ئەرێ كەی واز لە بوغز و رق و كینە دەهێنن؟!
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x
هەرمن ئەحمەد 06/03/2021

ئەرێ كەی واز لە بوغز و رق و كینە دەهێنن؟!

بەداخەوە گرووپێك خەڵك هەن لە کۆمەڵگای ئێمەدا، بە جەستە و تەمەن گەورە دەبن، لێ عەقڵ و ئاوەزیان، دیدیان بۆ ژیان و بۆ رووداوەكانی دەوروبەر و بۆچوونیان لەسەر پرسە گرنگەكان، وەك خۆی بە بچووکی و بێ هیچ پێشڤەچوون و گۆڕانكارییەك دەمێنێتەوە و گەشە ناکات، هیچ ئامادەییەكیشیان تێدا نیە بۆ گەورەبوون.

سروشتی مرۆڤ دەبێ وا بێ كە به‌ تێپه‌ڕبوونی ساڵ و زەمەن و تەمەن، گه‌شه‌ی جه‌سته‌ و هزر و بیركردنه‌وه‌ی مرۆڤه‌كان گه‌وره‌ ببێت، فراوانتر بیر بکەنەوە، هه‌ندێ كردار و ڕه‌فتاری هه‌رزه‌كارانه‌ هه‌یه كه‌ له‌ ته‌مه‌نێكی دیاریكراودا كراوه ده‌بن به‌ ئەزموون، دەبن بە هەوێنی گۆڕانكاریی ئاوەزی، دەبن بە ڕابردوو، بۆیە كاتێك‌ ته‌مه‌ن به‌ره‌و هه‌ڵكشان ده‌ڕوات، حگە لە بیرەوەرییە شیرینەكانی ژیان، ئیدی حه‌ز ناكه‌یت بیر له‌ هەندێ بۆچوونی رابردووت بكه‌یته‌وه، كە سوور دەزانی هەڵە بوون.

هه‌ڵبه‌ته‌ قسه‌یه‌ك هه‌یه‌ ده‌گوترێ خه‌ڵك ئازاده‌ چۆن بیر ده‌كاته‌وه،‌ به‌ڵێ منیش هه‌ر وا ده‌ڵێم، به‌ڵام ناكرێ له‌سه‌ر بنه‌مای ئازادییەك كه‌ بۆ خۆتی به گرنگ و موقەدەس و ‌ڕه‌وا داده‌نێی، ئازادیی به‌رامبه‌رت پێشێل بكه‌یت، ناكرێ به ‌ناوی ئازادیه‌وه‌ سووكایه‌تی به ‌هه‌ر كه‌سێك بكه‌یت كه‌ له‌گه‌ڵ بیروڕا و دەربڕینه‌كانی تۆدا یه‌ك نەگرێتەوه‌.

له‌ كۆی گشتیدا، شتێك نیه‌ به‌ ناوی ئازادیی رەها بۆ مرۆڤ، هه‌ر ئه‌و كورد و كوردستانیانەی كه‌ له وڵاتە ڕۆژئاواییە دیموكراسی و پێشكەوتووەکان بەگشتی و ئه‌ورووپا ده‌ژین، پرسی سه‌ری زمانیان و بنی زمانیان ئەوەیە كە باس له‌ ئازادیی رادەربڕین ده‌كه‌ن، خۆشیان باش ده‌زانن ئازادییه‌كانی ئه‌وان لەو وڵاتانەی تێیدا دەژین، بە یاساكانی ئەو وڵاتانە سنووردار كراوه‌، من لەوان دەپرسم: له‌ كوێدا بووه‌ به ‌دڵی خۆت سووكایه‌تی به‌ پیرۆزییه‌كانی نیشتمان بكەیت و لێشت قبووڵ بكرێ؟

هه‌ڵبه‌ته‌ ئه‌وانه‌ی له‌ڕێگه‌ی لایڤه‌كانی تۆڕه ‌كۆمه‌ڵایتیه‌كانه‌وه‌ سوودیان وەرگرتووە بۆ پەخشكردن و گەیاندنی پەیامەکانیان به‌ ئازادانه لە چواچێوەی ژوورێکی داخراودا، به ‌زمانی دایك قسه‌ بۆ شه‌قامی كوردی ئه‌كه‌ن، بەشێكن لەو كەسانەی من دەمەوێ باسیان بكەم. دەپرسم ئاخۆ كامیان بوێریی ئه‌وه‌یان تێدایە‌ بە زمانی ئەو وڵاتە و دژی ئه‌و وڵاته‌ی كه‌ تێیدا دەژین، رێكلام بۆ توندڕەوی بكەن؟ كامیان دەتوانن بەو زمانانە سنووری بەرژەوەندییە ئەمنیەكانی ئەو وڵاتانە ببەزێنن؟

ھەڵبەتە من قسەم لەسەر رەخنەگرتن نیە، رەخنەش بە پرۆسەیەكی باش دەبینم بۆ بنیاتنانێكی دروست، مرۆڤ لە ھەر شوێنێک بژی، دەبێ ئازادیی رەخنەگرتنی هەبێت، به‌ڵام ناتوانێ و بۆی نیە ته‌شهیر و سووكایه‌تی بە خەڵكی تر بكات و ئازادی و مافەكانیان پێشێل بكات، ھەڵبەتە خەمەكە لەوەدایە كە ئەوانەی هەر خەریكی وتی وتی و جنێودان و سووكایەتین، تەنیا قسەی ناشرین بە كورد و كوردستانیان و كەسایەتیە كوردەكان و سەركردە كوردەكان و ئاڵای كوردستان و كۆمەڵگەی كوردی و زمان و فەرهەنگی كوردی دەڵێن، جارێ لە جاران نابینین دوو قسەی ناشرین و زبر بە نەیاران و دوژمنانی كورد و كوردستان و خائینان بڵێن.

ناكۆكیخوازه‌كان كار بۆ ناشرینكردنی ئەزموونی كوردستان دەكەن، بەدڵنیاییەوە ئەم ئەزموونە هەڵە و كەموكورتیی زۆری هەیە، بەڵام هەرێمی كوردستان وەك قەوارە، نابێ بكەوێتە بەر نەشتەری جنێو و سووكایەتی، ئەمە تەنیا لەنێو كورددا هەیە. ناكۆكیخوازەكان كار له‌سه‌ر گرژیی په‌یوه‌ندییه‌ دیبلۆماسیه‌كان ده‌كه‌ن، ئاڵۆزی و قەیرانەكان ده‌قۆزنه‌وه‌ بۆ سوودوه‌رگرتن له‌ گه‌یاندنی په‌یامه‌كانی خۆیان.

بۆ نموونه‌ هه‌ر یادێك یان بۆنەیەکی نەتەوەیی و نیشتمانی لە كوردستان دێته‌ پێشه‌وه‌، كۆمه‌ڵێك كه‌س ئیدی سیاستمه‌دار بن یان دەركەوتووەكانی سۆشیال میدیا، دەكەونە سووكایەتی بە هەموو موقەدەساتی كورد و كوردستانیان، هه‌رچه‌ند گه‌یشتوومه‌ته‌ ئه‌و قه‌ناعه‌ته‌ی كه‌م لەوانە له‌سه‌ر بنه‌مای به‌دواداچوون و پشت بەستن به ‌سه‌رچاوه‌، ره‌خنه و گوتاریان پەخش دەكەن، زۆربەی هەرە زۆریان لەسەر یەك بنەما قسە دەكەن، ئەویش رق و بەغز و كۆنەقینە، ئیدی لەسەر ئەم بنەمایە، لەم سەنگەرەوە جنێو بەو سەنگەر دەدەن یان بە پێچەوانەوە.

له‌ سه‌روبه‌ندی چل و دووهه‌میین ساڵوەگەڕی كۆچی دوایی سەركردەی مێژوویی كوردستان بارزانیی نه‌مردا، موتابەعەی سۆشیال میدیای كوردیم كرد، دڵخۆش بووم كە كەسانێكی زۆر بە ئەمەك و وەفاداری و رێز و نوازشەوە یادی ئەو سەركردەیەیان كردەوە، كە هەموو تەمەنی خۆی بە چیاكانی كوردستانەوە بۆ ئازادیی كوردستان بەسەر برد، هیچ بەشێكی كوردستانی مەزن نییە، بارزانی خەباتی بۆ ئازادیی كوردستانیان تێدا نەكردبێت.

تەنیا ئەو ڤیدیۆ و فۆتۆیانەی كە گوزارشت لە كاریزما و گەورەیی ئەو سەركردەیە دەكەن، بەسن بۆ ئەوەی هەر كوردێك شانازیی پێوە بكات، جا ئیتر پارتی بێت یان نەیاری پارتی، حكوومەتی هەرێمی خۆش بوێت یان دژی بێت، ئیسلامی بێت یان عەلمانی، كەچی مەخابن هێشتا كەسانێكی كورد رێگەیان بە خۆیان دا لەسەر بنەمای بوغز و رق و كینەی خۆیان، بە خراپی باسی ئەم سەركردەیە بكەن، ئەمە ئەوپەڕی بێوەفایی و بێنەزاكەتیە بەرامبەر كەسێك كە ژیانی بۆ ئازادیی تۆ تەرخان كرد.

بارزانی زیاتر لە نیو سەدە خەباتی كردووە، مێژووی ئێمەی درەوشاندووەتەوە، مێژووی بارزانی پڕه‌ له‌ سه‌روه‌ری و شۆڕش و به‌رخودان و خۆنەچەماندن، هه‌ڵبه‌ته‌ ئاساییه‌ نه‌یاری هه‌بێت، به‌ڵام با نه‌یاره‌كانی بارزانی داگیركەران و دوژمنه‌كانمان بن، نەك هاوزمانه‌كانمان.
ئەرێ تۆی كورد، كەی واز لەم بوغز و رق و كینەیەت دەهێنیت؟ كەی دێیتەوە سەنگەری میللەتی خۆت؟ كەی گۆڕانكارییەك بەسەر ئاوەز و بیركردنەوەی خۆتدا دەهێنیت؟ دەستت لێ بشۆین یان جارێ لە جاران بە خۆتدا دەچیتەوە!