هاتنی پاپای ڤاتیکان پەردە لەسەر چەندین دۆسیه‌ی بارودۆخی مەسیحییەکان لە عێراق هەڵدەداتەوە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

هاتنی پاپای ڤاتیکان پەردە لەسەر چەندین دۆسیه‌ی بارودۆخی مەسیحییەکان لە عێراق هەڵدەداتەوە

پەرلەمانتارێکی مەسیحی: لە هەرێمی کوردستان سەرۆک بارزانی پێمانی گوتووە، یان پێکەوە دەژین، یان پێکەوە دەمرین

هاتنی پاپای ڤاتیکان بۆ عێراق پەردە لەسەر چەندین دۆسیه‌ی ڕووداوەکانی هاتنی داعش و دوای 16ى ئۆکتۆبەر و ئاوارە و دەربەدەرکردنی مەسیحییەکان لە عێراق و بەزۆر بەشیعەکردنیان لەلایەن حەشدی شەعبییەوە هەڵدەداتەوە، پەرلەمانتارێکی مەسیحیش لە پەرلەمانی کوردستان جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە، تەنیا لە هەرێمی کوردستان سەقامگیری و ئاسایش بۆ ژیانیان هەیە و هەر ئەوەش وای کردووە کۆچی مەسیحییەکان لە عێراقەوە بۆ هەرێمی کوردستان بەردەوام بێت.

ناوچەکانی دەشتی نەینەوا کە ژمارەیەکی زۆر مەسیحییان تێدا نیشتەجێن، بە نەمانی داعش کۆتایی بە ئاوارەبوون و نەهامەتییەکانیان نەهات، چونکە مەلەفی ئەمنی ئەو ناوچانە ئەوە ماوەی چەندین ساڵە بە دەستی حەشدی شەعبییەوەیە، ئەوانیش کار بۆ بەشیعەکردن و گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچەکە دەکەن.

دەشتی نەینەوا، چەندین پێکهاتەی وەکوو مەسیحی، شەبەک، ئێزدی و کاکەیی تێدا دەژی، کە لە نەتەوەی جیاواز و ئایینی جیاواز پێکهاتوون، لە هێرشی چەکدارانی داعش لە ساڵی 2014 بۆ سەر شاری مووسڵ و دەشتی نەینەوا، بە هەزاران کەس لەو پێکهاتانە ئاوارەی هەرێمی کوردستان بوون، کە تاوەکوو ئێستا ژمارەیەکی زۆریان ماونەتەوە، بە تایبەتی مەسیحییەکان، ئەوەش بەهۆی ئەوەی ناوچەکانیان ئارام نه‌بێت و هێزەکانی حەشدی شەعبیش هەوڵی بەزۆر گۆڕینی ئایین و بەشیعەکردنیان دەدەن، کە پێشتر داعش دەیویست بەزۆر بیانکات به‌ سوننە.

ساڵى ڕابردوو تیم ستانلی، ڕۆژنامەنووسی ناسراوی به‌ریتانی، كه‌ لە ڕۆژنامەی (دەیلی تەلەگراف) ڕاپۆرتێكی بەناونیشانی (لە عێراق مەسیحییەكان باوەڕیان وابوو دۆخەكە باش دەبێت، بەڵام تەنیا بۆ ماوەیەكی كورت باش بوو)، بڵاو کردەوە.

نووسەری ڕاپۆرتەكە ئاماژەی بەوەش دابوو: “ئەو مەسیحییانەی، كە هەزاران ساڵە لە دەشتی نەینەوا دەژین، وا رۆشنبیری ‌و شارشتانییان لەسەر دەستی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی بەرەو لەناوچوون دەچێت”.

هەروەها نوسیبووی: “لە كاتی فەرمانڕەوایی داعشدا، زۆرینەی مەسحییەكان بەرەو هەرێمی كوردستان هەڵاتن، بەڵام هەموویان چانسی هەڵاتنیان نەبوو، ئەوانەی مانەوە، ناچار بوون ببن بە موسڵمانی سوننە، نەك شیعە”.

رۆژنامەكە لە درێژەی راپۆرتەكەیدا ئەوەشی خستووه‌ته‌ ڕوو: ”لە تشرینی دووەمی 2016، سوپای عێراق‌ و میلیشیا شیعەكان مووسڵیان ئازاد كرد، مەسیحییەكان په‌یتاپه‌یتا بە گەڕانەوە دەستیان كرد، بەڵام بینییان توندەڕویی ئیسلامیی سوننە بۆ جۆرێكی نوێ لە توندڕەویی ئیسلامیی گۆڕاوە و دووبارە دەستیان بە کۆچ کردەوە”.

هه‌ر لەمبارەیه‌وە، روبینه‌ ئوملیك عەزیز، پەرلەمانتاری مەسیحی لە فراکسیۆنی ھاوپەیمانیی نەتەوەیی، بۆ (باسنیوز) خۆشحاڵیی خۆی و مەسیحییەکانی بە هاتنی پاپای ڤاتیکان دەربڕی و بە ڕووداوێکی مێژوویی بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق دانا و گوتی: ”هاتنی پاپا بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق، بۆ نووسینی پەیمانێکە بۆ پێکەوەژیانی ئاشتییانە، ئەوەش پەردە لەسەر چەندین دۆسیه‌ی تاوان بەرامبەر بە مەسیحییەکان لە عێراق هەڵدەداتەوە، نیشانی هەموو جیهانیش دەدات، کە باشترین پەناگەی ئارامی و ژیانی مەسیحییەکان، هەرێمی کوردستانە، هەر بۆیە کۆچی مەسیحییەکان لە عێراق هەمووی ڕووی لە هەرێمی کوردستانە“.

ئەو پەرلەمانتارە مەسیحییە ڕاشی گەیاند، لە 2003وه‌ تاوەکوو 2014، مەسیحییەکان لە عێراق بەرەو نەمان دەچن، گوتیشی: ”ژمارەی مەسیحییەکان لەو کاتەدا ملیۆنێک و نیو بووە، ئێستا ئەگەر 350 هەزار کەسێک مابنەوە، ئەوەش پەیوەندی بە بەردەوامیی کۆچکردنەوە هەیه‌، کە ئەوەش ڕوونە و پەیوەندیی بەوەوە هەیە، کە ئەمن و سەقامگیری لە عێراقدا نییە، بەشێوەیەک وای لێهاتووە هەر شوێنێک پێشمەرگەی لێ نەبێت، بۆ مەسیحییەکان ئەمانی نییە، هاتنی پاپا رەنگە ببێتە هۆی واژۆکردنی بەڵگەنامەیەک لە نێوان پاپا و مەرجەعی شیعەکان بۆ پاراستنی ژیانی مەسیحییەکان لە عێراق، بەڵام تا چەند پابەندبوون دەبێت، ئەوە داهاتوو روونی دەکاتەوە، ئەوەشى ئێستا هەیە، بەردەوامیی کۆچی مەسیحییەکانە لە عێراقەوە بۆ هەرێمی کوردستان و دەرەوە“.

روبینه‌ ئوملیك ئاماژەی بەوەش دا، هەتا عێراق بۆ مەسیحییەکان بەو شێوەیە بێت، ئەوە بۆ مەسیحییەکان شوێنی ژیان نابێت، باسى له‌وه‌ كرد: ”حەشدی شەعبی هاوشێوەی داعش هەموو شتێکی خراپی بەرامبەر بە مەسیحی و کریستیانەکان کردووە، لە بەزۆر بەشیعەکردن و کوشتن و دەستدرێژی، ئێستا بووە بە مۆدێل ماڵی مەسیحییەکان دەتەقێننەوە، بەشێوەیەک دیمۆگرافیای تەواوی ناوچە کریستیانەکان گۆڕاوە، هیچ رەسەنایەتییەک بەو ناوچانەوە نەماوە و ئەوەی هەیە، ئاماژەیە بۆ کۆتایی مەسیحییەکان لە عێراق“.

ئەو پەرلەمانتارە ئه‌وه‌شى خسته‌ ڕوو: "دۆخی هەرێمی کوردستان بەهیچ شێوەیەک بەراورد بە عێراق ناکرێت، دۆخی هەرێمی کوردستان بۆ سریان، کلدان و ئاشوورییەکان دۆخێکە ئەرز و ئاسمان لەگەڵ عێراق جیاوازی هەیە، کەس گوێی لێنەبووە لە هەرێمی کوردستان خەڵکی ئێمە بکوژرێت و ئاوارە بێت، ئەوەی دەبینرێ پێچەوانەیە، کوردستان بووەتە نموونەیەک لە پێکەوەژیان لە نێوان پێکهاتەکان، هەر ئەوەشە وای کردووە مەسیحییەکان لە بەغداشەوە کۆچ بۆ هەرێمی کوردستان بکەن، لە هەرێمی کوردستان ئەمن و ئاسایش بەرقەرارە و تەنیا لە شەڕی داعش زیاتر له‌ هه‌زار و 700 پێشمه‌رگه‌ شەهید بوون، کە بەشێکیان خوێنیان بۆ پاراستنی تلسقۆف به‌خشى، کە ناوچەیەکی مەسیحینشینى دەشتی نەینەوایە، ئەوەی جێگەی دڵخۆشیی ئێمەیە، ئەوەیە کە خەڵک و سەرکردایەتیی کورد لە هەرێمی کوردستان باوەڕی تەواویان بە پێکەوەژیان هەیە، جێگەی دڵخۆشییە سەرۆک بارزانی چەندین جار جەختی لەسەر ئەوە کردووەتەوە، بۆ ئێمە و خەڵکی کوردستان، یان پێکەوە دەژین، یان پێکەوە دەمرین“.