەدوای 2003دا دەستی پێکردووە، بەڵام لەدوای هاتنی داعش لە 2014 کۆچکردنی پێکهاتەی مەسیحی زۆر زیاتر بووە، ئەویش بەهۆی ئەو توندوتیژی و راوەدوونان و دەستبەسەرداگرتن و تەقاندنەوەی موڵک و ماڵ و کەنیسەکانیان، لەسەر دەستی رێکخراوی تیرۆریستی داعش.
بەڕێوەبەری کاروباری مەسیحییەکان لە وەزارەتی ئەوقاف ئەوەشی بۆ راگەیاندنەکان پشتڕاست کردبووەوە، کە زیاتر لە 1000 کەسی مەسیحی لەو کردەوە توندوتیژی و تیرۆریستییانەدا بوونەتە قوربانی و نزیکەی سەد کەنیسە و مەزارگەیان تەقێندراونەتەوە، یان بەهۆی بۆردومانەکان خاپوور بوونە. ئەوەشی ئاشکرا کردووە، کە نزیکە 400 هەزار مەسیحی بەرەو هەرێمی کوردستان کۆچیان کردووە، کە زیاتر لە 100 هەزار کەسیان تەنیا لە مووسڵ و دەشتی نەینەوا بووە و حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش باوەشی بۆ کردوونەتەوە و پێداویستییەکانی بۆ دابین کردوون، لەوانە ژمارەیەکیان لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان ماونەتەوە و ژمارەیەکیش لەوێوە بەرەو هەندەران دووبارە کۆچیان کردووە.
بەگوێرەی (بی بی سی نیوز)ی عەرەبی، ساڵی 2019 مەتران بەشار مەتی وەردە، سەرۆکی ئەسقەفی هەولێر، لە کاتی سەردانی بۆ لەندەن لە لێدوانێکدا ئاشکرای کردووە، مەسیحییەکانی عێراق دوای 1400 ساڵ راوەدوونان، خەریکە لەناودەچن.
لە لێدوانێکیدا ئەوکات گوتی، کەنیسەی عێراق یەکێکە لە کۆنترین کەنیسەکانی جیهان، بەڵام بەخێرایی خەریکی لەناوچوون و نەمانە و ئەوەی ماوەتەوە پێویستە وەک بەڵگە پارێزگاریی لێ بکرێ و بمێنێتەوە. گوتیشی، لەدوای رووخاندنی رژێمی سەدام حوسێن لە 2003، نزیکەی 85%ی مەسیحییەکانی عێراق کەمیان کردووە و ژمارەیان لەسەرووی یەک ملیۆن و نیو کەسەوە بۆ نزیکەی 300 هەزار کەس کەم بووەتەوە.
سەرۆکی ئەسقەفی هەولێر ئەوکات راشی گەیاند، دوای هێرشی رێکخراوی داعش لە 2014، ژمارەیەکی زۆری مەسیحییەکان خاکی باب و باپیرانیان بەجێ هێشتووە.
لە مووسڵ، کە ژمارەیەکی بەرچاو پێکهاتەی مەسیحی ژیاون، چوار کەنیسە نوێنەرایەتیی پێکهاتە جیاوازەکانی ناو ئاینیی مەسیحییان کردووە، ئەوانیش کەنیسەی سریانی کاسۆلیکی، کەنیسەی سریانی ئەرسۆدێکسی و کەنیسەی ئەرمەن ئەرسۆدێکسی و کەنیسەی کلدانی کاسۆلیکین، ئەمە جگە لەوەی بە دەیان کەنیسەی لە گەڕەک و قەزا و ناحییەکانی مووسڵ بۆ پێکهاتەکانی ناو ئەو ئایینە هەبوونە، بەڵام دوای هاتنی داعش، لەو شوێنانەی داگیری کرد، دەستی بەسەر ئەو کەنیسانەشدا گرت و کردنی بە شوێنی دادگایی‌کردنی خەڵک و بە گرتووخانە، لە پرۆسەی رزگارکردنی مووسڵیشدا، لە ئەنجامی بۆردومان و شەڕەکاندا و هەروەها بەهۆی دانانەوەی لوغم و تەقەمەنییەکان، زیانی زۆر بەو کەنیسانە کەوت و رووخان و خاپوور بوون، تەنیا هەندێک دیوار و قوبە و ژووری کەمیان ماونەتەوە و تا ئێستا هیچ مەراسیمێکیان تێدا ناگێڕدرێ.
ژمارەیەکی زۆر لەو مەسیحییانەی لە ترسی داعش و ئەو گرووپانەی بوونەتە هەڕەشە بۆ سەر گیان و ژیانیان، بەرەو هەرێمی کوردستان کۆچیان کردووە، لای خۆیەوە حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەناو کەمپەکان شوێن و پێداویستیی بۆ دابین کردوون و بەشێکیشیان لەناو شارەکاندا گیرساونەتەوە و بەشێکیشیان روویان کردووەتە هەندەران، ئەمە جگە لەو ژمارە زۆرەی ئاوارەی دیکەی پێکهاتە جۆراوجۆرەکانی عێراقی و سووری، کە بەهۆی شەڕی داعش و گرووپە چەکدارەکانی دیکە، ئاوارەی هەرێمی کوردستان بوونە و حکوومەتی عێراق خۆی لێ نەکردوون بە خاوەن و بارگراناییەکە هەمووی کەوتووەتە سەر حکوومەتی هەرێمی کوردستان و رێکخراوە خێرخوازییەکان.
سەبارەت بە لەخۆگرتنی مەسیحییەکان لە هەرێمی کوردستان، موڕاد وارتنایاب، كه‌سایه‌تیى مه‌سیحى و موختاری گوندی هه‌وریسك له قه‌زای سێمیل بۆ (باس‌نیوز) ڕای گه‌یاند، كه هه‌رێمی كوردستان، بووه‌ته لانه‌یه‌كی ئارام بۆ مه‌سیحییه‌كان و شوێنی پێكه‌وه‌ژیانی نه‌ته‌وه و ئایینه جیاوازه‌كانه، پێشی وایه سه‌ردانی پاپای ڤاتیكان بۆ هه‌رێمی كوردستان، پێشهاتێكی گرنگ و مێژووییه، به‌تایبه‌ت بۆ ئه‌وه‌ی پاپا بیبینێ له هه‌رێمی كوردستان چ پێكه‌وه‌ژیانێكی ئایینی و نه‌ته‌وه جیاوازه‌كان هه‌یه و كوردستان بووه‌ته وڵاتێكی ئارام بۆ هه‌موو كه‌سێك، نه‌ك هه‌ر بۆ مه‌سیحییه‌كان، كه له ناوه‌ڕاست و باشووری عێراقه‌وه ئاواره‌ی ئه‌م ده‌ڤه‌ره ده‌بن.
ئه‌و كه‌سایه‌تییه مه‌سیحییه، ئاشكراشی كرد، كه له ساڵی 1925ـه‌وه مه‌سیحییه‌كان رووبه‌ڕووی هێرش و په‌لامار و هه‌وڵی له‌ناوبردن بوونه‌ته‌وه و له سه‌رده‌می عوسمانییه‌كانه‌وه مه‌سیحییه‌كان بۆ پاراستنیان په‌نایان بۆ هه‌رێمی كوردستان هێنا و لێره پارێزران و له‌خۆ گیران و زه‌وی و شوێنیان بۆ دابین كرا و شوێنیان لێ ئاوا كرد.
لای خۆشیەوە، شۆڕش عەلی، قەشەی کەنیسەی ئینجیلی ئاشتی بە (باس‌نیوز)ی ڕاگەیاند: "ھەرێمی کوردستان، لانکەیەکی ئارامە بۆ ھەموو ئەو مەسیحییانەی کاتێک لێیان دەقەومێت و پەنا بۆ ھەرێمی کوردستان دەبەن، مەسیحییەکان بەبێ ترس و دڵەڕاوکێ دەتوانن درێژە بە ژیان بدەن و خوداپەرستی و عیبادەتی خۆیان بکەن".
گوتیشی: "ھەرچەندە مەسیحییەکانی وڵاتانی دەرەوە زۆر جار ڕووبەڕووی ترس و تۆقاندن و چاوسوورکردنەوە و پەلاماردان دەبنەوە، بەڵام لە سایەی خودا و حکوومەتی ھەرێمی کوردستانەوە، توانراوە مەسیحییەکان لە ھەموو حاڵەتێکی نەخوازراو بپارێزرێن، بێ گومان مەسیحییەکان ھەرێمی کوردستان بە ماڵی دووەمی خۆیان دەزانن".
قەشە شۆڕش عەلی ئاماژەی بەوەش کرد: "مەسیحییەکان ناتوانن بڕۆنە ئێران و تورکیا، بەڵام لە ھەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی زۆر ئازادانە خوداپەرستیی خۆیان دەکەن، بێ گومان ئەوەش مانای ئەوە دەگەیەنێت، ھەرێمی کوردستان شوێنی پێکەوەژیانی ئاشتییانەی ھەموو پێکھاتە و ئایین و ئایینزاکانە و مەسیحییەکانیش بە ھەموو شێوەیەک ھەوڵی پاراستنی ماڵی دووەمی خۆیان دەدەن، کە ئەو ماڵە ھەرێمی کوردستانە".
رێکخراوە مەسیحییەکان ئەوەیان ئاشکرا کردووە، کە بەر لەوەی رێکخراوی داعش ناوچەکە داگیر بکا، ژمارەی مەسیحییەکان لە دەشتی نەینەوا زیاتر لە 100 هەزار کەس بووە و 90%ی ئەو مەسیحییانە لە ترسی سەر و ماڵیان بەرەو هەولێر و دهۆک کۆچیان کردووە و هەندێکیشیان لەو ناوچانەدا مانەوە، کە لەژێر دەستی پێشمەرگەدان و پارێزراون، وەک ناحیەی قەرەقۆش و گوندەکانی دەوروبەری.
دوای پرۆسەی ئازادکردنی مووسڵ و دەشتی نەینەوا، بەشێکی کەم لە مەسیحییەکان گەڕانەوە شوێنەکانیان، بەڵام بەهۆی ئەو وێرانکارییەی بەسەر ماڵ و کەنیسە و شوێنەکانیاندا هاتبوو، هەروەها بەهۆی بوونی ئەو میلیشیایانەی دەستیان بەسەر ناوچەکەدا گرتبوو، لەگەڵ نەبوونی خزمەتگوزارییەکان، دیسان و لە کۆچی پێچەوانەدا روویان کردەوە ناوچە ئارامەکانی ژێر دەسەڵاتی پێشمەرگە و هەرێمی کوردستان، بۆ ئەوەی لە رووی ئاساییشەوە پارێزراو بن و بشتوانن کاروباری ژیانی رۆژانەی خۆیان بەڕێ بکەن.
ئەوەش ناشارنەوە، کە بەهۆی بوونی ئەو هەموو میلیشیا جۆراوجۆرانەی ناو حەشدی شەعبی لە ناوچەکەدا، کە هەریەکەی هەوڵی خۆسەپاندن دەدا، مەترسی پێکدادانی نێوانیان و ئاڵۆزیی زیاتر، وای لە پێکهاتەکانی مەسیحی و ئێزدی کردووە، کە نەتوانن لە ناوچەکانیان بمێننەوە، یان بۆی بگەڕێنەوە، بەڵکو مانەوەیان لەناو کەمپەکان و شوێنی نیشتەجێبوونیان لە هەرێمی کوردستان بە باشتر زانیوە.
مەسیحییەکان و رێکخراوەکانیان ئەوەش ناشارنەوە، کە هەوڵی زۆر هەیە بۆ گۆڕینی دیمۆگرافیای دەشتی نەینەوا و ئەو شوێنانەی دیکە، کە پێکهاتەی مەسیحیی تێیدا ژیاوە، بەتایبەتی لەدوای خیانەتی 16ی ئۆکتۆبەر، مەترسیی زیاتر کەوتووەتە سەر ئەو پێکهاتانە بە وەدەرنانیان و جێگیرکردنی خەڵکی دیکە لە شوێنیان، کە میلیشیاکان پاڵپشتییان دەکەن، لەمبارەیەوە رۆبینە تەیار، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە پێکھاتەی مەسیحی بە (باس‌نیوز)ی راگەیاند، لەدوای ساڵی 2013، دۆخی ناوچە كوردستانییەكان بەتایبەتیش مەسیحییەکانی ئەو ناوچانە رۆژ دوای رۆژ بەرەو خراپتر دەڕوات، بەتایبەتیش دوای خیانەتی 16ی ئۆکتۆبەر، جگە لەوەی مەسیحییەکان ناتوانن بۆ ناوچەکەی خۆیان بگەڕێنەوە و بە بەرنامە دیمۆگرافیای ناوچەکەمان دەگۆڕن، ئەمەش مەترسییەکی گەورەیە بۆ داھاتووی ئەم ناوچانە.
لەبارەی ئەو مەترسییانەی، کە دوای خیانەتی 16ی ئۆکتۆبەر بۆ سەر پێكهاتەی مەسیحی لە ناوچە كوردستانییەكان دروست بووە، رۆبینە رایگەیاند: ”بەدڵنیاییەوە ئەمە ھۆکار بوو بۆ زیاتربوونی ئاوارەیی و دەربەدەری و کۆچکردنی مەسیحییەكان بۆ ھەرێمی کوردستان، ئەو ڕووداوانە وایانکرد ئەو ناوچانە بەھۆی نەبوونی پێشمەرگە دۆخی ئەمنییان ناجێگیرە و مەترسیداریشە، تاکە چارەسەریش گەڕانەوەی پێشمەرگەیە“.
باسیشی لە سەردانەكەی پاپای ڤاتیکان كرد بۆ هەرێمی كوردستان و گوتی: ”ئەمە گرنگە، پەیامی ئاشتی و پێکەوەژیانی پێیە، ئەمە لەكاتێكدایە ھەرێمی کوردستان لەچاو شوێنەکانی دیکە ئەم پێکەوەژیانە لە ئاستێکی زۆر زۆر باشدایە“.
ئەو مەسیحییانە نایشارنە، بەهۆی نەبوونی دەسەڵاتێکی کارای حکوومەت و کارنەکردنی بۆ ئاوەدانیی شار و شارۆچکە و ماڵ و شوێنە ئایینی و کولتوورییەکانیان، بۆیە لەو دۆخەدا هیچ ئومێدێکیان بە گەڕانەوە بۆ شوێنەکانی خۆیان نییە و ئەوانەی گەڕاویشنەتەوە، هەندێکیان دووبارە بەرەو هەرێمی کوردستان، یان وڵاتانی ئەوروپا کۆچیان کردووەتەوە.
لەم بارەیەوە و لە کاتی هاتنی قەداسەتی پاپا بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان، فەرید یەعقوب، پەرلەمانتاری مەسیحی لە پەرلەمانی كوردستان، بە (باس‌نیوز)ی ڕاگەیاند، سه‌ردانی قەداسەتی پاپا بۆ عێراق و هەرێمی كوردستان زۆر گرنگە، دەبێ ئەو كەسانەی نزیكن لە پاپا، هەموو كێشەكانی مەسیحییەكانی بۆ ڕوون بكەنەوە، بەتایبەت لە كەركووك و شوێنەكانی تری عێراق، كە مەسیحی لێ دەژین.
گوتیشی، بەهۆی خراپیی دۆخی عێراقەوە، ژماره‌یه‌كی زۆری مەسیحییەكان بۆ دەرەوەی وڵات كۆچ دەكەن و حكوومەتی عێراقیش بە دادپه‌وه‌ری كار ناكات بۆ چارەسەركردنی دۆخی مەسیحییەكان، یاساكان وەك خۆیان بە شێوەی باش جێبەجێ ناكەن، بۆیە دەبینین دۆخی مەسیحییەكان نالەبارە و لەسایەی میلیشیاكانی حەشدی شەعبی لە شاری كەركووك، تەنانەت وەكوو پێویست ناتوانن مومارەسەی ئایینیی خۆشیان بكەن و بەهۆی ئایینەكەیانه‌وه دەكرێنە ئامانج.
وەک دەبینین قەداسەتی پاپا ئەمڕۆژانە سەردانی عێراق و هەرێمی کوردستان دەکا و کەنیسە و پێکهاتەکانی مەسیحی بەسەر دەکاتەوە، بۆ ئەوەی لەنزیکەوە ئاگاداری رەوشی مەسیحییەکان و بێ و زانیاریی لەسەر ئەو کارەساتانە هەبێ، کە بەسەریان هاتووە، لەم بارەوە لارا یووسف، به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه‌ی ئه‌لقووش، به (باس‌نیوز) ڕای گه‌یاند، كه پاپاى ڤاتیكان په‌یامی پێكه‌وه‌ژیان و ئاشتیی بۆ هه‌موو ئایین و نه‌ته‌وه‌كان هێناوه، گوتیشی: "ئه‌م سه‌ردانه زۆر گرنگه بۆ هه‌موو مرۆڤایه‌تی، به‌تایبه‌ت بۆ مه‌سیحییه‌كان، كه كاریگه‌رییه‌كی زۆری ده‌بێ بۆ مه‌سیحییه‌كان بۆ زیاتر پێوه‌ندیگرتن به وڵاته‌كه‌یانه‌وه".
ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، كه ئه‌و ماڵوێرانی و كاره‌ساتانه‌ی له شه‌ڕی داعش به‌سه‌ر مه‌سیحییه‌كاندا هاتووه و ماڵ و حاڵیان تێك دراوه و خه‌ڵك ئاواره بوونه و تا ئێستاش به‌شێكی زۆری مه‌سیحییه‌كان نه‌گه‌ڕاونه‌ته‌وه شوێنی خۆیان.
سه‌رنجی خسته سه‌ر ئه‌وه‌ش، كه پێی وایه سه‌ردانی پاپای ڤاتیكان ببێته هانده‌رێك بۆ ئه‌وه‌ی ناوچانه‌كانیان ئاوه‌دان بكرێته‌وه و ئه‌و ماڵوێرانییه‌ی هه‌یه نه‌مێنێ و پێكه‌وه‌ژیان و ئاشتی له هه‌موو شوێنێك به‌رقه‌رار بێ. دووپاتیشی كرده‌وه، كه سه‌ردانی پاپا بۆ مووسڵ و ناوچه‌كانی سه‌ر به مووسڵ، په‌یامێكی گرنگه بۆ مه‌سیحییه‌كان و مانه‌وه‌یان له‌جێی ڕه‌سه‌نی خۆیان.
شایانی باسە، کە پاپا فرانسیس، پاپای ڤاتیكان، ئێستا لە سه‌ردانی عێراق و سبەش سەردانی هەرێمی کوردستان ده‌كا و كه‌سایه‌تی و قه‌شه‌یه‌كی مه‌سیحییه‌كانی كوردستانیش جه‌خت ده‌كاته‌وه، پاپا له‌و سه‌ردانه‌یدا سوپاسی هه‌رێمی كوردستان ده‌كا.
قه‌شه د. عیماد خۆشاڤه، له كه‌نیسه‌ی به‌رانی له دهۆك به (باس‌نیوز)ـی ڕاگه‌یاند، سه‌ردانی پاپای ڤاتیكان بۆ هه‌رێمی كوردستان، به ئامانجی ئه‌وه‌یه سوپاسی هه‌رێمی كوردستان بكا، چونكه كوردستانییان و هێزی پێشمه‌رگه، رۆڵێكی یه‌گجار گه‌وره‌یان له پاراستنی گیانی مه‌سیحییه‌كانی كوردستاندا بینیوه.
ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، كه سه‌ردانی پاپا به به‌رنامه‌یه و هه‌ڕه‌مه‌كی نییه، ئه‌و جێیانه دیاری ده‌كا، كه گرنگن، "هه‌رێمی كوردستان شوێنی پێكه‌وه‌ژیان و لێبورده‌ییه، هه‌میشه سوپاسی هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ین و سه‌ردانی پاپای ڤاتیكان به ئامانجی سوپاسكردنی هه‌رێمی كوردستانه، چونكه له ڕه‌وشێكی ناخۆش و سه‌ختدا، كورد و كوردستانییان ده‌روازه‌یان بۆ مه‌سیحییه‌كان واڵا كردووه و هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان گیانی خۆی كردووه‌ته قوربانیی مه‌سیحییه‌كان و سه‌روه‌ت و سامانیشیانی پاراستووه".
پێشتر مه‌تران دیمترۆس سالاكاس، نوێنه‌ری كڵێسای كاسۆلیكی یۆنانی، له سه‌ردانی بۆ باڵوێزخانه‌ی عێراق له یۆنان و دیداری له‌گه‌ڵ باڵوێز بورهان جاف‌دا، سوپاسی خۆی ئاراسته‌ی هه‌رێمی كوردستان كرد بۆ پاراستنی مه‌سیحییه‌كانی عێراق، كه بووه په‌ناگه‌ی ئارام و پاراستنی نزیكه‌ی 20 هه‌زار هاووڵاتیی مه‌سیحی عێراق، ئه‌وانه‌ی ناچار به‌جێهێشتنی پارێزگای موسڵ كرابوون.
هەرچی سەبارەت بەو رۆڵە مەزنەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و پێشمەرگە لە پاراستنی سەر و ماڵی مەسیحییەکان و گرتنە خۆیان و پێدانی پۆست و بەرپرسیاریی بە مەسیحییەکان لەناو دامەزراوەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئەوا لە كابینه‌ی نۆیه‌می حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، پۆستی وه‌زاره‌تی گواستنه‌وه و گه‌یاندن به مه‌سیحییه‌كان دراوه و ئانۆ جه‌وهه‌ر ئه‌و ئه‌ركه‌ی وه‌رگرتووه، هاوكات چه‌ند به‌ڕێوه‌به‌ر و به‌ڕێوه‌به‌رێكی گشتیش له‌ناو وه‌زاره‌ته جیاوازه‌كاندا بۆ مه‌سیحییه‌كان ته‌رخان كرا.
وه‌حیده یاقۆ هرمز، که‌سایه‌تیی کریستیان و په‌رله‌مانتاری پێشووی پەرلەمانی کوردستان بە (باس‌نیوز)ی ڕاگەیاندبوو، كه پێدانی پۆستی وه‌زیری گواستنه‌وە و چه‌ند به‌ڕێوه‌به‌رێکی گشتی و چه‌ند پۆستێکی دیکه له كابینه‌ی نۆیه‌مدا بۆ مه‌سحییه‌کان گرنگه و جێگای دڵخۆشی و ده‌ستخۆشییه و ده‌مانگه‌یه‌نێته کوردستانێکی به‌هێز".
فه‌رید یه‌عقووب، په‌رله‌مانتاری لیستی رافیده‌ین له په‌رله‌مانی کوردستان بە (باس‌نیوز)ی ڕاگەیاندبوو، مه‌سیحییه‌کان خۆشحاڵ بوون به دانانی وه‌زیرێکی مه‌سیحی له کابینه‌ی نۆیه‌می حکوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و پشتیوانیی ئه‌و هه‌نگاوه ده‌که‌ین و پێمان وایه ده‌بێت مه‌سیحییه‌کان رۆڵی گرنگ ببینن له خزمه‌تکردنی خه‌ڵکی کوردستاندا". به گرنگیشی زانی، کۆمه‌ڵگەی نێوده‌وڵه‌تیش لەم سۆنگەوە زیاتر پشتیوانیی کابینه‌ی نوێی حکوومه‌تی هەرێمی کوردستان و پێکهاته‌کانی کوردستان بکات.
حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، رۆژی بۆنه و جه‌ژنی مه‌سیحییه‌كانی بۆ فه‌رمانبه‌رانی مه‌سیحی كردووه‌ته پشوو و خالید جەمال ئەلبێرت، بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری مەسیحییەکان لە وەزارەتی ئەوقافی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، رایگەیاندبوو، بە بڕیاری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، 1ی نیسانی ھەموو ساڵێک، بۆ فەرمانبەرانی ئاشووری و مەسیحی لە ھەرێمی کوردستان پشووی فەرمییە، جەژنی (ئەکیتۆ)ـیە و جەژنێکی کۆنی ئاشوورییەکانە.
رۆژی هەینی 5-3-2021، پاپا فرانسیس بە سەردانێکی مێژوویی گەیشتە بەغدا و بڕیارە لە رۆژی یەکشەممە 7-3-2021ش سەردانی هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان بکات.
بڕیاریشە لە میانی سەردانەکەیدا بۆ هەریمی کوردستان، پاپا فرانسیس سەردانی قەرەقۆش بکات.