دۆخی مه‌سیحییه‌كانی كەركووك ناجێگیره‌ و له‌ كۆچكردن بۆ ده‌ره‌وه‌ به‌رده‌وامن
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

دۆخی مه‌سیحییه‌كانی كەركووك ناجێگیره‌ و له‌ كۆچكردن بۆ ده‌ره‌وه‌ به‌رده‌وامن

په‌رله‌مانتارێكی مه‌سیحی: حكوومەتی عێراق بە دادپه‌وه‌ری كار بۆ چارەسەركردنی دۆخی مەسیحییەكان ناكات 

بارودۆخی مەسیحییەكانی شاری كەركووك نالەبارە و بەردەوام بۆ شارەكانی هەرێمی كوردستان و دەرەوەی وڵات كۆچ دەكەن و په‌رله‌مانتارێكی مه‌سیحیش ڕه‌خنه‌ له‌ نادادپه‌روه‌ریی حكوومه‌ت عێراق له‌ كه‌یسی مه‌سیحییه‌كاندا ده‌گرێ.

ئەمڕۆ شەممە 6/3/2021، فەرید یەعقوب، پەرلەمانتاری مەسیحی لە پەرلەمانی كوردستان، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند، سه‌ردانی قەداسەتی پاپا بۆ عێراق و هەرێمی كوردستان زۆر گرنگە، دەبێ ئەو كەسانەی نزیكن لە پاپا هەموو كێشەكانی مەسیحییەكانی بۆ ڕوون بكەنەوە، بەتایبەت لە كەركووك و شوێنەكانی تری عێراق، كە مەسیحی لێ دەژین.

گوتیشی، بە هۆی خراپیی دۆخی عێراقەوە، ژماره‌یه‌كی زۆری مەسیحییەكان بۆ دەرەوەی وڵات كۆچ دەكەن و حكوومەتی عێراقیش بە دادپه‌وه‌ری كار ناكات بۆ چارەسەركردنی دۆخی مەسیحییەكان، یاساكان وەك خۆیان بە شێوەی باش جێبەجێ ناكەن، بۆیە دەبینینن دۆخی مەسیحییەكان نالەبارە.

مەسیحییەكان لە سایەی میلیشیاكانی حەشدی شەعبی لە شاری كەركووك تەنانەت وەكوو پێویست ناتوانن مومارەسەی ئاینی خۆشیان بكەن و بە هۆی ئایینەكەیانه‌وه‌ دەكرێنە ئامانج.

دوێنێ هەینی پاپا فرانسیس، سەردانی عێراقی كرد و بڕیارە سبەی یەكشەممە بگاتە هەرێمی كوردستان. لەو سەردانەی پاپا داوا دەكرێ بارودۆخی نالەباری مەسیحییەكانی كەركووك و عێراقی بۆ شی بكەنەوە بۆ ئەوەی ئاوڕ لە مەسیحییەكانی عێراق بدرێته‌وه‌.