ئەو پێشمەرگەیەی خاوەن بیرۆکەی بەرزکردنەوەی خاچەکەی كەنیسەی باشیک بوو وەڵامی بەرھەم ساڵح دەداتەوە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

ئەو پێشمەرگەیەی خاوەن بیرۆکەی بەرزکردنەوەی خاچەکەی كەنیسەی باشیک بوو وەڵامی بەرھەم ساڵح دەداتەوە


ئەمڕۆ هەینی بەرهەم ساڵح لە وتەیەكدا كە لەبەردەم پاپای ڤاتیکان پێشكەشی كرد، بە شێوەیەكی نادروست و شێوێندراو باسی لە ڕووداوی بەرزکردنەوەی خاچەكەی سەر یەکێک لە كەنیسەكانی باشیکی گێرایەوە، لەمبارەیەوە پێشمەرگەیەكی زێرەڤانی كە خاوەنی بیرۆكەی بەرزكردنەوەی خاچەكەیە، وەڵامی بەرھەم ساڵح دەداتەوە.

نزار میکائیل ئەفسەری پێشمەرگە لە سوپای زێرەڤانی كە خاوەنی ئەو بیرۆکەیەیە و لەگەڵ ئازادکردنی باشیک، خاچێكیان لەسەر كەنیسەی باشیک بەرز كردەوە، ڕووداوەكە بۆ (باسنیوز) دەگێڕێتەوە و دەڵێ "ئەوکات پلانی ئازادکردنی باشیک دانرا بوو، لیوا بەھجەت سێلکی بەرپرسی ھەواڵگری ھێزەکانی پێشمەرگەی زێرەڤانی پەیوەندی پێوە کردم کە پلان ھەیە بۆ ئازادکردنی باشیک، ئەوکات لە بارزان بووم و ئەوەم بە بیر هاتەوە کە داعش سەرجەم كەنیسە و شوێنە ئاینییەكانی پێکھاتەکانی وێران کردووە، بۆ ئەوەی بۆ ھەموو جیھانی بسەلمێنین کە پێشمەرگە پارێزەری ھەموو پێکھاتەکانە، بیرم لە بەرزكردنەوەی خاچێك كردەوە لەسەر كەنیسەیەكی ئەو دەڤەرە، بۆ ئەمە پەیوەندییم بە لارا زارا یوسف کرد کە ئێستا قایمقامی ئەلقوشە، تا ھێمایەکی خاچم بۆ دروست بکات، بیرۆکەكەم پێگوت زۆر بە لایەوە جوان بوو".

ئەفسەرەكەی زێرەڤانی درێژە بە گێڕانەوەكەی دەدات و دەڵێ "دوای ئەوەی باشیکمان ئازاد کرد و دەستمان بە پاککردنەوەی ناو باشیک کرد، یەکەم کارمان بەرزکردنەوەی ھێمای خاچ بوو لە یەکێک لە كەنیسەكان، ئەو کاتەش لارا زارا یوسف بەشداری کرد لە بەرزکردنەوەی خاچەکە، دوای بەرزکردنەوەی خاچەکە، پێشمەرگە یەکەم زەنگی لەسەر كەنیسەكە لێدا".

لەبارەی ئەوەشەوە كە داخۆ ئەوکات سوپای عێراق لە کوێ بوو؟ ئەفسەرەكەی پێشمەرگە دەڵێ "سوپای عێراقی لێ نەبوو، ئەگەر پێشمەرگە نەبوایە، داعش بەغداشی کۆنترۆڵ دەکرد، مووسڵیش بە سوپای عێراق ئازاد نەدەکرا، ئەوکات ئێمە ئەو خاچەمان بەرز کردەوە، سوپای عێراق لە لای بەرتلە و حەمدانیە بوون".

نزار میكائیل لە كۆتایی لێدوانەكەیدا، داوای لە بەرھەم ساڵح كردووە سەروەری و سەرکەوتنەكانی پێشمەرگەی لەبەرچاو بێت، ئەوەی بەرھەم ساڵح ئەمرۆ باسی کرد، ناراست بوو.