ئاسۆ عەبدوللەتیف: گرووپێك دەیانەوێ قەوارەی هەرێمی كوردستان نەمێنی و خۆشیان دوو فلسیان دەستبكەوێ
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

ئاسۆ عەبدوللەتیف: گرووپێك دەیانەوێ قەوارەی هەرێمی كوردستان نەمێنی و خۆشیان دوو فلسیان دەستبكەوێ

”دەستكەوتەكانی ڕاپەڕینیان قەبووڵ نییە بەڵام دەستكەوتەكانی دەسەڵاتی حەشد پیرۆز دەكەن“

نووسەرێك لە شاری سلێمانی رەخنەی توند لەو دەستە و تاقم و گرووپانە دەگرێت كە بە پاساوی جۆراوجۆرەوە دژایەتیی پرسە نەتەوەیی و نیشتمانییەكانی خەڵكی هەرێمی كوردستان دەكەن، كەچی دەستكەوتەكانی حەشدی شەعبی پیرۆز دەكەن.

ئاسۆ عەبدوللەتیف، نووسەر لە وتارێكیدا كە بە ناونیشانی (بە بیانووی ڕاپەرینەوە) لە پێگەی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (فەیسبووك) بڵاوی كردۆتەوە، ئاماژەی بەوە داوە: ”دەسکەوتەکانی ڕاپەرینیان قەبووڵ نییە، بەڵام دەستکەوتەکانی دەسەڵاتی حەشدی ئایینیی عەرەبیی شیعە پیرۆز دەکەن!“.

روونیشی كردۆتەوە، هەندێک گرووپ کە چەمکی دەوڵەت نەتەوەیان قەبووڵ نییە و دژی سەربەخۆیی و قەوارەی ئازاد و خاوەن بڕیاری هەرێمی كوردستان دەوەستنەوە. خەریکە لە یادی ڕاپەڕینەکانی ئادار و نەورۆز و هەڵەبجەدا هەموو جوانییەک ناشرین بکەن بە بیانووی گەندەڵی و فەسادی ئیداری. ئەو تایپە لە بەغدا سەما و ماکیاژی ساختەیان پێباشترە لەبەردەم بزوتنەوەی مەزهەبیی زاڵی عەرەبیی شیعیی بەبێ هیچ پرێس کۆنفرانس و بیانوویەک، لە کوردستانیش خەریکی گێڕانەوەی چیرۆکی بێمتمانەکردن و بێ ئینتیماکردنی خەڵکن لەخۆڕا، گوایە لەبەر شکۆی خەڵک و فەزیلەتی تاک و خۆشگوزەرانی هاووڵاتیان و مووچەکانیان هەموو هەوڵێک دەخەنەگەڕ.

دەشڵێت: ”ئەو گرووپانەی کوردستانیان دابەش کردووە بۆ خۆیان، دەبێ ئەوە بزانن کاریگەریی خراپی دەبێ بۆ ئایندەیان، گرنگە لە بری بێئومێدکردنی خەڵک، دەنگ هەڵبڕین و گوتاری سیاسی و ئەجێندای خۆیان پاک بکەنەوە لە جەهل و نیفاق و لە کوردستان قسەیەک نەکەن و لە ژێر دارخورماکانیش قسەیەکیتر“.

ئاسۆ عەبدوللەتیف لە وتارەكەیدا باسیشی لەوە كردووە، ئەو گرووپەی دژی مەزهەب و کەلتوری خێڵ و دەرەبەگایەتییە لە هەرێمی كوردستان، ناکرێت لە نێو پەرلەمانی عێراق و بارەگای برادەران لە ناوچەی سەوز و کازمیە و ئەبونەواس بە سیاسەتی ئایینی و تەقلیدیی و نەخوێندەوارترین قەبیلەی مەزهەبیی دینی و عەرەبیی شیعی رازی بن و موبارەکە و موبادەرەی بکەن. لە بەغدا خەنی بن بە وێنەگرتن لەگەڵیان بۆ وەرگرتنی پۆست و ئیمتیاز، لێرەش کوچک لە ئاگر گەرمتر دژی دەستکەوتەکانی راپەرین بوەستنەوە!

پرسیاری ئەوەشی كردووە، بۆچی لە عێراق ورتەیان لێوە نایەت و ڕازین لەگەڵ خانەوادە زاڵەکانی عەرەبی شیعە و عەمامە بەسەرەکان و سیاسەتی مەرجەعیەت و حەوزە کار بکەن، کەچی لە هەرێمی كوردستان دانویان لەگەڵ کەس ناکوڵێ و  باسی دادوەریی و سیکولاریزم و مەدەنیەت دەکەن و دەستکەوتەکانی راپەرین سووک و ڕیسوا دەکەن لەبەرچاوی رای گشتی؟.

دووپاتیشی كردۆتەوە: ”بەو هەموو گەندەڵی و خوێنبەربوونەوە، گرووپگەلە مافیاکانی عەرەبی شیعەیان قەبووڵە و دەستیان دەگرن و ڕێبەرییان دەکەن بۆ ئەوەی قەوارەی هەرێمی كوردستان کۆتایی پێ بهێنن و خۆشیان دوو فلسیان دەستبکەوێت. ئەم ئاراستەیە بنەماخوازییەکی تیۆری و فیکرییشیان نییە تیۆریزەی خۆیانی پێبکەن بۆ ئایندە، بەداخەوە لەسەر دوو جووڵە و کاریتە کار دەکەن، یەکەمیان پەرچەکردار و حەماسەتە بۆ هەڵبژاردن و گەیشتن بە چەورایی نەوت و بەرژەوەندیی حزبیی و دژایەتی و کاردانەوە بەرامبەر دەسەڵاتەکانی هەرێمی كوردستان کە ئاسان نییە کەمکردنەوەی بەپێی بنەما دەستوورییەکان و یاساکانی دادگای فیدراڵی کە نابێت هەمواریی دەسەڵاتەکانی ستاتۆی هەرێمی كوردستان بکرێت. هەرکات ئەو نیەتە شۆڤێنیستییەش هاتە ئارا، سێ پارێزگای هەرێمی كوردستان بۆیان هەیە تانەی بکەن و دژی ئەو بریارە بوەستن. دووەمیان، شوێنپێ کەوتنی ژاوەژاوی سیاسی و تائیفی و مەزهەبییە کە دەوڵەتی مەزهەبی دروستی کردووە بۆ برسیکردن و نابوتکردنی کورد کە ناشرینترین جووڵەی ئەم تایپەی دەوڵەتی تازە و مۆدێرنی عێراقە و لە یادی ڕاپەڕیندا هەندێک گرووپ بەتایبەتیش هاوپەیمانیی هیوا مارکێتینگی شەرمنانەی بۆ دەکەن“.

 

 

 

ب.س