كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

وێستگەکانی ژیانی قەداسەتی پاپا فرانسیس

پاپا فرانسیس، یان پاپای ڤاتیکان، بە لاتین (Franciscus) لەدایکبووی ١٧ی دیسەمبەری ١٩٣٦ی شاری (بۆئینس ئایرس)ی ئەرجەنتین و ناوی سەرەکیی خۆی "جۆرج ماریۆ بۆگولیۆ" بە ئیسپانی (Jorge Mario Bergoglio) ڕێبەری پیرۆز و قەداسەتی کاتۆلیکەکانی جیهانە.

پاپا فرانسیس لە ساڵی ١٩٩٨ وەک سەرۆکی ئۆسقوفی بۆئینس ئایرس دەستی بەکار کردووە و لە ساڵی ٢٠٠١ەوە پلەی کاردیناڵیی لە "پاپ جان پۆلی دووەم" وەرگرتووە. بۆگولیۆ لە ساڵی ٢٠١٣ لە جێگەی پاپ بندیکی شازدەیەم وەک پاپای ڤاتیکان هەڵبژێردرا و نازناوی "فرانسیس"ی بۆ خۆی هەڵبژارد.

پاپا فرانسیس لە ساڵی ٢٠٠١وە تا ٢٠١٣ سەرۆکی کۆنفرانسی "بیشاب"ی ئەرجەنتین بووە و ساڵی ٢٠١٣ لەلایەن گۆڤاری "تایم"وە وەک کەسایەتیی ساڵ هەڵبژێردرا. پاپای ڤاتیکان گرنگییەکی تایبەت بە چین و توێژە هەژار و دەستنەگەکانی کۆمەڵگە دەدات و بۆ چارەسەکردنی پرس و ئاڵۆزییەکان لە ناوچە جیاجیاکانی جیهان، ڕێکاری دانوستان و گرتنەپێشی ڕێڕەوی دیپلۆماسی دەگرێتە پێش.

جۆرج ماریۆ برگوگولیۆ، لە ساڵی ١٩٣٦ لە بنەماڵەیەکی کۆچبەری ئیتاڵی لە ئەرجەنتین لەدایک بووە. کاتێک کە تەمەنی زۆر کەم بووە، بەهۆی هەوکردنی زۆری سییەکانی نەشتەرگەریی بۆ کراوە. پاش بڕینی قۆناغەکانی خوێندن، لە زانکۆ بڕوانامەی کیمیای وەرگرتووە. پێش ئەوەی بڕواتە قوتابخانەی ئایینییVilla Devoto، لە مارسی ١٩٥٨ پاپا فرانسیس تێکەڵ بە چالاکی و بەرنامە ئاینییەکانی کۆمەڵگەی مەسیحییەکان بووە.

لە زانکۆی "سانتافە" بۆ ماوەی ١٠ ساڵ، واتە لە ساڵی ١٩٥٦وە هەتا ١٩٦٥ وانەی ئەدەب و دەروونزانیی گوتووەتەوە. پاشا بە شێوەی جیدی و فراوان دەستی بە خوێندنی ئایینی کردووە و سەرەنجام لە زانکۆی "کۆجلیۆ"ی سەن خۆزە بڕوانامەی وەرگرت و ساڵی ١٩٨٦ بڕوانامەی دکتۆراکەشی لە بواری پرسە ئایینییەکان لە زانکۆی "فرایبورگ"ی ئەڵمانیا وەرگرتووە.

چۆنیەتیی تێکەڵبوون بە پرسە ئایینییەکان و بوون بە ئوسقۆف:

پاپا فرانسیس سەرەتای خزمەتکردنی وەک نوێنەری دینیی ئەرجەنتینی لە ساڵی ١٩٧٣ دەست پێکرد. سەرەتا دایکی لەگەڵ بوونی بە کەسێکی ئایینی و گەیشتن بە پلەی قەشە و ئوسقوف دژایەتیی کردووە، هەرچەند دایکیشی کاتۆلیکێکی دەمارگرژ بووە، بەڵام سەرەنجام کاتێک برگۆگلیۆ پلە مەزهەبییەکانی بڕی، دایکیشی بە ناچاری بڕیارەکانی قەبوول کرد و تەنانەت داوای لێبووردنیشی لێ کردووە.

لە ٢٠ی مانگی مەی ساڵی ١٩٩٢ وەک جێگری ئوسقوفی گەورەی "ئاکوا"ی بۆئینس ئایرس هەڵبژێردرا.

لە مانگی فێڤریبەری ساڵی ١٩٩٨ وەک جێگری ئوسقوفی پێشوو، واتە ئەنتۆنیۆ کورانسینۆ دەستنیشان کراوە. سێ ساڵ دواتر لەلایەن پاپ جان پۆلی دووەمەوە پلەی کاردیناڵیی پێ بەخشرا.

پاش کۆچی دوایی پاپ جان پۆلی دووەم لە ساڵی ٢٠٠٥، برگۆگلیۆ لە هەڵبژاردندا وەک بندیکی دووەم هەڵبژێردرا.

 گەیشتن بە پلە و قەداسەتی پاپا:

لە ١٣ی مارسی ساڵی ٢٠١٣ و لە تەمەنی ٧٣ ساڵیدا جۆرج برگوگلیۆ وەک ٢٦٦ەمین پاپای کڵێسە کاتۆلیکی ڕۆما هەڵبژێردرا و بە فەرمی بوو بە پاپای ڤاتیکان و نازناوی فرانسیسی بۆ خۆی هەڵبژارد.

پاش هەڵبژێرانی وەک پاپای ڤاتیکان، چۆنیەتیی بەڕێوەبەریی و ئیدارەی کڵێسە و کارەکانی ستایش کراون، چونکە ڕوانگە و بۆچوون و ئیدارەدانی لەگەڵ پاپاکانی دیکە جیاوازیی هەیە، هاوکات هەڵسوکەوتی ژیرانە و هۆشمەندانەی بەرلەوەی بگاتە پلەی پاپا، لە ڕەفتارەکانیدا دەبیندران.

ئەخلاق و هەڵوێستی جیاواز:

 کاتێک سەرۆکایەتیی کڵێسە و کاتۆلیکەکانی جیهانی بەدەستەوە گرت، دەستبەجێ میدیاکانی جیهان دەستیان بە ستایش و دەرخستنی هەڵوێست و بۆچوونە مرۆییەکانی کرد. پاپای ڤاتیکان لەباتی بەکارهێنانی داهاتی کڵێسە خۆی کاری کردووە تاکوو بژیوی خۆی دابین بکات، یان سەردەمێک لەباتی ئەوەی لەناو خانوو و ڤێلای ڕازاوەدا بژی، لە خانوویەکی سادە و ساکاردا کە تەنیا دوو ژووری هەبووە ژیاوە. لە سۆنگەی ئەم ژیانی سادە و ڕەفتاری خاکەڕایانەوە، هەندێ لەو نەریتە باوانەی کە پاپاکانی پێش خۆی ئەو گرتوویانەتە بەر و نزیکەی سەد ساڵ بووە و پێوەی پابەند بوون، لەناو چوون و نەماون.

 ١٥ ڕاستیی سەرنجڕاکێشی ژیانی پاپا فرانسیس:

١- پاپا فرانسیس لە ١٧ی دیسەمبەری ١٩٣٦ لە بنەماڵەی خورخە ماریۆ گوگلیۆ ڕجینا ماریا سیوری لەدایک بووە. بە ڕەچەڵەک خەڵکی بۆئیسن ئایرسی ئەرجەنتینە و دایک و باوکی وەک کۆچبەرانی ئیتاڵی دێنە ئەژمار و چوار برا و خوشکی هەیە. باوکی ژمێریار و دایکیشی هەر ژنی ماڵەوە بووە.

٢ – دایکی ڕازی نەبووە جۆرج بۆگولیۆ ببێتە کەسێکی ئایینی و ساڵانێکی زۆر دژایەتیی کردووە، بەڵام پاپا هەر لەسەر کارەکەی پێداگر بووە و سەرەنجام دایکیشی ڕازی بووە و داوای بەخششی لێ کردووە.

٣- پاپا شارەزای چەندین زمانە و ئەمەش یەکێکی دیکە لە خەسڵەتەکانییە و بەسەر زمانەکانی ئیسپانی، ئیتاڵی و لاتیندا زاڵە، هەروەها لە زمانەکانی پۆرتۆگالی، فەڕەنسی، ئۆکراینی و ئەڵمانیش تێدەگات، هەتا ئێستا بە چەندین زمانی جیاواز بۆ زۆرێک لە گەلانی دنیا قسەی کردووە و گوتاری ئایینیی داوە.

٤ – جیاواز لەوەی کەسایەتییەکی گەورەی ئایینییە، کیمیازانیشە، فرانسیس بەر لەوەی ڕوو بکاتە چالاکیی ئایینی، کیمیازان بووە، چونکە لە بواری زانستی کیمیادا بڕوانامەی وەرگرتووە، ئەو کاتانەی لە بواری ژینگە و سروشتداچالاک بووە، زۆرێک ڕەخنەیان لێ گرتووە کە ئەو دەبێ هەر بپەرژێتە سەر کاروباری مەزهەبی، بەڵام دەرکەوت کە پاپا شارەزای زانستی کیمیایە، هەر بۆیە دژبەر و ڕەخنەگرانی بێدەنگ بوون.

٥ – پاپا کەسێکی چالاک و هەڵسووڕ بووە. بەرلەو دەسپێکی چالاکییە مەزهەبییەکانی لەناو یانەیەکی شەوانە وەک پاسەوان کاری کردووە و لەو ڕێگەیەوە بۆ درێژەدان بە وانەکانی بژیوی خۆی پەیدا کردووە.

٦ – بەرلەوەی تێکەڵ بە دنیای مەزهەبی ببێت و پلە ئایینیەکان ببڕیت، هاوڕێی کچی هەبووە، لەناو گرووپێکدا چالاک بووە کە پێکەوە سەمایان کردووە، بەڵام دواتر ڕووی کردە کاروباری ئایینی و وازی هێنا.

٧ – پاپا فرانسیس لەبارەی پێوەندیی ئایینەکان و پێکەوەژیان خاوەن بەرهەمە و لەبارەی دین و ئایینەکانی دیکەوە لێکۆڵینەوەی کردووە و بە هاوڕێیەتیی "ڕبی ئەبراهام" کتێبێکیان بەناوی لە بەهەشتی زەویندا" (On Heaven and Earth) کە ناوەرۆکەکەی تایبەتە بە گوتاری نێوان مەزهەبە جیاوازەکان، هەردوویان لە مانگی مەی ٢٠١٤ بۆ یەکەم جار ئەنجوومەنێکی مەزهەبییان دامەزراند کە رێبەری موسڵمانانی ئەرجەنتین عومەر عەبوودیش تێیدا ئەندام بوو.

٨ – چەندین ئیمۆجی بۆ خۆشەویستیی پاپا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دروست کراوە، تاکوو کۆمەڵگەی کاتۆلیکەکانی جیهان بتوانن لەو ڕێگەیەوە ڕێز و خۆشەویستیی خۆیان بۆ پاپا فرانسیس دەرببڕن و جەژن بگێڕن.

٩ – پاپا جارێکیان ڕای گەیاند لەوانەیە تەنیا بۆ ماوەی چوار، تا پێنج ساڵ لەو پۆستە ئایینییەدا بمێنێتەوە، چونکە ئێستا تەمەنی ٨٤ ساڵە و لەو باوەڕەدایە لەوانەیە بەهۆی نەخۆشی و باری تەندروستییەوە واز لە پاپایی بهێنێت. پاپا ناچارە هەموو کات لە سەفەر و هاتوچۆدا بێت و هەموو ڕۆژێک لە کاتژمێر ٤:٣٠ی بەیانییەوە تا درەنگانی شەو کار بکات، ساڵی ٢٠١٤ زۆرێک لە کۆبوونەوە گشتییەکانی هەڵوەشاندەوە، ئەمەش نیشانەی ئەوەیە کە باری تەندروستیی کاریگەریی لەسەر چالاکییەکانی هەیە.

١٠ – پاپا ئۆگری سەمای تانگۆ بووە و لە کاتی گەنجێتیدا بەردەوام سەرقاڵی ئەو سەمایە بووە، هەر بەم بۆنەوە لە ٧٨مین ساڵیادی لەدایکبوونیدا هەزاران کەس لە گۆڕەپانی "سەن پتر" نمایشی سەمای تانگۆیان کرد.

١١ – پاپا ژیان لەناو ڤیڵا و خانووی ڕازاوەی قەبووڵ نەکردووە و وای پێ باش بووە لەناو خانوویەکی سادە لە "سن مارتا" بژیت و لە شوێنێکی نافەرمی و لەگەڵ پاپا و پیاوە ئاینییەکانی دیکە دەژی و لە هەموو ژیانیدا پشتی لە ماڵی دنیا و پێویستیی ژیانی شاهانە کردووە و تەنانەت ئەوکاتانەش کە پلەی ئۆسقوفی گەورەی هەبووە و خۆی خۆراکی بۆ خۆی ساز کردووە و لەباتی بوونی ئۆتۆمبێلی گرانبەها و شۆفێری تایبەتی، کەرەستەی هاتوچۆی گشتیی بەکار هێناوە.

١٢ – یەکەم پاپایە کەلە دەرەوەی جوگرافیای ئەورووپایە، لە سەردەمی گریگۆریی سێیەمەوە لە ساڵی ٧٣١ی زایین کە وەک پاپا هەڵبژێردراوە، فرانسیس یەکەم پاپایە کە لە دەرەوەی ئەورووپا لەدایک بووە، هاوکات یەکەم پاپایە کەلە ئەمریکای باشوور لەدایک بووە.

١٣ – یەکێک لە لایەنگران و ئۆگرانی تۆپی پێیە و لایەنگری یانە و تیپی گەڕەکە کۆنەکەی خۆی واتە "سان لۆرنزۆ دئالماگ"ە.

١٤ – پاپا بۆ لەناوبردنی هەژاری  و دەستنەگی هەوڵێکی زۆر دەدات و لە زۆر چالاکیی پەیوەندیداردا بەشداری دەکات و زۆر بوێرە و هاوچەشنی پاپاکانی دیکە نییە، هەموو دەم یارمەتیی هەژاران دەدات و بە بۆنەی ساڵیادی لەدایکبوونی بۆ ٤٠٠ کەسی بێلانە و ماڵ کیسەی خەوی دابین کردووە، باس لەوە دەکرێت کە شەوان سەردانی کەسانی بێ ماڵ و شوێن دەکات.

١٥ – پاپا مافی هاووڵاتیبوونی سێ وڵاتی پێ بەخشراوە، بە شێوەی یاسایی هاووڵاتیی سێ وڵاتی ئەرجەنتین، ئیتالیا و ڤاتیکانە، لە ئەرجەنتین لەدایک بووە، دایک و باوکی بە ڕەچەڵەک ئیتاڵین و کاتێک پلەی پاپای وەرگرت بوو بە هاووڵاتیی ڤاتیکان.