چەند وێستگەیەک لە ژیانی پاپا فرانسیس
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

چەند وێستگەیەک لە ژیانی پاپا فرانسیس

- پاپا فرانسیس، ناوی خۆرخی ماریۆ بیرجۆلیۆ، لە 17/12/1936 لە (بوینس ئایرس Buenos Aires)ی پایتەختی ئەرجەنتین لە دایک بووە و باوکی ناوی (ماريۆ خۆسيه بيرجۆليۆ) و دایکی ناوی (ريجينا سيفۆری ماريا)یە و چوار برای لەخۆی بچووکتری هەیە.

- ناسناوی فرانسیسی بەهۆی کاریگەریی مامۆستای کەنیسەی زانکۆ، فرەنسیس ئاسیزی (فرانسیسکۆ دی ئاسیس)ی بۆ خۆی هەڵبژاردووە، کە کەسێکی سادە و ئاشتیخواز و داکۆکیکاری هەژاران بووە.

- جێنشینی پوترس و ئەسقەفی رۆمایە و چەندین پۆستی دیکەیشی هەیە، لەوانە گەورە و سەرۆکی فاتیکان.

- لە ژیانیدا چەندین پۆستی پێ دراون، لەوانە: راگری کۆلێژی فەلسەفە و لاهووت لە 1980- 1986.پۆستی یاریدەدەری ئەسقەف لە 1992- 1997. پۆستی ئەسقەفی کاسۆلیکی لە 1992. پۆستی مەتڕان لە 1998. بەرپرسی کەنیسەکانی رۆژهەڵات لە ئەرجەنتین لە 1998 - 2013. پلەی کاردیناڵ لە ساڵی 2001 لەلایەن یۆحەننا پۆلسی دووەمی پێ بەخشراوە. سەرۆکی ئەنجوومەنی ئەسقەفەکانی کاسۆلیک لە ئەرجەنتین لە 2005 - 2011. یاریدەدەری ئەسقەف لە 1992 - 1998. سەرۆکی ئەسقەفەکانی (بوینس ئایرس Buenos Aires)ی پایتەخت و گەورەترین شاری ئەرجەنتین بووە لە 1998- 2013.

- لە 13ی مارسی 2013 وەک 266ەمین پاپای کەنیسەی کاسۆلیکی هەڵبژێردراوە و لە 19ی مارسی 2013 بە فەرمی و لە ئاهەنگێکی تایبەت و لە جەژنی قەداسەتی یوسف وەک پاپا دەستبەکار بووە.

- یەکەم پاپایە لەدەرەوەی ئەوروپا بۆ ئەو پۆستە هەڵبژێردرابێ، کە خەڵکی ئەرجەنتینی باشووری ئەمریکایە.

- بە کەسێکی خاکەڕا و سەرکردەیەکی ئایینی ناسراوە، هەروەها پاڵپشتیی بزووتنەوە مرۆڤایەتییەکانە و کار بۆ هێنانەدیی دادی کۆمەڵایەتی دەکا و هانی پێکەوەژیان و سازانی نێوان پێکهاتە و کولتوورە جیاوازەکان دەدا.

- رەگەزنامەی ئەرجەنتینی و فاتیکانی هەیە.

- پەیڕەوی کەنیسەی رۆمانیی کاسۆلیکییە.

- بەشی کیمیای لە زانکۆی بوینس ئایرس خوێندووە.

- دکتۆرای لە زانستی لاهووتدا هەیە، کە هاوتای دکتۆرایە لە بواری فەلسەفەدا.

- پاپا فرانسیس سەرباری ئەوەی زانای ئایینی و رێبەری کەنیسەی کاسۆلیکییە و بڕوانامەی لە کیمیادا هەیە، لە هەمانکاتدا نووسەرە.

- زمانی سەرەکیی پاپا فرانسیس ئیسپانییە، لەپاڵ ئەم زمانەی دایک، زمانەکانی ئیتاڵی، لاتینی، ئەڵمانی، فەرەنسی، پورتوگالی و ئینگلیزی دەزانێ.

- ساڵی 2013 وەک کەسایەتیی ساڵ دەستنیشان کراوە.

- ساڵی 2016 خەڵاتی کارلسبرێز (Karlspreis)ی پێ دراوە، کە خەڵاتێکە ساڵانە بەو کەسانە دەدرێ، کە خزمەتیان بە ئەوروپا و یەکێتیی ئەوروپا کردووە.

- میدیالیای (زەردەخەنە Order of the Smile)ی دراوەتێ، میدالیایەکی نێودەوڵەتییە و بەو کەسانە دەدرێ، کە بەشدارن لە چاودێریی منداڵ و پێدانی کۆمەک و خۆشەویستیی پێیان.

- لە تەمەنی لاویدا خولیای سەما و مۆسیقای کلاسیکی ئەرجەنتین و ئۆرۆگوای هەبووە، کە بە میلۆنجا ناسراوە.

- یەکێ لە وتە بەناوبانگەکانی پاپا فرانسیس، دەڵێ: ”گەلەکەم هەژارە و منیش یەکێکم لەوان“.