مەسیحییەکانی دەشتی نەینەوا بەهۆی نەبوونی ئارامی و خزمەتگوزاری ناگەڕێنەوە ناوچەکانیان
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

مەسیحییەکانی دەشتی نەینەوا بەهۆی نەبوونی ئارامی و خزمەتگوزاری ناگەڕێنەوە ناوچەکانیان

مەسیحییەکانی دەشتی نەینەوا، بەهۆی ناسەقامگیریی ناوچەکانیان، ئامادە نین بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان.

ماڵپەڕی (سکای نیوز) راپۆرتێکی لەسەر مەسیحییەکانی دەشتی نەینەوا بڵاو کردووەتەوە و تێیدا لێدوانی لە هاووڵاتییەکی مەسیحیی قەرەقۆش و توێژەرێکی مەسیحی بڵاو کردووەتەوە.

سەبری یاقۆ، هاووڵاتییەکی مەسیحیی قەرەقۆشە و لە ساڵی 2014ـەوە پەنای بۆ هەرێمی کوردستان هێناوە. سەبری و هاوسەرەکەی ئامادەکاریی دەکەن بۆ پێشوازیکردن لە پاپا فرانسیس، پاپای ڤاتیکان لە ماڵەکەی خۆیان لە نزیک کەنیسەی تاهیرە، کە بڕیارە پاپا فرانسیس لەوێ نوێژ لە پێناوی بەرقەراربوونی ئاشتی، بکات.

سەبری یاقۆ بە سکای نیوزی راگەیاندووە، تا ئێستا زۆرینەی دانیشتووانی قەرەقۆش، کە ژمارەیان نزیکەی 50 هەزار کەس دەبوو، لە هەرێمی کوردستان دەژین و نەگەڕاونەتەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان.

دوو کوڕ و کچی سەبری یاقۆ لە هەرێمی کوردستان دەژین و ئامادە نین لەگەڵ باوکیان بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان و سێ کوڕ و کچیشی خۆیان گەیاندووەتە سوید.

هەروەک لە راپۆرتەکەدا هاتووە، تا ئیستا تەنیا یەک لەسەر سێی دانیشتووانی قەرەقۆش گەڕاونەتەوە و بەهۆی خراپیی بارودۆخی ئەمنی و خزمەتگوزاری لە ناوچەکەیان، هەوڵی دووبارە گەڕانەوە بۆ هەرێمی کوردستان دەدەن.

جۆرج نەبیل سەراف، توێژەرێکی مەسیحییە و هۆکاری نەگەڕانەوەی مەسیحییەکانی بۆ ناوچەکانی خۆیان، لە سێ خاڵدا چڕ کردووەتەوە، کە بریتین لە؛

- خەڵکی دەشتی نەینەوا هەستیارییەکی زۆریان بەرامبەر توندوتیژی هەیە

- ناوچەکەیان کەوتووەتە ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان و ناکۆکی لەسەرە.

- رێکخراوی تیرۆریستیی داعش ترسێکی زۆری لای مەسیحییەکان دروست کردووە.

بەهۆی مەترسیی گرووپە تائیفی و توندڕەوییەکان و داگیرکاریی داعش لە ساڵی 2014، مەسیحییەکانی دەشتی نەینەوا هاوشێوەی زۆرینەی مەسیحییەکانی عێراق، ماڵ و حاڵی خۆیان بەجێ هێشت و پەنایان بۆ شارەکانی هەرێمی کوردستان هێنا.

رۆژی هەینی 5-3-2021، پاپا فرانسیس بە سەردانێکی مێژوویی گەیشتە بەغدا و بڕیارە لە رۆژی یەکشەممە 7-3-2021ش سەردانی هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان بکات.

بڕیارە لە میانی سەردانەکەیدا بۆ هەریمی کوردستان، پاپا فرانسیس سەردانی قەرەقۆش بکات.