کومەڵگەی کوردی، مامۆستا و شێوازی وانەوتنەوە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

کومەڵگەی کوردی، مامۆستا و شێوازی وانەوتنەوە

سەعید سەیدی 

کۆمەڵگە لە تاکەکان پێک دێت، پەروەردە تاکەکان پێ دەگەیەنێت، کەوابوو پەروەردە کۆمەڵگە دروست دەکات. کۆمەڵگەیەک کە پەروەردەکەی لەسەر بنەما و بنچینەیەکی راست و دروست بنیات نرابێت، دەتوانێت لە سوود و دەسکەوتەکانی مرۆڤی کۆمەڵگەکەی بەهرەمەند بێت و سوودێکی شایستە بە خەڵکەکەی بگەیەنێت. مەبەست لە بنەمای راست و دروست لە بەرچاوگرتنی زەمان، تایبەتمەندیی کۆمەڵگە، هەست بە بەرپرسایەتی و ژیان و ژینگەی تاک و کۆمەڵگەیە.

پەروەردە دەتوانێت لەسەر بنەمای لۆژیک و زانست تاکەکان وشیار بکاتەوە، مافەکانیان پێ بناسێنێت و بۆ بەدەستهێنانی ئەو مافانە ئامادەیان بکات. پێچەوانەی ئەم ئاراستەیەش، دەتوانێت روو بدات، واتە پەروەردە ببێت بە هۆکارێک بۆ خامۆش هێشتنەوە و ملکەجی و گوێڕایەڵکردنی کۆمەڵگە.

کۆمەڵگەیەک کە پەروەردەکەی دروست بنیات نەنرابێت، یان لە رێچکەی راستەقینەی خۆی ترازابێت، میدیا چەواشەکار و بەرژەوەندیخوازەکان، راگەیەنەکانی جەنگی نەرمی نەیاران، تۆڕە کۆمەڵایەتییە بێسەرەبەرە و سنوورەکان ئاراستەی دەکەن.

باشترین رێ و گرنگترین کەرەستە بۆ هەڵسووڕان و ئاراستەکردنی کۆمەڵگە، پەروەردەیە، ئەویش لەڕێگای چینێکی تایبەتەوە. هەرکات و لە هەرکوێ، توێژێکی تایبەت بە نیاز و نیەتێکی تایبەتەوە چوارچێوە، رێگاو ئامانجی پەروەردەیان بۆ کۆمەڵگە دەستنیشان کردبێت، ئەوا خەڵکێکی بێ هەڵوێست، چاولەدەست، شوێنکەوتوو، رایی ڕایی و بێ بڕیار پەروەردە دەبێت کە چاویان لەدەست و گوێیان لە فەرمانی فەرمانڕەوا و ئەو کەس و چینەیە کە خۆیان وەک رزگارکەر دەناسێنن کە لەڕاستیدا نیەتیان باڵادەستی و نیازیان خۆسەپاندنە بەسەر خەڵک و کۆمەڵگەدا.

لە سەدەی ٢١دا و رۆژانە باس لە پلان و پڕۆژەی پەروەردەیی دەکرێت، کەچی لەکاتی پێشهات، یان سەرهەڵدانی دیاردەیەکدا جامی ریسوایی لێژ دەبێتەوە و روون دەبێتەوە کە چەندە لە بواری پەروەردەدا (بەتایبەت لە وڵاتانی گەشەنەکردوودا) کەمتەرخەمی و لە ڕێلادان هەبووە. ڤایرۆسێکی کۆرۆنا سەرهەڵدەدات، دەبێ بە ملیۆن دۆلار خەرجی فێربوونی خۆپاراستن و دەستشتن بکرێت!

پشتگوێخستن و پەکخستنی پەروەردە تەنیا پەند بە نەوەکان نادات، بەڵکوو کەشوهەوایەک دەخوڵقێت کە ئەو کەسانەش وا دڵسۆزانە لە بیری پەروەردەیەکی بنیاتنەر و سەردەمیانەدان لەگەڵ تەنگەنەفەسی و خنکان بەرەوڕوو دەبنەوە و چەرخی پەروەردە هەر بە وزەی کۆن و وەک رابردوو دەچەرخێت.

 ئەو نەتەوە و کۆمەڵگەیانەی کە لەژێر دەستی دەسەڵاتێکی کۆنەپارێز و ستەمکاردان، یان جیاوازی و هەڵاواردن لە مافەکانیاندا دەکرێت، وەک نەتەوەی کورد، کاتێک دەرفەتێکیان بۆ دەڕەخسێت و بێرێکی بنەڕەتی  بۆ پەروەردەیان ناکەنەوە، وەک هۆکارێکی کاریگەر بۆ گۆڕانی ریشەیی و بەردەوام و بنیاتنەر، ئەوا تووشی هەڵەیەکی مێژوویی و گوناحێکی نەبەخشراو دەبن.

رەنگە بەشێک لەو نەتەوە و کۆمەڵگەیانە، وەک کوردانی باشوور و تاڕادەیەک رۆژاوا، بە شۆڕشێکی پڕ لە شەڕ و پڕ تێچوو و سەخت خۆیان رزگار کردبێت، بەڵام نەیانویستووە بە شۆڕشێکی نەرم و کەم تێچوو کۆمەڵگەیەکی ئازاد لەسەر پەروەردەیەکی دروست بنیات بنێن. کۆمەڵگەیەکی ئازادکراو ئەگەر نەتوانێت لە تاکی سەرکوتکراو، ستەم لێکراو، ژێردەست و دەستەمۆ، تاکێکی ئازا و ئازاد، متمانەبەخۆ و دژی زوڵم پەروەردە بکات؛ برینی تێخی هەڵەکانی هەرگیز ساڕێژ نابێت و سیستەمێکی خۆچەوسێنەر و چەوساوە بەرهەم دێنێت، کە داخی هەردوو لایان گرانترە و مرۆڤ لە داهاتووی کۆمەڵگە بێ ئومێد دەکات.

 ئەگەر بە دیدێکی پەروەردەکارانەوە بڕوانین، مەبەست لە خستنەڕووی راستییەکان و نادادپەروەری و گرفتەکانی بواری پەروەردە بۆ ئەوە نییە تاکێکی دەمارگیر، تووڕە و قین لەدڵ دروست بێت کە نائۆمێدانە لە شتەکان بڕوانێت و بەتەمای تێکدان و ڕووخانی کۆمەڵگە و سووتاندنی بینای قوتابخانەکان و پەروەردەوە بێت؛ بەڵکوو مەبەست ئەوەیە کە تاک لە بەرامبەر گرفت و کەموکووڕییەکاندا وەک کارسازێک دەرکەوێت و گەشبینانە بەدوای چارەسەرەوە بێت.

مرۆڤی سەردەمی باڵادەستی زانست و تەکنەلۆجی، مرۆڤێکی ورد و داهێنەر و بەرپرسە کە رووکەشانە سەیری ژیان و ژینگەی خۆی ناکات، بەڵکوو بە دیدێکی ئەندازیارانە لە گرفتەکان دەڕوانێت و بە چاویلکەی ئایدۆلۆژی و دەمارگرژییەوە بۆ پرسە بنیاتنەر و گشتییەکان ناڕوانێت.

کارێک کە بەرهەمی وزە و هێزی دەمارگرژی بێت، هەمیشە عەیبدار و پڕ کەموکورتییە، بەڵام لە بەرامبەردا ئیشێک کە رۆحێکی رەخنەگرانە وزەی پێ دەدات، هەمیشە پڕە لە داهێنان. یەکەمیان ئەفسانەی لێ پەیدا دەبێت و مرۆڤ لەخۆ نامۆ و بێگانە دەکات، دووەمیان رەخنەگرە و مرۆڤ ئازاد دەکات و وا پەروەردەی دەکات کە بەرامبەر بە هەڵوێستەکانی دەروەست بێت. یەکەمیان بەدوای خاوکردنەوەی رەوتی مێژووەوەیە تا مرۆڤ دەستەمۆ بکات و داهاتوو بە بەرهەمی چارەنووس و قەدەر دەزانێت. لایەنی یەکەم وەک مالک لەگەڵ مێژوو دەجووڵێنەوە و پێیان باشە هەموو شتێک بێ بەشداریی خەڵک بە ئەنجام بگات. لایەنی دووەم بە دوای بەندکردنی راستییەکانەوە نییە و هەوڵ دەدات زیاتر لە راستییەکان تێ بگات بۆ ئەوەی باشتر گۆڕانیان بەسەردا بێنێت. ئەم بەشە لە دونیای نوێ و نەناسراو، لە گفتوگۆ لەگەڵ خەڵک ناترسن، خۆیان بە خاوەنی مرۆڤ و مێژوو نازانن؛ بەڵکوو دەیانەوێ لەگەل خەڵکدا بۆ پێشکەوتن و گۆڕانکارییە مێژووییەکان تێ بکۆشن. لایەنی دەمارگرژ و چەقبەستووی یەکەم ناتوانن پەروەردەکارانێکی باش و بێ زیان بن و ئەرکی پیرۆزی پەروەردە دەکەوێتە سەرشانی لایەنی رەخنەگر، داهێنەر و بنیاتنەری دووەم.

پەروەردەکردنی مرۆڤ بابەتێکی مرۆییە، ئامادەکردنی مرۆڤە بۆ ئەوەی لە پاش قۆناغی پەروەردەکردنیش، بژیت. ژیان لە دونیایەکدا کە بەهۆی کەرەستەکانی پەیوەندییەوە وەک ژوورێکی لێهاتووە، هەر بۆیە پێویستە هزرێکی مرۆیی و سەردەمیانە بەسەر کۆی باسی پەروەردەدا زاڵ بێت. لە سایەی هزر و هەنگاوی سەد ساڵ پێش ئێستا، مرۆڤی سەردەمی تەکنەلۆجی و پەیوەندی پەروەردە نابێت. بیری بەرتەسک و سنووردار بۆ پەروەردەکردنی تاکی دونیای بێسنوور ناشێت و پەروەردەکارانی سایەی ئەم جۆرە ئاوەز و بیرکردنەوەیە زیاتر بیر لە سنوور و بەربەستەکان دەکەنەوە تا مرۆڤێکی داهێنەر، رەخنەگر و سەربەست. بۆ شتگەلێک دادەچن کە بایەخی چنین و چاندنی نییە، بیر لەوەی دەکەنەوە کە تاکەکان لە قاڵب بدرێن وەک لەوەی بەستێن و دەرفەتێکیان بۆ فەراهەم بکرێت کە خۆیان و تواناییەکانیان بناسن و گەشەبکەن.

بۆچی پەروەردە بۆ کۆمەڵگەی کوردی زیاتر گرنگە؟

کێ هێندەی ستەملێکراو لە کۆمەڵگەی ستەمکار و چەوسێنەر تێ دەگات؟ کێ زیاتر لە چەوساوەکان لە شوخت و شوێنەواری چەوساندنەوە ئازاری پێ دەگات؟ کێ دەتوانێت هێندەی چەوساوەیەک لە پێویستبوونی ئازادی و رزگاری تێ بگات؟

تاکی کورد بەگشتی و پەروەردەکاران بەتایبەتی پێویستە لە گرنگیی پەروەردە تێ بگەن، بەتایبەت لەو ناوچانەی کە کورد خۆی بەڕێوەی دەبات، پەروەردە بۆ ئێمە دەرگایەکە بۆ دەربازبوون لە میژووی تاڵ و ئاوێنەیەکە بۆ خۆدیتنەوە و دیتنمان لەم سەردەمەدا.    

لای ئێمە و لای هەموو چەوساوەیەک ئازادی چەمکێکی ساکار نییە کە بە سادەیی پێناسە بکریت. ئازادی بە رەنج و ئازاری ئەو کەسانەوە دەناسرێت کە هەڵوەدایین. ئازادی بەو پێویستی و پێداویستییانەوە دەناسرێت، کە بۆ بەدەستهێنانی پێویستە، بەو پێویستی و بەهایانەوە دەناسرێت کە وا دەکات خەبات و فیداکاری بۆ بکەیت. بەو بەهایانەوە دەناسرێت کە ئەکرێت لەودا بەدەست بێت. ئایا لە باشووری کوردستان سوود لە ئازادی بۆ پەروەردە وەرگیراوە؟ هێنانی بابەتەکان لەم وڵات و ئەو وڵات بە مانای تازەبوون و سەردەمیانەبوونی بابەتەکان نییە، بە ئینگلیزی کردنی زمانی بابەتە زانستییەکان تەنیا پێداویستی تێکەڵبوونی جیهانی نییە، دەرکەوتن و شاکارە ئەدەبییەکانی بەرهەمی کوردی خوێندن کامەیە؟ پەروەردەکاران وەک پیشە و تەنانەت پیشەی دووەم لە مامۆستایەتی دەڕوانن، یان وەک بەرپرسایەتی؟    

ئازادی بۆ کۆمەڵگەی مرۆیی پێویستە، بەڵام ''بۆچی پێویستە'' گرنگترە. مرۆڤ دەریایەک ئاو لەلایا بێت، ئەگەر مەلەکردن نەزانێت، دەخنکێت. ئەگەر سوود لە ئازادی بۆ پەروەردە وەرنەگیرێت، پەروەردە دەتوانێت مەترسی و زیان بۆ ئازادی دروست بکات و کۆمەڵگە بخاتە ناو سووڕی ستەمەوە.

کۆمەڵگەی کوردی کۆمەڵگەیەکی چەوساوە و ستەملێکراوە، تاکی چەوساوە لەبەر نوقمبوونی لە ستەمدا، دەتوانێت ستەم بەرهەم بێنێتەوە، لەبەر ئەوەی تێگەیشتنی لە خۆی زیانی پیگەیشتووە، دەتوانێت وێنای مرۆڤی ستەمکار بکات و پەیڕەوی لێ بکات، یان هەوڵی گونجاندنی شوناسی خۆی لەگەل جەمسەری بەرامبەر بدات. لەمبارەوە دەوری پەروەردەکار و جۆری پەروەردەکردن دەتوانێت چارەنووس ساز بێت. بۆ نموونە مامۆستایەک کە لەم کۆمەڵگەیەدا بە شێوازی ئاخاوتن وانە دەڵێتەوە، یان گفتوگۆ لەگەڵ قوتابیاندا دەکات، ڕاستەوخۆ کاریگەریی لەسەر ئەم پرسە هەیە. مامۆستایەک کە شێوازی یەکەم دەگرێتە بەر، بەدوای رزگارکردنی نەوەیەکی نوقمی ستەم و بێبەشییەوە نییە، ئەو خۆی و ویست و مەبەستی خۆی بۆ گرنگە، تێگەیشتنی خۆی دووپات دەکاتەوە، دەیەوێت وەکوو ''مالک'' دەربکەوێت و بۆ ئەوەی ئیشەکەی باش بڕوات، دەیەوێت قوتابییەکان ملکەج بن.

کاتێک تاکی چەوساوە لەجیاتی بیرکردنەوە لە ڕزگاریی خۆی و دەوروبەرەکەی هەوڵی دا قسەی خۆی بکات و دەرمانی خۆی بنوێنێت، ئەوا ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ بژاردەی خۆی دەسەپێنێت. ئەگەر مامۆستایەک کاری وای کرد، ئەوا پەیوەندییەکەی کار دەکاتە سەر لایەنی بەرامبەر و پێ دەچێت قوتابییەکان وەک سەرمەشق لێی بڕوانن و ببنە هەڵگری راسپاردە و ئامۆژگارییەکانی و زیاتر بیر لە سنوور و بەربەست بکەنەوە تا ئازادی و خۆناسین.

ستەملێکراوان زۆر جار لەو دوو جەمسەرەدا دژەی کەلە ناخیاندایە بێزارن، لەلایەک دەزانن ئەگەر ئازادی نەبێت، گەشە ناکەن و کەرامەتیان پارێزراو نابێت، لەلایەکی تر لە ئازادی دەترسن. لەم کاتەدا ئیتر ناکۆکی دەکەوێتە نێوان هەڵبژاردنی لەخۆنامۆیی و خۆناسی، سەربەخۆیی و شوێنکەوتوویی، یاریزان بێت یان تەماشاچی، خۆی نیشان بدات یان خامۆش بێت، دەتوانێت داهێنەر بێت و دونیاکەی بگۆڕێت یان نا؟

لەم جۆرە کۆمەڵگەیانەدا دروستەکەی ئەوەیە پەروەردە ئەو تواناییەی هەبێت، کە فێرخوازان هان بدات بیر لە ریشە و هۆکارەکانی چەوساندنەوە بکەنەوە و بەرەوڕووبوونەوەیان و خۆئازادکردنیان بە پێویست و بە ئامانج دابنرێت. ئەگەر پەروەردە ئەم تەقالایانە دروست نەکات، ئەگەر بەستێنی پێویست بۆ قوتابیان فەراهەم نەکات، کۆمەڵگە دەچێتەوە ناو سووڕێک کە دەتوانێت ستەم و چەوساندنەوە و بێبەشی بەرهەم بێنێتەوە.

ئەگەر ڕێ لە دەربڕینی ڕا و بۆچوونی بەرامبەر بگیرێت و ناچار بکرێت گوێگر بێت و ئەوەی دەوترێت و دەویسترێت دووبارە بکرێتەوە، لەبەر ئەوەی ئەمەش گۆشەیەکە لە ستەمکاری، دەتوانیت توندوتیژی بەرهەم بێنێت. نەوەیەک لەم کەشوهەوایەدا پەروەردە بێت، ویژدانی مالکانەی تێدا دروست دەبێت و پێی خۆشە هەموو شتێکی چوار دەوری بخاتە ژێر رکێفی خۆی. حەزکردن و چێژوەرگرتن لە دەسەڵاتداری بەسەر کەسی دیکەدا، جەوهەری حەزە بۆ ئازاردانی ئەوانی تر، لەسەر بنجی ئەمجۆرە حەزە ژیان ناڕوێت، ژیان ئامانجی پەروەردەیە.

لە هەر کوێ ستەم هەبوو، خۆ بە کەمزانینی ستەمدیتوان بەرچاوە و ئەم دیاردەیە لە باوەڕ و کرداری ستەمکارانەوە سەرچاوە دەگرێت، هێندە دەبیستن کە بەکەڵک هیچ نایەن، هیچ نازانن، فێری هێچ نابن، بە هیچ نابن و... کە سەرەنجام قەناعەت بەبێ توانایی و بێ لیاقەتیی خۆیان دێنن و ئەگەر ئەم دیاردەیە لە پۆل و پەروەردەدا روو بدات، ئەوا قوتابیان خۆیان بە نەزان دەزانن و دەڵێن کە مامۆستا تەنها کەسێکە کە هەموو شتێک دەزانێت و پێویستە گوێی لێ بگیرێت. کاتێک قوتابییەک لە پۆلدا داوا لە مامۆستا دەکات وانە و وێنەکانی بۆ شرۆڤە و شیکار بکات، ئەمە نیشانەیەکە لە خۆ بە کەمزانینی ناخی ئەو.

هەڵبەت ئەم خۆ بە کەمزانینە دیاردەیەکی جێگیر نییە، بە گۆڕانی هەلومەرج گۆڕانی بەسەردا دێت. بۆ نموونە ئەگەر هەلومەرجی ناوپۆل بۆ کاری بەکۆمەڵ و گفتوگۆی قوتابیان فەراهەم ببێت، قوتابیان لە فشار و پەراوێزخستن و کپکردنی دەنگیان سکاڵا دەکەن و وەک غەدر و لە ژێرپێنانی مافیان باسی دەکەن و دەڵێن کە دەتوانن و دەزانن.   

لە پەروەردەیەکی دروستدا ناکرێت مامۆستایان خۆیان بە مالک و خاوەنی قوتابیان بزانن، یان منداڵان وەک منداڵی ناخی خۆیان چاو لێ بکەن کە حەزیان لە چی بووە و دەیانویست چی رووی دابایەت، بێن کارێکی وا بکەن کە قوتابییان ئاواتی بەدی نەهاتوو و بۆشاییەکانی ئەوان پڕ بکەنەوە. کاتێک قوتابییان خۆیان لە دەرەوەی ئاخ و ناخی مامۆستا ببینن، دەتوانن هەنگاو بۆ متمانە بەخۆکردن و خۆبەکەمنەزانین هەڵبگرن. ئەمەش تەنیا لەڕێی بیرکردنەوەوە روو نادات، کردەوەی دەوێت، مەبەست و فەلسەفەی دەوێت. مامۆستا لەم پەیوەندییەدا دەتوانێت باشترین رێنما بێت.

قسەکردن و دروشمدان لەجیاتی گفتوگۆ و کردار هەوڵدانە بۆ دەستەمۆکردنی خەڵک، دەستنیشانکردنی ریزێک لە قوتابیانی پشت مێزە یەک لە دوای یەکەکانی ناوپۆل وەک گرووپ، بۆ کاری بەکۆمەڵ و گفتوگۆ لە حاڵێکدا ناتوانن روو لە یەکتر بکەن، هەوڵدانە بۆ بێ ناوەرۆککردنی گفتوگۆ و لەباربردنی کاری بەکۆمەڵ.

هەوڵدان بۆ پەروەردەکردن و پێگەیاندنی قوتابیان بێ بەشداری هزر و هەنگاو و کرداری خۆیان نە داهێنانی زانستی لێ دەکەوێتەوە و نەکارامەو پوختە و سەربەخۆیان دەکات. ئەمجۆرە هەوڵدان و پەروەردەکردنە وەک هەڵسوکەوتکردنە لەگەل کەرەستەیەک و گۆڕانیانە بۆ کەرەستەیەک کە وەک کەسێکی مەکتەب نەدیتوو رەفتار بکات و بکرێت بە ئاسانی فریو بدرێت.

هیچ فێرکردنێک بەبێ بەشداریی راستەوخۆی فێرخواز بە ئەنجام و ئامانجی راستەقینەی خۆی ناگات. پێویستە فێرخواز بیر بکاتەوە و گفتوگۆ بکات تا سەرەنجام لە زانستدا داهێنان روو بدات. زیندوویەتیی زانست لە بەردەوامی و نوێبوونەوە و داهێنانیدایە، زانست تەنیا لای مامۆستا نییە و تەنیا لە دووتۆی پەرتووکەکاندا نییە، ئەگەر وا بێت بە مردنی مامۆستا و سووتانی پەرتووکەکان زانستیش نامێنێت. زانست بەرهەمی رەخنە و گفتوگۆی نێوان مامۆستا و قوتابییانە. فەراهەمکردنی بەستێنی گفتوگۆ و گفتوگۆکردن وەک شێوازێکی وانەوتنەوە و رێگایەکی گرنگی پەروەردەکردن دژواریی تایبەت بە خۆی هەیە، بەڵام کارێکی لەکران نەهاتوویش نییە. کۆمەڵگەی مرۆیی بەتایبەت ئەو وڵاتانەی کە پەروەردەیان بەرجستە و بەرچاوە، دەسکەوت و ئەزموونی بەنرخیان لەمبارەوە زۆرە.

بۆ گەیشتن بەم راستییە پێویستە متمانە بە توانایی، لۆژیک، بەرهەمی هزری و کردەیی قوتابیان بکرێت. بێ متمانەیی لەم بارەوە شکستە بۆ پەروەردەکار، فێرکردنی منداڵ کاتێک بایەخ و بەردەوامی و بەهرەی هەیە کە بۆ خۆی لەو کردەیەدا دەور و پشکی هەبێت. ئەوان دەبێت تێ بگەن کە بۆ ناسین و پوختەبوونی خۆیان و بۆ داهێنان و بنیاتنان تێ دەکۆشن. ئەم مەبەستانەش پێویست دەکات کە قوتابیی چالاک و لە بەرامبەر ئەزموون و دەسکەوتەکاندا بەرپرس بێت. مرۆڤ کاتێک بەرپرسایەتی قەبووڵ دەکات، کە بۆ خۆی ئیشەکە ئەنجام بدات، یان بەشدارییەکی ماناداری تێدا بکات. ئەگەر قوتابی هەر گوێگر و فەرمانبەر بێت، دوور نییە کۆیلەیەکی لێ دروست بێت، کۆیلەی ئایدۆلۆژییەک، کەسێک یان هەلومەرجێک. ئەوکاتە ئیتر مرۆڤ بیر لە ژیان ناکاتەوە، بیر لە رزگاربوونی لە ژیان دەکاتەوە. ئەمجۆرە بیرکردنەوەیە، بەرهەمی شێوازی پەروەردەکردنە، پەروەردەکار نابێت خۆی لە بەرپرسایەتی لەمبارەوە بدزێتەوە.

 

ئاخاوتن و خوتبەدان:

هەموو شێوازێکی وانەوتنەوە، شێوازی پەروەردەکردنە. شێوازێک کە ئێستا زۆربەی هەرە زۆری مامۆستایانی هەرێمی کوردستان بە کاری دەهێنن، شێوازی ئاخاوتنە.

ئەم شێوازە سەر بە شێوازی راڤەكردنە، بەڵام لەبەر ئەوەی ناسنامە و رابردوويەكی مێژوویی هەيە، وەك شێوازێكی سەربەخۆ باسی لێوە دەكرێت. لە شێوازی ئاخاوتندا هەروەك لە ناوەكەيدا هاتووە لە دەربڕينی زارەكی بۆ لێكدانەوە و  تێگەياندنی بابەتەكان كەڵک  وەردەگیرێت.

لە شێوازی لە مجۆرەی وانەوتنەوەدا سەرەتا مامۆستا لەڕێگای خوێندنەوەی بابەتەکەوە خۆی ئامادە دەکات و (ئەگەر ئەزموونی بابەتەکەی هەبێت خوێندنەوەش نامێنیت) پاشان لە پۆلدا بابەتی ئامادەکراو دەخرێتە ڕوو و بۆ فێرخوازان باس دەکرێت. ئەوەی لە قوتابییان چاوەڕوان دەکرێت کارامەیی و ناسین و خەلقی زانست نییە، بەڵکوو لەبەرکردنی ئەو شتەیە کە مامۆستا باسی کردووە و گوێزراوەتەوە بۆ قوتابییان. ئەم کارە بیری قوتابیان ناورووژێنێت، پرسیاریان لا دروست ناکات و ئەو بابەتەی کە دەکرێت ببێتە شوێنی گفتوگۆ و ورووژاندنی بیری ڕەخنەگرانە، موڵکی مامۆستایە و فێرخوازان لەسەریانە بیپارێزن و لە کاتی خۆیدا بیدەنەوە.  

لە شێوازی ئاخاوتندا مامۆستا بە زۆری و بێ راوەستان لە پۆلدا قسە دەکات. قوتابییان ناچارن گوێ بۆ قسەکانی مامۆستا بگرن و ئەگەر پێویستی کرد شتەکان بنووسن و دواتر بیر لە قسەکانی مامۆستا دەکەنەوە، بەڵام لەگەڵ ئەو گفتوگۆ ناکەن. لە کۆتاییدا رەنگە لە نێوان مامۆستا و فێرخوازاندا چەند پرسیار و وەڵامێک ئاڵوگۆڕ بکرێت. هەڵبەت ئەم پرسیار و وەڵامانەش لایەنی گفتوگۆ و ئاڵوگۆڕی بیروڕای نییە و تەنیا بۆ ڕوونبوونەوەی مەبەستەکانە. بنەما و ئامانجی وانەوتنەوە بە شێوازی ئاخاوتن ئەوەیە، کە مامۆستا کۆمەڵێک زانیاری بە فێرخوازان ببەخشێت. لەم شێوازەدا مامۆستا هەوڵ دەدات قسەکانی پێ نەبڕن. ئەم شێوازە مرۆڤ دەخاتەوە بیر گوێگرتن لە رادیۆ و راگەیەنەکانی دیکە.

ئەگەر شێوازی فێرکردن قوتابی ناسانە و قوتابی تەوەر بێت، شێوازی ئاخاوتن، شێوازێکی ناچالاکە. ئەم شێوازە کە لەودا مامۆستا هەمەکارەیە و قوتابی گوێگر و ناچالاکە، وەک پائۆلۆ فریرە دەڵێت: لە ''سیستەمێکی بانکی'' دەچێت کە لەجیاتی پەروەردەکردن، ئەمانەتداری دەکات. فێرخوازان وەک ئەمانەتدار لە سەرخۆ ئەمانەتەکە وەردەگرن، دەیپارێزن و دەیدەنەوە. واتە بازنەی چالاکیی قوتابییان هەر ئەوەندەیە کە ئەمانەتەکە وەربگرن، بیپارێزن و بیدەنەوە.

لەم شێوازەدا مامۆستا گواستنەوەی بابەتەکان بە ئەرکی خۆی دەزانێت و فێرخوازان ناچارن ماشین‌ئاسا بابەتەکان لەبەر بکەن و وەک ئەمبارێک لە بەرچاو دەگیرێن کە پیویستە لەلایەن مامۆستایانەوە پڕ بکرێن. هەرچی ئەم دەفرانە بە جوانی پڕ بکرێن، سیستەم و خێزان و تاکی غافڵ لە سەردەم مامۆستاکە بە سەرکەوتوو وەسف دەکات و هەرچی ئەو دەفرانەش خوازڵۆکانە رێگا بە پڕبوونی خۆیان بدەن، لە چاوی مامۆستا و قوتابخانەوە فێرخوازانێکی باشن.

 لە هەر شوێن و سیستەمێک ئەم شێوازە رێگای زاڵی پەروەردە و فێرکردن بێت، پەروەردەکاران پێیانوایە خاوەنی مەعریفەن و ئەرکی ئەوان ئەوەیە، کە ئەم خەڵاتە ببەخشن بەو کەسانەی کە بەڕای ئەوان هیچ شتێک نازانن. ئەگەر مامۆستایان ئەم راستییەی نەزانن کارەساتە، کە مرۆڤ لەڕێگای توێژینەوە و چالاکی و داهێنانەوە کارامەیی و مەعریفە پەیدا دەکات، ئەویش لە رێگای لێکۆڵینەوەیەکی بەردەوام و دڵگەرمانە لەگەڵ جیهان و یەکتردا. ئەم شێوازە بۆ نەتەوە و کۆمەڵگەیەک کە کەوتووەتە بەر شەڕی ئایدۆلۆژی و ڕەشەکوژی و دەیەوێت لەناو ئاگری رق و توانەوەدا خۆی بناسێت و متمانە بە خۆی پەیدا بکات، نەک گونجاو نییە بگرە خراپیشە. خۆ بە خاوەن مەعریفە زانین و بەرامبەر بە گێل دانان، سروشتی ستەمکار و خۆسەپێنەرانە. ئەم جۆرە بیرکردنەوەیە حاشا لەوە دەکات کە پەروەردە و مەعریفە لە گفتوگۆ و رەخنە و لێکۆڵینەوەوە سەرچاوە بگرێت. لە سایەی ئەمجۆرە بیرکردنەوەیەدا مامۆستا بە جۆرێک خۆی بە قوتابییان دەناسێنێت کە لە خاڵی بەرامبەریاندایە و ئەوان کۆمەڵێک نەزانن و بەمجۆرە بوونی خۆی پاساو دەدات. لە بەرامبەردا ئەو قتابییانەی کە بەمجۆرە سەیر دەکرێن و بەمجۆرە پەروەردە دەکرێن، خۆیان ناناسن و نامۆن بەخۆ و ئەمانیش نەزانینی خۆیان دەکەنە پاساو بۆ پێویستی لەو جۆرەی مامۆستا و کۆیلەئاسا سەیری خۆیان دەکەن. واتە لە هەر دووحاڵدا نەزانین پاساوە بۆ پێویستی مامۆستا و پەیرەوکردنی ئەو شێوازە، لە حاڵێکدا هەروەک پێشتر ئاماژەی پێ کرا، مامۆستا نە زانستە و نە مەعریفە، چونکە ئەگەر وا بێت، بە مردنی زانست و مەعریفەش دەفەوتێت!

پائۆلۆفریرە، فەیلەسوف و مامۆستای رووناکبیری بەرازیلی کەلە نووسینی ئەم بابەتەدا کەڵک لە نووسینەکانی وەرگیراوە، پەنجا ساڵ پێش سەبارەت بە سیستەمی پەروەردە و فێرکردنی ناوچە و وڵاتانی وەک ئێمە هۆشداری داوە و دەڵێت: ''ئەم سیستەمە دیکتاتۆری بچووک بەرهەم دێنێت و هەرکات گەورە بوون و دەرفەتیان بۆ رەخسا، دیکتاتۆری دەکەن''.

 فریرە باوەڕی وایە لە پۆلێکدا کە مامۆستا ئاخێوەری سەرەکییە، پەیوەندییەکی دەسەڵاتخوازانە دروست دەبێت. واتە فێرخواز خوو بە دەسەڵاتەوە دەگرێت و هەمیشە روانینی لە خوارەوە بۆ سەرەوە دەبێت و لەگەڵ فەرمانبردن و ملکەجیدا ڕادێت و هەرکات دەرفەتی بۆ بڕەخسێت وەک مامۆستاکەی حوکمڕانی دەکات.  واتە یەکەم دەسکەوتی ئەم شێوازە دروستبوونی پەیوەندییەکە لەسەر بنەمای هێز و دەسەڵات و قەبووڵکردنی ئەم بنەمایە لەلایەن فێرخوازەوە. هەرکات قوتابیان دەبن بە چاودێری پۆل، ئەم دەسەڵاتداری و زەخت و زۆرەیان لێ دەبینرێت و ئەمەش بەڵگەیە بۆ سەلماندنی بوونی ئەمجۆرە پەیوەندییە لە پۆلدا.

ئەو فێرخوازانەی کە بەمجۆرە شێوازە پەروەردە دەکرێن، کاتێک دێنە ناو کۆمەڵگە، دەبنە بەڕێوەبەرێک، فەرمانبەرێک و... پەرە بە دەسەڵاتخوازی دەدەن. ئەگەر لە کۆمەڵگەیەکدا لە هەموو بەش و پیشەکاندا و لە هەڵسوکەوتی رۆژانەدا پەیوەندیی فەرمانڕەوایانە حاکمە، هۆکارەکەی ئەوەیە کە لە قوتابخانە و لە منداڵییەوە بە شێوەی ئاشکرا و نهێنی، بە فەرمی و نافەرمی فێری دەسەڵاتخوازی و خووی فەرمانڕەوایانە دەکرێن و سەرەنجام هەر ئەو منداڵانە کاتێک دەرفەتی دەسەڵاتدارییان بۆ ڕەخسا، خۆیان دەسەپێنن. ئەگەر کۆمەڵگەیەکیش ئەم دیاردەیەی تێدا بێت، تاکەکان لە هەموو بارودۆخێکدا ملکەجن، بەڵام لە شوێنێکدا کە پەیوەندیی بە پیشە و بەرپرسایەتییانەوە بێت، حاکم و ملهوڕن. دەروونناسەکان لەمبارەوە دەڵێن، دیکتاتۆرەکان لە کات و پێگەی لاوازیدا ملکەج و لە کاتی بەهێزبوون و دەسەڵاتداریدا ملهوڕ و دیکتاتۆرن.    

سیستەمی پەروەردەی بنیاتنەر دەبێت هەر لە سەرەتاوە ناکۆکی و جیاواز جەمسەری نێوان مامۆستا و قوتابی بسڕێتەوە و لە ئاشتکردنەوەی ئەو دوو جەمسەرەوە دەست پێ بکات، بە جۆرێک هاوکات هەردوولا هەم فێرکار بن و هەم فێرخواز، بەڵام لە بیرمان نەچێت کە بە شێوازی ئاخاوتن و خوتبەدان ئەم ناکۆکییانە لەناو ناچێت و بە پێچەوانە دەپارێزرێن و تەنانەت زیندووش دەبنەوە.

 

چۆن ئەم سیستەم و شێوازە بناسین؟

ناسینی ئەم شێوازەی وانەوتنەوە و پەروەردەکردنە کارێکی هێندە گران نییە، تەواوی ئەو ڤیدیۆیانەی کە لە سەردەمی پەتای کۆرۆنا لە قوتابخانەی ئەلێکترۆنیدا بڵاو ببوونەوە هەمووی  نموونەن بۆ ئەم شێوازە. لەم شێوازەدا مامۆستا کە هەموو شتێک دەزانێت بە خوتبەدان دەیەوێت فێر بکات و قوتابیانیش کە کۆمەڵێک نەزانن، دەبێت فێر بن. مامۆستا بۆ قوتابییان بیر دەکاتەوە و قسە دەکات و ئەوانیش خاکەڕایانە و خوازڵۆکانە گوێ دەگرن، مامۆستا زەبت و ڕەبتی هەیە، ڕێککارە و هەڵدەبژێرێت و بژاردەی خۆی دەسەپێنێت، فێرخوازانیش ڕێک دەخرێن و دەبێت خۆیان بگونجێنن. لەم شێوازەدا مامۆستا ئیشەکان ئەنجام دەدات و قوتابیان بە دیتنی کردار و چالاکییەکانی مامۆستا پێیان وایە کە کار دەکەن، لە ڕەوتی پەروەردە و فێرکردنی لەم چەشنەدا مامۆستا چالاک، بکەر و کارسازە و قوتابییانیش ناچالاک، لە قاڵبدراو بەرکارن.

 

لێکەوتەکانی

 ئەزموون و لێکۆڵینەوەکان ئەوە نیشان دەدەن کە هەرچی قوتابییان زیاتر خۆیان بە پاراستن و هەڵگرتنی ئەمانەتەکانەوە هیلاک بکەن، کەمتر دەتوانن بیر بکەنەوە، کەمتر بیر لە وشیاری ڕەخنەگرانە و داهێنان دەکەنەوە و بەمجۆرە وزە و هێزی گۆڕانخوازی و گۆڕانکارییان لاواز دەبێت و زیاتر بیر لە خۆگونجاندن و سازش لەگەل دونیای دەوروبەریان دەکەنەوە، ئەمەش نەک بۆ کۆمەڵگەی کوردی، بۆ تەواوی ئەو کۆمەڵگەیانەی کە بەدوای ئازادی و پێشکەوتنەوەن، باش نییە.

خێری ئەم شێوازی خوتبەدان و مناڵ خجڵکردنە بۆ خۆسەپێنەران و ستەمکارانە، چونکە ئەم رێگایە توانای داهێنانی قوتابییان کز، یان لەناو دەبات و ئەوانیش حەز ناکەن سڕی جیهانیان هەڵماڵرێت و نایانەوەێت جیهان جۆرێکی تر ببینن. چاوی ئەوان بەرایی بینینی سەربەخۆیی تاک نادات و بەدوای چارەی دواکەوتووییەوە نییە، بەڵکوو ئەبڵەقی بەرژەوەندییەکانی خۆیانە. هەربۆیە بەرامبەر بەو شێوازانەی فێرکردن کە داهێنان و رەخنە بەرهەم دێنێت هەڵ دەبەزنەوە و بەرژەوەندییان لەوە دایە کە قوتابیان خۆیان بگونجێنن، چونکە دواتر ئاسانتر دەستەمۆ و کۆت و بەند دەکرێن.          

مەرج نییە ئەم جۆرە پەروەردەکردنە داڕێژرا و دیاریی سیستەمێک بێت، بۆ نموونە ئەم مۆرکە هەرگیز بە دەسەڵاتی هەرێمی کوردستانەوە نالکێت، بەڵام ئەکرێت میراتی سیستەمێک بێت. راستییەکەی ئەوەیە ئەم جۆرە شێوازانەی پەروەردە و فێرکردن لە قوتابخانەکانی هەرێمی کوردستاندا شێوازی زاڵن و گرفتەکە لە بەڕێوەبەری پەروەردە و بەتایبەت لەناو مامۆستاکاندایە. کاتێک پەروەردەیەک لە بەڕرێوەبردندا شێوازی کونترۆڵکردن دەگرێتە پێش، لەسەر ئەو بنەمایە مامۆستاش لە کارەکەی خۆیدا هەمان ڕێگا دەگرێتە بەر و ئاسانترین و باشترین ڕێگاش بۆ کونترۆڵی پۆلەکان بەکارهێنانی شێوازی لەمجۆرەی وانەوتنەوەیە. لێرەدا مەبەست سەلماندنی بڕیار و ئەنقەست نییە، دەکرێت ئەنجامی نائاگایی بێت. 

بەدڵنیاییەوە ژمارەیەکی زۆر لە مامۆستایان لە ناخی خۆیاندا چاکەخوازن، بەڵام لەڕاستیدا وەک فەرمانبەرانی بانک کەوتوونەتە خزمەتی ئەم شێوازە. دەی کە وابوو پێویستە مامۆستایان شۆڕشگێڕانە لەم پرسە گرنگە بڕوانن و هەوڵی گۆڕینی بدەن. پێویستە کۆششی مامۆستایان تێکەڵ بە تێکۆشانی فێرخوازان ببێت هەتا نەوەیەکی ڕەخنەگر، بەتوانا، خاوەن کەسایەتیی بەهێز، داهێنەر، دەروەست و بەرپرس پەروەردە ببێت و یارمەتیی گەشەی هەمەلایەنەی کۆمەڵگە بدات.

ئەگەر ناکۆکییەکانی نێوان مامۆستایەتی- قوتابی کۆتایی بێت، ئەگەر فێرخوازان بتوانن ڕاستەوخۆ بەشداریی پرۆسەی فێربوون بن و یارمەتیی یەکتر بدەن، ئەگەر خۆیان بناسن و متمانە بە توانایی و هێزی داهێنانی خۆیان بکەن و بەگشتی ئەگەر بۆ نموونە ئەم شێوازەی پەروەردە جێگای خۆی بدات بە شێوازی گفتوگۆ، ئەوا هەنگاو بەرەو خاڵیکردنی ژێرپێی زۆرداران و چەوسێنەران دەهاوێژرێ و هەوڵە پەروەردەییەکان دەچێتە خانەی ڕزگارکردن و سڕینەوەی بەستێنەکانی بێبەشی و چەوساندنەوە. ئەمەش یەک لە پێویستییە بنەڕەتییەکانی کۆمەڵگەی کوردییە و ئەرک و شانازییەکەی بۆ مامۆستایان دەمێنێتەوە.

ئەم شێوازە لە فێرکردن، ڕێگرە لە پەیوەندیی بنیاتنەری فێرخواز لەگەڵ خۆی، لەگەڵ جیهان و ئەوانی‌تر، فێرخواز تەماشاڤانە نەک داهێنەر و ئەزموونکار. لە ڕوانگەی ئەم شێوازەوە فێرخواز وشیار و توانا نییە و ناتوانێت زانست خەلق بکات، بەڵکوو ئەمانەتدار، حەماڵ و هەڵگری زانستە. مێشکی فێرخواز دەفرێکی خاڵییە کە بە ئەمانەت دراوەتە دەست مامۆستا بۆ ئەوەی چی پێ باشە و چۆنی پێ باشە پڕی بکات. ئەو منداڵانەی کە بەم شێوازە پەروەردە دەبن، زیاتر خۆیان لەگەڵ جیهان دەگونجێنن، وەک لەوەی بیانەوەێت بیگۆڕن. جا ئەگەر بێت و ئەو جیهانەش ئەوەی بێت کە چەوسێنەران و داگیرکەران دروستیان کردووە، ئەوا ئیتر ئاسایشی ئەوان لە خۆگونجاندنی ئەماندایە و سەربەخۆییان ناوێ و هەست دەکەن بێ خزمەتی دونیای ئەوان هەڵناکەن و ئامادەن ماڵی خۆیان بشێوێنن بۆ ئەوەی کۆشکی ئەوان نەڕووخێت!

وانە و ئەرک و هەڵسەنگاندن لەمجۆرە پەروەردەکردنەدا سەرچاوەی ترسن و کۆسپی سەر ڕێگای بیرکردنەوەن، سەرچاوەی بیرکردنەوە وشک دەکات و رێگاکانی بیرکردنەوە کوێر دەکاتەوە. ئەم شێوازە لە فێرکردن ئاسایشی بۆ فێرخوازان تێدا نییە، فێرخواز دەترسێت لەوەی کە قسە بە مامۆستاکەی ببڕێت، کەشی کپکراوی ناو پۆل بشێوێنێت، بابەتەکانی بۆ لەبەر نەکریت و نەتوانێت نمرەی پێویست وەربگرێت. لەناو ئەم هەمووە ترسەدا فێرخواز ناتوانێت پەیوەندییەکی راستین لەگەڵ خۆی، لەگڵ مامۆستا، لەگەڵ ئەوانی‌تر و دەوروبەری چێ بکات. ڕوونە کە بەهۆی پەیوەندییەوەیە ژیانی مرۆڤ مانا پەیدا دەکات. بەبێ پەیوەندی ئەو بیرکردنەوەی لای مرۆڤ دروست نابێت کە بیهەوێت لەگەڵ واقعیەت و راستییەکان پەیوەندی هەبێت و خۆی لەگەڵیان ڕێک بخات. ئایا مامۆستا و شێوازەکانی پەروەردەکردنی لە بەرامبەر ژیانی مرۆڤدا بەرپرسایەتییان نییە؟   

ئەمجۆرە پەروەردەیە هەوڵ دەدات بیرکردنەوە و کردار بخاتە ژێر ڕکێفی خۆی و مرۆڤ ناچار بە خۆگونجاندن بکات، واتە ئەوەی هەیە قەبووڵی بکات و لە هەوڵی گۆڕانیدا نەبێت. لەگەڵ ئەوەشدا فێرخوازێک کە بە شێوازی لەمجۆرە پەروەردە دەبێت مرۆڤ وەک کەرەستە یان تەنێک دەبینێت و پێی خۆشە خۆی بکاتە خاوەنی و بیخاتە خزمەتی خۆیەوە، ئەگینا ناتوانێت پەیوەندیی لەگەڵ چێ بکات و هەرکات ئەو خاوەنداریەتییەش بکەوێتە مەترسییەوە، وا هەست دەکات خۆی کەوتووەتە مەترسییەوە و کاردانەوەی دەبێت.

دوو شت دەبێتە مایەی ئازار و بێزاری هەم بۆ مامۆستا و هەم بۆ فێرخواز. یەکەم، سیستەم و کارگێڕی و بابەت ڕێ لە کرداری دەروەستانەی مامۆستا بگرن و دووەم، فێرخواز لەبەر ئەوەی  تواناییەکانی خۆی نەناسێت وەک مرۆڤێک نەتوانێت کەڵکی پێویست لە تواناییەکانی خۆی وەربگرێت. ئەڵبەت ناخۆشتر ئەوەیە هەردوولا تەسلیمی ئەم گرفتانە ببن، بەتایبەت مامۆستایان ببنە هۆکاری ئەمجۆرە پەروەردەیە.

ئەمجۆرە پەروەردەیە مرۆڤی ئازاد و سەربەست پەروەردە ناکات، مرۆڤی کۆیلە بە زەحمەت بتوانێت رزگاریکەر بێت. لە دوای ڕووخانی دەسەڵاتی ستەمکاری بەعس چاوەڕوان نەدەکرا لە قوتابخانەکانی باشووری کوردستانی ستەمدیتوو کەڵک لەو جۆرە شێوازانە وەربگیرێت کە یارمەتیی سەربەستبوونی تاک و خۆناسین و متمانە بەخۆکردن و داهێنانی فێرخوازان نادات، بەڵام بەداخەوە ئەمجۆرە شێوازانە ڕەگی قووڵی هەبوو و توانی بژوێتەوە. ڕەنگە گرفتەکە پەیوەندیی بەوەوە بێت کە کۆمەڵگە نوخبەی بواری پەروەردە، توانایی و شارەزایی پێویستی لەو بارەوە نەبووبێت، یان کۆمەڵگە بەرامبەر بە ''مرۆڤ'' بێ متمانە بووە، بۆیە دەرگا لەسەر هەمان گێژەن چەرخا.

شێوازێکی پەروەردەیی کە مرۆڤ لەخۆ نامۆ دەکات، چۆن دەتوانێت تاکێک پەروەردە بکات کە خۆی ڕزگار بکات و لە بیری ڕزگاریی مرۆڤی دیکەدا بێت. مامۆستایەک کە خۆی بە پێشەنگ دابنێت، بیر لە سەربەستی نەتەوەکەی بکاتەوە، خۆی بە دڵسۆز و چاکەخواز و بەتوانا دابنێت، نە لەمجۆرە شێوازانە کەڵک وەردەگرێت و نە لە بیری پڕکردنی  زەین و مێشکی فێرخوازەکانیدایە. ڕووخانی شێوی پەروەردەی ستوونی (لە سەرەوە بۆ خوار)  لە کۆمەڵگەی ئێمەدا وە درەنگ کەوتووە، پێویستە هەرچی زووە بڕووخێت و پەروەردە بەگشتی شێوەی ئاسۆیی وەربگرێت.     

لە شێوازی خوتبەدان و ئاخاوتندا هێزی داهێنان دەنوێت و ڕێ لە سەرهەڵدان و خۆدەرخستنی دەگیرێت. ئەو فێرخوازانەی کە بەم شێوازە پەروەردە دەبن، دواتر کە لەگەڵ ڕاستییەکان، گرفت و پرسەکانی ژیان بەرەوڕوو دەبن، لە هەوڵی دۆزینەوەی چارەسەر و داهێنانی ڕێچارەکاندا نین، بەڵکوو مل بە خەباتێکەوە دەنێن کە دەروەستییەکی زۆری تێدا نییە و سەرئەنجام خەتای ڕووداو روونەداوەکان دەخەنە ئەستۆی کەس و لایەنی دیکە و چارەسەر لە ڕووخاندا دەبینن. خەبات و ململانێیەک کە بەهۆی کەسانی لەخۆ نامۆوە دەست پێ بکات زۆر دەسکەوتی بۆ خۆیان نابێت. لەڕاستیدا پەروەردە و فێرکردن لە وڵاتی ئێمەدا و بەتایبەت لە قۆناغی بنەڕەتیدا دەبێت مەشقی خۆناسین، متمانە بەخۆکردن، بەهێزکردنی کەسایەتی، کارامەییەکانی ژیان، ڕوونکردنەوەی ئامانج و ئۆگرییەکان و ئازادی بکات، نەک بەستنەوە، خۆبەکەمزانین، کۆیلەکردن، سازش و سازان لەگەڵ ترس.

ئەم شێوازە راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ بیری ''چارە نییە و چارەنووس وایە''ی لایەنی کۆمەڵایەتی مرۆڤ بەهێز دەکات و دەبێتە هاندەرێک بۆ دروستبوونی تێگەیشتنی ساویلکانە، یان خورافی و مرۆڤ خۆی رادەستی چارەنووس و ناوچاو دەکات. لێرەدا دەکرێت بڵێین قوتابخانە و زانست دەکەوێتە خزمەتی خورافات. پێویستە سیستەمی پەروەردەی کۆمەڵگە هاوشێوەکانی کۆمەڵگەی کوردستان بە ئاسانی بە کەنار هەموو شێوازێکی وانەوتنەوە و پەروەردەدا تێنەپەڕن و مامۆستایش واز لەخۆ بە رۆشنبیر زانینی خۆی بێنێت.

مامۆستایان دەزانن هەموو تۆوێک بۆ ئەوەی بڕوێت و گەشە بکات، پێویستی بە هەلومەرجی تایبەتی و جیاواز هەیە و باوەڕیان بە جیاوازیی نێوان فێرخوازانیش هەیە، کەچی بۆ فێرکردن و پەروەردەکردنی هەموویان یەک شێوازی وانەوتنەوە دەگرنە پێش. ڕاستە، خۆ ناکرێت بۆ هەر فێرخوازێک شێوازێکی تایبەت لە بەرچاو بگیرێت، بەڵام خۆ دەکرێت بابەتەکان و فێرکردن بگۆڕن بۆ دەرفەت و بەستێنی گفتوگۆی هەموویان، خۆ دەکرێت لەجیاتی پێ لەبەرکردنی چوار پێنج دێڕ داڕشتە، منداڵان چیرۆکی زەماوەندی خوشک و برا و مام و پوور و... خۆیان باس بکەن.

هەر لە درێژەی شێوازی لەمجۆرەدا جاری وا هەیە مامۆستا چەند لاپەڕەو بابەتێک لە پەرتووکەکە بۆ فێرخوازان دەستنیشان دەکات و داوایان لێ دەکات لەبەری بکەن و وانەی داهاتوو ماشین‌ئاسا بیڵێنەوە. ئەم شێوازەی وانەوتنەوە لە دروێنەکردنێک دەچێت کە مالک و خاوەن کێڵگەیەک دروێنەکردنی کوتەڵە زەوییەک بخاتە ئەستۆی کۆمەڵێک کرێکار و پەڵۆڕن. چاودێری و لێپرسینەوەی دواتریش بۆ ئەوەیە کە دروێنەکە بە جوانی کرابێت، هیچ شپرزەیی و لەکیسچوونێک ڕووی نەدابێت. لەم پەڵۆڕنییەدا قوتابی هەرچی داسی یادگەی تیژتر بێت، دەفرەکەی زیاتر پڕ دەکات و لە کۆتاییدا هیلاکی و پەنجەی پڕ دڕکی بۆ دەمێنێتەوە و تا خەریکی ئەم ئیشەش بێت سفرەی زانستی ژیانی خاڵییە و موحتاجی خاوەنکارە.

ئەگەر لە گۆشەنیگای بەرژەوەندیی نەتەوەیی و سەردەمی زانست و تەکنەلۆجییەوە بۆی بڕوانین، ئەم شێوازە پەروەردەکارانە نییە، نادادپەروەرانەیە. ڕاستە  فێرخوازان شوکرانەبژێرن کە خواردنی ساڵێکیان دەسکەوتووە و توانیویانە ساڵێک لە بەناو خوێندن تێپەڕێنن و نمرەی دەرچوون و بەڕێکردنی کاتی بێ دەسکەوت وەربگرن، بەڵام بەگشتی ئەم ڕێگایە هەژاری، چەوساندنەوە و کۆیلایەتیی فێرخوازانی لێ بەرهەم دێت.  لەم ئیشەدا مامۆستا هیچ کارامەیی و زانستێکی زیاتر پەیدا ناکات، تەنیا وەک مالکێک دڵی بە ئەزموونی خۆی خۆشە.

ڕەنگە  مامۆستایەک لەکاتی خوێندنەوەی ئەم نووسراوەدا شوکرانەبژێری ئەوە بێت کەلە قوتابخانەکەی ئەودا بەم شێوازە وانەکان ناوترێنەوە و پەیوەندیی نێوان پەروەردەکاران و قوتابی لە سەرەوە بۆ خوار نییە. جێی خۆشحاڵییە ئەگەر وا بێت، بەڵام با وەک نموونە ئەم چەند پێوەرەش لە بەرچاو بگرێت کە راستییەکان زیاتر ڕوون دەکاتەوە.

١. لە بەشەوانەیەکی ٤٠ خولەکیدا ماوەی ئەو خولەکانەی کە مامۆستا قسە دەکات و فێرخوازان قسە دەکەن چۆنە؟ ئەگەر پشکی زیاتری ئەم کاتە بەر مامۆستا  بکەوێت، قوتابی ملکەچی مامۆستای دەسەڵاتدارە،

٢. با بەراوردی ژمارەی ئەو پرسیارانە بکرێت کە مامۆستا لە قوتابیانی دەپرسێت و قوتابیان لە مامۆستای دەپرسن.

٣. با بەراوردی چالاکیی تاک و گرووپی لە پۆلدا بکرێت، بۆ نموونە ڕێنووسی بەکۆمەڵ، داڕشتەی بەکۆمەڵ. وێنەکێشانی بەکۆمەڵ، تاقیکردنەوەی بەکۆمەڵ و....

٤. با بەراوردی حەز و خێرایی چوونە ژوورەوە و هاتنەدەرەوەی فێرخوازان بۆ پۆلەکان بکرێت.

٥. با بەراوردی کەلوپەل و پێداویستیی ژووری بەڕێوەبەر و مامۆستایان لەگەل فێرخوازاندا بکرێت.

٦. با بەراوردی کۆبوونەوەی مامۆستایان و کارگێڕی لەگەڵ کۆبوونەوەی قوتابیان لە ماوەی ساڵێکدا بکرێت.

٧. با مامۆستا ژمارەی ئەو چیرۆک و بیرەوەرییانەی خۆی کە دەیگێڕێتەوە لەگەڵ ئەوانەی کە قوتابیان باسی دەکەن، یان لە تێنووسەکانیاندا دەینووسن بەراورد بکات.

٨. با بەراوردی ژمارەی پرسیارەکانی بۆشایی و هەڵبژاردن و ڕاکێشان لەگەڵ ئەو پرسیارانەدا بکرێت کە فێرخوازان بە شرۆڤە و رای خۆیان وەڵامی دەدەنەوە.       

 

گفتوگۆ

هزرێک کە بەدوای ڕیزکردنی راستییەکانەوە بێت و بیهەوێت مرۆڤ خۆی لەگەڵیان بگونجێنێت، هزر و بیرێکی ساویلکانەیە کە ئێستا و داهاتوو بە درێژەی بەردەوامیی رابردوو دەزانێت. لە بەرامبەردا بیرێکی ڕەخنەگر دەیهەوێت لە ڕێگای گۆڕانی واقعیەتەکانەوە گۆڕانکاری لە جیهاندا دروست بکات. ئەگەر مرۆڤ هێزی ڕاکێشانی زەوی وەک راستییەک قەبووڵ کردبا و بیری لە گۆڕان نەکردبایەتەوە، هەرگیز نەیدەتوانی دەست بەسەر بۆشایی ئاسماندا بگرێت و بیر لە ژیان لەسەر هەسارەی دیکە بکاتەوە. ئەم هزرەش بەرهەمی گفتوگۆ و پەیوەندییە، گفتوگۆی نێوان فێرخواز و مامۆستاش بە بینینی یەکتر دروست نابێت، بە نیگای ستوونی دروست نابێت، گفتوگۆ و پەیوەندیی بنیاتنەر کاتێک دەست پێدەکات کە بابەتی گفتوگۆ خواست و مەبەستی هەردوولا بێت، کە پەیوەندییەکی ئاسۆییان هەیە بۆ ئەوەی دەروەستییەک بەرامبەری دروست ببێت.  

بۆ ئەوەی بەستێنی گفتوگۆ فەراهەم بێت، دەبێت ڕێکخستنی بابەتەکانی پەروەردەو فێرکردن لەگەڵ ڕاستییەکان و خواستی کۆمەڵگە بگونجێت. ئەگەر ڕاستییەکان بوون بە پرسی خەڵک، خەڵک بەداوی وەڵامەکەیدا دەگەڕێت. بابەتەکانی پەروەردە و فێرکردن نابێ ببێت بە شوێنێک بۆ سەپاندنی  ئایدۆلۆژییەک (وەک ئەوەی لە قوتابخانەکانی ئێراندا هەیە)، نابێ ببێتە شوێنی نمایشی ڕوانگە و دیدی بەڕێوەبەران بۆ مرۆڤ و پەروەردە و جیهان و بەمجۆرە ئایدۆلۆژی، یان دیدی بەشێک ببێتە شوێنی گفتوگۆی نەوەکان.

درێژەدان بە شێوازی ئاخاوتن لە قوتابخانەکاندا پێشگرتنە لە شێوازی چالاک و کاریگەری وەک گفتوگۆ و هۆکارە بۆ دابەزاندنی  پلەی مرۆڤ بۆ ئاستی کەرەستە و شتومەک و ئەمەش پیشەی مرۆڤی دڵسۆز و دادپەروەر نییە کە خوازیاری گۆڕانی ریشەیی و بنیاتنەرانەن. شێوازی گفتوگۆ بە پێچەوانەی ڕێگای ئاخاوتن ڕێ بە مامۆستا نادات بێ فێرخواز، یان بۆ فێرخواز بیر بکاتەوە، بەڵکوو تەنها دەتوانێت لەگەڵ فێرخوازدا بیر بکاتەوە؛ چونکە ئەگەر وا نەبێت ڕەوایی و کاریگەریی خۆی لە دەست دەدات.  گفتوگۆ وەک بەستێنێکی بە بایەخ بۆ پەیوەندییەکی کارساز و بنیاتنەرانە دەتوانێت بنەمایەک بێت بۆ کاری هاوبەش؛ لەبەر ئەوە لە گفتوگۆدا فریودان، سەپاندن و دەستەمۆکردن نییە.

دڵسۆزی و دەروەستیی مامۆستایان بۆ فێرخوازان هاوکات دەروەستییە بۆ ئازادی و دادپەروەری و هەر بەپێی ئەم دەروەستییانەش مامۆستایان نابێت لە هەوڵی سەپاندنی بژاردە و ویستی خۆیان بەسەر قوتابیاندا بن. لە کرداری سەپاندندا جیهان کەشف نابێت، مەبەستێک کە فێرخواز مەرامیەتی.

پائۆلۆ فریرە، زۆر راشکاوانە لەمبارەوە دەڵێت: ''شێوازی گفتوگۆ دەبێتە هۆی داهێنان، خۆ پێگەیاندن و گەشەکردن و نەوەیەک دەتوانێت ببێتە هۆکاری گەشە کەلە منداڵیدا و لە پرۆسەی فێربووندا گفتوگۆی هەست پێکردبێت، ئەزموونی کردبێت و چێژی لێ وەرگرتنێت''.

لەبیرمان نەچێت نەتەوەی کورد بەدوای ئازادییەوەیە و دەیهەوێت کۆمەڵگەیەکی ئازادی هەبێت، گەشە بکات و مامۆستاش بە کردەوە لەم ڕێگایەدا دەور و دەروەستی هەیە.