هێشتا خۆشی دەوێ، بەڵام تۆڵەی لێ دەکاتەوە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

هێشتا خۆشی دەوێ، بەڵام تۆڵەی لێ دەکاتەوە

 

تەمەنی ٤١ ساڵە و خەڵكی دەروبەری شاری هەولێرە. خاوەن بڕوانامەی دکتۆرایە لە یەک لە زانستە مرۆییەکان، ئەوەی بۆ کەس جێی باوەڕ نییە ئەوەیە، کە ئەم ژنە توندوتیژیی بەرامبەر دەکرێت.

سەرەتا پێی وابووە، کە دەتوانێ خۆی کێشەی خۆی چارەسەر بکات، بۆیە داوای یارمەتیی لە کەس نەکردووە، ئێستا لەبەرئەوەی خۆی کەسایەتییەکی دیارە و کار لەسەر حاڵەتەکانی توندوتیژی دەکات، پێی شەرمە کەس بزانێ کێشەی هەیە.

قومری، ناوی خوازراوی ئەم خانمەیە، بەپێی پێوەری باوی کۆمەڵگە، ئێستا قەیرە کچە، ئەگەرچی ئەو دەڵێت: "من بۆم گرنگ نییە کێ چۆن سەیری من دەکات، لەبەرئەوەی کەسایەتیم لەو ئاستەدا نییە کەس بتوانێ کاریگەریی نەرێنیی لەسەرم هەبێت، بەڵام ئەوەی خەریکە من دەڕووخێنێ ئەو پیاوەیە، کە ساڵانێکی زۆر خۆشمویست و چاوەڕێی بووم".

قومری لە قۆناغی دووەمی زانکۆدا کوڕێکی هاوپۆلی خۆی خۆشویستووە، تا ئاستێک هۆگری بووە، کە نەیتوانیوە بەبێ ئەو بژی: "بە رادەیەک ئەو کوڕەم خۆش ویست، کە نەمدەتوانی بەبێ ئەو هەناسە بدەم، هەموو ژیانم ئەو بوو، هەرچی داوا بکردبایە جێبەجێم دەکرد".

سەرەتا پلانی قومری و خۆشەویستەکەی ئەوە بووە، کە دوای تەواوبوونی خوێندنی زانکۆ، هاوسەرگیری بکەن، بەڵام کوڕەکە دواتر داوای کردووە ماستەریش بخوێنن، ئەوسا بچنە ناو پرۆسەکەوە: "رۆژم دەژمارد تا خوێندنی زانکۆ تەواو بکەین و بڕۆینە ماڵێک پێکەوە بژین، بەڵام کاتێک خوێندنی زانکۆ تەواو بوو، ئەو داوای کرد، دوای تەواوبوونی ماستەر هاوسەرگیری بکەین، ئەوەش بۆ من زۆر سەخت بوو".

قومری دەگێڕێتەوە: "بمردبمایە پێم ئاسانتر دەبوو نەک داوا بکات دوو ساڵی تر چاوەڕێی بکەم، بەڵام چاوەڕێم کرد، ئەگەرچی زۆر گومانم لا دروست بوو".

ئەو کچە دەڵێت، خوازبێنیم زۆر بوو، هەموان پێیان ئاسایی نەبوو، کە هەموو کەس رەت دەکەمەوە، کەسیش نەیدەزانی کە من کەسێکی هێندە خۆشەویست لە ژیانمدا هەیە: "دوای تەواوبوونی خوێندنی ماستەر، ئەمجارە داوای کرد دکتۆرا بخوێنین، ئەگەرچی شەڕمان زۆر بوو و لێی تووڕە بووم، بەڵام نەمتوانی وازی لێ بێنم، لەکاتێکدا سوور دەمزانی فێڵم لێ دەکات و بە کارم دەهێنێت".

قومری بەپێی شارەزایی و تایبەتمەندیی خوێندنی، شیکردنەوەی بۆ کەسایەتیی خۆشەویستەکەی کردبوو، بەڵام ئەوەی جێی سەرسوڕمانە ئەوەیە، کە نابێتە هۆی ئەوەی لێی دوور بکەوێتەوە: "ئەو کوڕە منی خۆشدەویست، بەڵام چێژی لەو عەشقبوون و زەلیلبوونەی من وەردەگرت. دەیویست من لە ژیانیدا هەبم. هاوکات لەگەڵ کچی تریش پەیوەندیی سۆزداریی هەبێت. کەسێک هەبێت بەو پەڕی تاسەوە چاوەڕوانی بکات، ئەویش بۆی گرنگ نەبێ".

کاتێک قومری دەگاتە ئەو شیکردنەوەیە، لەجیاتی ئەوەی لێی دوور بکەوێتەوە، بڕیار دەدات کێشەکە چارەسەر بکات: "هەوڵم دا تێی بگەیەنم، کە ئەوەی دەیکات هەڵەیە، لەگەڵ ئەوەشدا کەسی تر وەک من ئەوی بە راستگۆیی خۆشناوێ، بەڵام سوودی نەبوو، بە هەردووکمان پارەمان خستبووە پڕۆژەیەک، بۆ ئەوەی خانوو و ناوماڵی پێ بکڕێن، بەڵام ئاگام لێ بوو پارەی دەشاردەوە. زۆر هەوڵم دا و چاوەڕێم کرد سوودی نەبوو، ئەو هەر بەردەوام بوو لە بەکارهێنانی من".

قومری ئێستا بەهۆی ئەو پەیوەندییەوە هاوسەرگیریی نەکردووە و زۆر دەرفەتی لەدەست خۆی داوە: "بەهۆی ئەو عەشقە بەهێزەی کە بۆ ئەو کوڕە هەمبوو، زۆر دەرفەتی زێڕێنم لەدەست دا. خاڵی لاوازی من ئەوە بوو کە نەمدەتوانی بەبێ ئەو بژیم. ئەویش ئەمەی قۆستەوە. کاتێک من بەهۆش هاتمەوە، تەمەنم سی و نۆ ساڵە. بۆیە دەبوایە بڕیارێک بدەم".

قومری وێڕای هەموو خراپییەکانی ئەو کوڕەی خۆشی دەوێت، بڕیار دەدات بۆ دواجار هەوڵ بدات چاک بێت، بۆ ئەو مەبەستەش دانیشتنێکی لەگەڵ ساز دەکات: "من شوقەیەکم هەبوو ئەو تێیدا دادەنیشت. هەر لەوێش یەکترمان دەبینی، کاتێک چووم بۆ ئەو دانیشتنە، هەموو گیانم دەلەرزی، دڵم نەیدەویست، بەڵام عەقڵم گەیشتبووە دوا بڕیار، سەرەتا کە بینیم باوەشێکی گەرمم پێدا کرد، چونکە پێم وابوو ئەوە دوا باوەشمانە".

کاتێک قومری و خۆشەویستەکەی گفتوگۆ دەکەن، قومری زیاتر تووشی شۆک دەبێت: "من هەموو هەڵەکانی خۆیم بە خاڵ پێ گوت، پێشم گوت، کە ئاگادارم پەیوەندیی لەگەڵ چەند کچی تر هەیە، بەڵام ئەو لە وەڵامی هەموو ئەو هەوڵ و خۆشەویستن و راستگۆییەی من گوتی، خۆت شێت مەکە بە ئاوا بەردەوام بین، تۆ ناتوانی بەبێ من بژی، دەتوانم مارەت بکەم بەڵام هەر لە ماڵی جیا دەژین، بۆیە هەر لەوێ بڕیاری خۆم دا".

قومری سەرەتا ئەو پڕۆژە هاوبەشەی کە هەیانبووە هەڵدەوەشێنێتەوە، دواتر لە شوقەکەی خۆید دەری دەکات: "کاتێک من پارەکەی خۆم کشاندەوە و لە شوقەکە دەرم کرد، باوەڕی نەدەکرد و شۆک بووبوو، بەڵام تەنیا دوای یەک ساڵ گەیشتە ئاستێک، کە نەیتوانی هیچ کارێک بکات، ئێستا کەسێکی بێ ئیش و کار و شکستخواردووە".

قومری نایشارێتەوە کە: "تا ئێستا خۆشمدەوێ، لەگەڵ ئەوەش پەیوەندیمان نەماوە و ناتوانم کەسی ترم خۆش بوێ، راستە ئەو دەرفەتی هاوسەرگیری و دروستکردنی خێزانی لەدەست دام، بەڵام منیش وام کردووە، ئێستا ئەو پارەی کڕینی یەک شەربەت لە گیرفانیدا نییە".