له مێژووی مرۆڤایه‌تیدا زۆرن ئه‌و نه‌ته‌وانه‌ی شه‌ڕێكی خوێناوییان له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی خۆیاندا كردووه بۆ ئه‌وه‌ی مافه‌كانیان دابین بكرێت. شه‌ڕی نێوان نه‌ته‌وه‌یه‌كی دیاریكراو و ده‌وڵه‌ت به‌رده‌وام بوونی هه‌بووه، به‌ڵام زۆرێك له‌و شه‌ڕانه به ئاشتی كۆتاییان پێ هاتووه و زۆرێكیش تاكوو ئێستایش كێشه‌كانیان به‌بێ چاره‌سه‌ری ماوه‌ته‌وه.
لە تورکیا هه‌ر كه باسی كێشه‌ی كورد ده‌كه‌ین و باس له چۆنیه‌تیی چاره‌سه‌ركردنی ئەو كێشه‌یه دێتە بەرباس، پرسی چاره‌سه‌ری شێوازی ئیرله‌ندای باكوور و باشووری ئەفریقامان وه‌كوو نموونه بۆ ده‌هێنرێته‌وه هه‌روه‌ها نموونه‌ی كۆلۆمبیایش كه ماوه‌ی 50 ساڵ شه‌ڕی له‌گه‌ڵ ڕێكخراوی فاركدا كرد و نموونه‌یه‌كی دیكه‌یه دێته به‌رباس، بەڵام نابێت له‌بیرمان بچێت كه هه‌موو ئه‌و نموونانه‌ی باس كران له‌ڕووی جیۆپۆلیتیكی و مێژوویی و جوگرافی و كولتوورییه‌وه جیاوازییان هه‌یه له‌گه‌ڵ توركیا.
له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌و جیاوازییانه‌دا پرسیار ئه‌وه‌یه ئایا هیچ رێگه‌یه‌ك نییه بۆ چارەسەركردنی كێشه‌ی كورد له توركیا؟ ئایا چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی (كۆلۆمبیا و فارك، ئیرله‌ندای باكوور و به‌ریتانیا و ئه‌فریقای باشوور) سوودی بۆ توركیاش نابێت تا ئه‌ویش ئاشتییه‌كی سه‌رتاسه‌ری بهێنێته بوون و كێشه‌ی كورد به یه‌كجاری چاره‌سه‌ر بكرێت؟
ئێمه ده‌كرێت نموونه بهێنینه‌وه به‌وه‌ی له مێژووی مرۆڤایه‌تیدا چۆن كێشه‌ی نێوان نەته‌وه و ده‌وڵه‌ت چاره‌سه‌ر كراوه و لەڕووی ژماره‌وه چ ئه‌نجامێكی به‌ده‌ست هێناوه.
هارون ئه‌رجان نووسه‌ری دیاری توركیا له وتارێكدا لەباره‌ی (كێشه‌ی كورد و چارەسەر) ئاماژه‌ی به چه‌ند ئامارێك كردوه به‌وه‌ی چۆن شه‌ڕی نێوان ده‌وڵه‌ت و نەتەوه، یاخود رێكخراوێكی چه‌كداری چاره‌سه‌ر كراوه.
له ساڵی 1954 تاكوو 2007 شه‌ڕی نێوان نه‌ته‌وه و ده‌وڵه‌ت و ده‌وڵه‌ت و رێكخراوێكی چه‌كداری 234 شه‌ڕ هه‌بووه، له‌و رێژه‌یه 52% له‌ڕێگه‌ی سه‌ربازی، یاخود شه‌ڕه‌وه كۆتایی به كێشه‌كان هاتووه، به‌ڵام 112 شه‌ڕی نێوان ده‌وڵه‌ت و نه‌ته‌وه به ئاشتی و پرسی چاره‌سه‌ری كۆتایی هاتووە، به‌ڵام هه‌موو ئه‌و شه‌ڕانه‌ی به ئاشتی چاره‌سه‌ریان بۆ دۆزراوه‌ته‌وه، هه‌موویان ئاشتییه‌كی راستی و سه‌رتاسه‌رییان به‌دوای خۆیاندا نەهێناوه، به‌ڵكوو زۆرێك له رێككه‌وتنه‌كان دووباره شه‌ڕی ههڵگیرساندوهتهوه، له‌و 112 رێككه‌وتنه‌ی باسمان كرد، 65یان لەڕێگه‌ی سه‌ربازییه‌وه كۆتایی پێ هاتووه و پاشان بۆ ئه‌وه‌ی شێوازێكی سیمبۆلی وه‌ربگرێت، ئیمزای ئاشتی له نێوان دوو لایهنەكه كراوه، به‌ڵام 47 شه‌ڕی نێوان ده‌وڵه‌ت و نه‌ته‌وه له‌ڕێگه‌ی ئاشتییه‌كی سەرتاسەرییەوە و حهقیقییەوە كۆتایی پێ هاتووه، به‌ڵام به‌داخه‌وه له‌و 47 رێككه‌وتنه دوای ماوه‌یه‌ك 25 یان دووباره ههڵگیرساونهتهوه و لایه‌نێك له لایه‌نه‌كان ڕێككەوتنەكهی شكاندووه، كه‌واته ئه‌گه‌ر بڵێین له دنیادا چه‌ند نموونه‌ی چاره‌سه‌رمان هه‌یه كه له نێوان ده‌وڵه‌ت و نه‌ته‌وه یاخود ده‌وڵه‌ت و رێكخراوێكی چه‌كداری ئەنجام درابێت، ده‌كرێت بڵێین 22 نموونه كه ئه‌مه‌یش كه‌م نییه تا توركیا و په‌كه‌كه سوودی لێ وه‌ربگرن.
كه‌واته به گوێره‌ی ئه‌و ئامارانه بێت كه خستمانه به‌رده‌ستتان بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت كه ئاشتییه‌كی حه‌قیقی و سه‌رتاسه‌ری ئه‌وه‌نده ئاسان نییه و له توركیایش ئه‌گه‌ر به‌و پڕۆسه‌یه‌دا بڕۆین چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی كورد به‌و شێوه‌یه ئاسان نابێت، به تایبه‌ت له سه‌رده‌می ئاكپارتیدا كه پێشتر هه‌موومان ده‌زانین حكوومه‌ته یه‌ك له دوای یەكەكانی توركیا به‌رده‌وام ئینكاری بوونی كوردیان كردووه و هه‌میشه كوردیان وه‌كوو مرۆڤی پله 3 و 4 نیشان داوه، تا هاتنه سه‌ر ده‌سه‌ڵاتی ئاكپارتی كه به شێوه‌یه‌ك له شێوه‌كان دانی به بوونی كورددا نا له توركیا، هه‌روه‌ها ڕاسته‌وخۆ له‌گه‌ڵ په‌كه‌كه كەوتنه كفتوگۆ بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی كورد و پاشان پرسی چاره‌سه‌ری خرایه بەرباسهوه.
راسته ئێستا ئه‌و پرسه لە گۆڕێ‌دا نه‌ماوه، ره‌نگه ئێستا زۆرێك له خوێنه‌ران بڵێن شتێك لە ئارادا نه‌مابێت بۆچی باسی لێوه بكرێت؟ به‌ڵام ئه‌گه‌ر سه‌رنج بده‌ینه لێدوانه‌كانی ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان و كاربه‌ده‌ستانی حكوومه‌تی ئاكپارتی ئه‌وان دەڵێن پرسی چاره‌سه‌ری كۆتایی نه‌هاته‌وه، به‌ڵكوو له‌ناو سه‌لاجه هه‌ڵمانگرتووه، كە واته شتێك له‌ناو سه‌لاجه هه‌ڵگیرابێت تێك ناچێت و ده‌كرێت رۆژێك له رۆژان دەربهێنرێت و سوودی لێ وه‌ربگیرێت.
ئه‌و وڵاتانه‌ی كه چاره‌سه‌ری شه‌ڕی نێوان ده‌وڵه‌ت و نه‌ته‌وه _ ده‌وڵه‌ت و رێكخراوێكی چه‌كدارییان كردووه، پابه‌ند بوونه به 3 خاڵ كه ده‌كرێت بۆ توركیایش سوودی لێ وەربگیرێت، به پێچه‌وانه‌وه شتێك به‌ناوی ئاشتی و چارهسهرەوە نامێنێتەوە.
هه‌ردوو لایه‌ن به دوای هۆكاری به‌رپابوونی شه‌ڕی چه‌كداریدا گه‌ڕاون و ئیراده‌یان هه‌بووه تا له ره‌گه‌وه ئه‌و شه‌ڕه چه‌كدارییه هه‌ڵبكه‌نن و به شێوه‌یه‌كی (اجماع)ـیش بڕیاریان داوه چۆن شه‌ڕی چه‌كداری له ره‌گه‌وه چارەسەر بکەن.
له دوای ئیمزاكردنی رێككه‌وتنی ئاشتییه‌كی سه‌رتاسه‌ری، رژێم گۆڕانی به‌سه‌ردا هاتووه و سه‌رله‌نوێ داڕێژراوه‌ته‌وه، هه‌روه‌ها هه‌ردوو لایه‌نی شه‌ڕ رێك كه‌وتوون لەسەر چۆنیه‌تیی گۆڕینی ده‌ستووری وڵات كه ئه‌ویش هه‌ر پاڵپشتییه‌كی گه‌وره بووه بۆ چاره‌سه‌ركردنی شه‌ڕی نێوان دوو لایه‌ن.
بۆ ئه‌وه‌ی ئاشتییه‌كه‌ی نێوانیان به كۆمه‌ڵایه‌تی بكرێت و ئیدی ئاشتییه‌كه بەردوامی بێت و شه‌ڕ هه‌ڵنه‌گیرسێته‌وه، به قۆناغێكی زۆر دادپه‌روه‌رانه‌دا تێپه‌ڕیون و به هیچ شێوه‌یه‌ك له ده‌ره‌وه‌ی دادگا و به شێوه‌یه‌كی لاوه‌كی رێككه‌وتنه‌كه‌یان ئیمزا نه‌كردووه، به‌ڵكوو هه‌موو ڕێككه‌وتنه‌كان به یاسایی كراوه و ئه‌نجامی رێككه‌وتنه‌كه دادپه‌روه‌رانه بووه.
با بگه‌ڕێینه‌وه بۆ سه‌ر نووسینه‌كه‌ی هارون ئه‌رجان كه ده‌ڵێت به بۆچوونی من دەوڵەتی توركیا تاكوو ئێستا به دوای وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌دا نه‌گه‌ڕاوه كه بۆچی په‌كه‌كه چه‌كی هه‌ڵگرتووه و شه‌ڕ له‌دژی توركیا ده‌كات؟ به لای په‌كه‌كه‌وه بۆیه چه‌كیان هەڵگرتووه تا مافی كورد له توركیا مسۆگه‌ر بكه‌ن و ئیدی دان به مافی كورددا بنرێت، به‌ڵام حكوومه‌ته‌كانی پێشووتری توركیا و حكوومه‌تی ئێستای ئاكپارتی پێیان وایه كورده‌كان دژی سیسته‌می سیكۆلاریزمن و نایانه‌وێت له چوارچێوه‌ی ده‌وڵه‌تێكدا بژین كه ئیسلامی نه‌بێت، كه ئه‌مه‌یش پێشتر شیكردنه‌وه‌ی ئه‌تاتورك بووه، هه‌روه‌ها ئاكپارتی پێیوایه كه په‌كه‌كه ده‌یه‌وێت توركیا دابه‌ش بكات و باكوور له توركیا داببڕێت، بۆیه چه‌كی هه‌ڵگرتووه.