سیناریۆکەی لاهور جەنگی بۆ داپۆشینی دۆسێی تاوانەکانی تاوانبارانی بادینانە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

سیناریۆکەی لاهور جەنگی بۆ داپۆشینی دۆسێی تاوانەکانی تاوانبارانی بادینانە

چاودێرێکی سیاسی: لەو زۆنە ئاغاو کوێخا زاڵە بەسەر هەموو دامەزراوەکان و سیناریۆکان زۆر منداڵانەن

سیناریۆکەی لاهور جەنگی بۆ لێدان لە غالب محەمەد بۆ داپۆشینی دۆسێی تاوانەکانی بادینانە، چاودێرێکی سیاسیش جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە ناتوانرێ بە سیناریۆی منداڵانە تاوان دابپۆشرێت.

بەپێی زانیاریەکانی (باسنیوز) تەواوی ئەو سیناریۆیەی لاهور جەنگی بە لێدان لە غالب محەمەد دەستی پێکردوە و دواتر سێ ئەفسەر سەر بە وەزارەتی ناوخۆ دەستگیرکراون، بۆ پەردەپۆشکردنی دۆسێی تاوانەکانی تاوانبارانی بادینانە، کە لاهور و تاقمە خیانەتکارەکەی ترسیان هەبووە لەوەی هەموو دەستەکانیان بە دانپێنانی ئەو گروپەی کە لە بادینان بە بڕیاری دادگا گیراون ئاشکرا ببێت.

هەر بەپێی زانیاریەکان، لاهور جەنگی سیناریۆیەکی دروستکردووە کە بە لێدانی غالب محەمەد دەستی پێکردوە و بەو تۆمەتەش چەند ئەفسەرێک کە کادیری پارتی دیموکراتی کوردستان بوون دەستگیری کردوون، لە کاتێکدا تاوانبارە سەرەکییەکە کە لە وێنەکەدا گوایە ئەوە چەقۆی هاویشتووە دەستگیرنەکراوە، کە ئێستا گومان دەکرێت هەر لەلایەن لاهور جەنگیەوە تیرۆر کرابێت.

زانیارییەکان ئەوەش ئاشکرا دەکەن، کە لاهور جەنگی ویستوویەتی بەو فێڵەی فشار بخاتە سەر دادگاکانی هەولێر تاوەکو دانپێدانانی تاوانبارەکانی بادینان بڵاونەکرێتەوە یان هەر ئازاد بکرێن.

لەمبارەوە، د.مەدحەت سلێمان، چاودێری سیاسی بۆ (باسنیوز) ڕای گەیاند، بەداخەوە لەو زۆنەی سلێمانی تەواوی دامەزراوەکان بە حزبی کراون و چەند کەسێک خۆیان بەسەردا سەپاندووە، گوتی: “ئەوانەی لە دهۆک گیراون ئەوە بە بەڵگەوە هەیە کە دەستیان لەگەڵ پەکەکە و گروپی ناوخۆی هەرێمی کوردستان هەبووە بۆ پێدانی زانیاری بە وڵاتانی ئیقلیمی و هەوڵیان بۆ تێکدانی ئاسایشی هەرێمی کوردستان داوە، بەڵام ئەو سیناریۆیەی کە لە سلێمانی دروستکراوە، یەکەمیان دەبوو ئەو کەسەی کە وێنەیان بڵاویان کردەوە ئەویان بگرتایە، بەڵام بە داخەوە خەڵکی دیکەیان گرت، ئەوەش لە پێناوی ئەوەی داش بە داش بکەن بە تاوانبارانی بادینان و فایلی دەستی ئەوان کەشف نەبێت، منداڵیش دەزانێ ئەوە سیناریۆیە تەنانەت غالب خۆشی ئەوە باش دەزانێ کە ئەوە سیناریۆیە، چونکە ئەوەی لە وێنەکە دەرکەوتووە و گوایە چەقۆی لە غالب داوە هیچ پەیوەندیەکی بەوانەوە نەبووە کە گیراون، ئەوانە ئەفسەرن دەبوو لە ڕێگەی وەزارەتی ناوخۆە بوایە و دادگا بڕیاری گرتنی ئاراستەی وەزارەتی ناوخۆ بکردایە، دووەمیان ئەگەر تاوانباریشین ئەوە هەر دەبوو بڕیاری دادگا هەبێت بۆیان نەوەکو حزبێک بیانگرێ یان گروپێک”.

ئەو چاودێرە، جەختی لەوەش کردەوە لەو زۆنە کوێخاو ئاغا هەیە و ئەوان دامەزراوەکانیان ناشرین و بێدەسەڵات کردوە، گوتی: “ئەوانە خۆیان کردوە بە بەدیلی هەموو شتێک و ئەو گروپەی کە تۆمەتبارن بە خیانەتی ١٦ ئۆکتۆبەر ئەو شارەان ناشرین کردوە و لە شارێکی جوان و رۆشنبیرەوە خەریکە سیماکەی دەبێت بە شارێکی پڕ لە سیناریۆ و تاوان”.