مۆزەخانە تایبەتەکانی هەرێمی کوردستان
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

مۆزەخانە تایبەتەکانی هەرێمی کوردستان

مۆزەخانەی قادر قاچاق

یەکێک لە مۆزەخانە تایبەتەکانی هەرێمی کوردستان کە ناوبانگێکی تایبەتی هەیە، مۆزەخانەی "قادر قاچاق"ە لە شاری دهۆک.

ئەم مۆزە خانەیە دەکەوێتە ناوەندی شاری دهۆک و گەیشتن پێی زۆر ئاسانە، وەک زۆربەی مۆزەخانە تایبەتەکانی دیکە ئەم مۆزەخانەیەش، بەشێکە لە ماڵی خاوەن مۆزەخانەکە.

خاوەنی ئەم مۆزەخانەیە کەسایەتیی سیاسی و ئەدەبیی کوردستان، "قادر قاچاق"ە، کە بە گوتەی خۆی ساڵیانی ساڵە سەرقاڵی کۆکردنەوەی کەلوپەلی کۆن و مێژووییە.

قاچاق باس لەوە دەکات کە چۆن دەستی پێکردووە بە کۆکردنەوەی پارچەی شوێنەواری و کەلەپووری. بە گوتەی خۆی لە ساڵی ١٩٩٤ لە رۆژێکی بەهاری کاتێک لەگەڵ خێزانی لە سەیران و گەشتوگوزار دەگەڕانەوە ماڵەوە، لە کاتی گەڕانەوە بەرەو ماڵەوە بەردێکی تاریخی سەرنجیان رادەکێشێت و هەلی دەگرێت و دواتر بەپێی ئەو قسانەی لە خەڵک دەبیستێت و ئەو زانیارییانەی وەردەگرێت، نزیکەی سێسەد پارچە بەردی تایبەت هەر لەو دەڤەرە دەبینێتەوە و ئەوە دەبێتە سەرەتایەک بۆ کۆکردنەوەی پارچەی کۆن و دانانی مۆزەخانە.

کەلوپەلی ناو ئەم مۆزەخانەیە بەشێکی زۆری دۆزراوەی خودی قاچاقە و بەشێکی تریشی لە لایەن خەڵک وەک دیاری و پێشکەشی بۆی هاتووە و هەندێکیشی بە پارە بە مەبەستی هەڵگرتن و پاراستنیان لە خاوەنەکانیانی کڕیوەتەوە.

ئەم مۆزەخانەیە لە پێنج نهۆم پێکهاتووە کە نهۆمی یەکەمی تایبەت کراوە بە کۆمەڵێ پارچەی بەردینی کە بۆ سەردەمە جیاوازەکان دەگەڕێنەوە و بە مەبەستی جیاواز بەکار هاتووەن. پێکهاتەی پارچە بەردینییەکان زیاتر بەردی کلس و بەردی بورکانییە و زیاتر بە شێوازی هاوەن بۆ هاڕین و ئاردکردنی گەنم و دانەوێڵە بە کار هاتووە. بابەتە سەرنجڕاکێشیی ئەم بەشەی مۆزەخانەی قاچاق هەبوونی چەندین پارچە هاوەنی بەردینە کە لە بەردی بورکان درووست کراوە، بەڵام تا ئێستا هیچ بورکانێک، یان چیایەک کە شوێنی ئاگرپرژینی هەبێت لە کوردستان تۆمار نەکراوە، بۆیە ئەگەر هەیە ئەم کۆمەڵە بەردە لە ئەنجامی کاری بازرگانی و ئاڵوگۆڕی کەلوپەل هێنرابێتە ئەم ناوچانە.

هەر لەم نهۆمە بە رێژەیەکی زۆر پارچە شوێنەواری گڵێنە و لە قۆر دروستکراو دەبینین کە لەڕووی قیاسەوە جیاوازن و هەر یەکەوە بۆ مەبەستێک بەکار هاتووە، لە پارچە گۆزەی بچووکەوە بگرە هەتا گۆزە بە قەبارەی گەورە، هەمووی لەوێ دانراوە.

بێجگە لەم پارچانە کە باسمان کرد، ئۆتۆمبێلێکی مودیل کۆنی پەمەیی رەنگ لە ناوەندی هۆڵەکە دانراوە کە دیزاین و جوانییەکی تایبەتی بەم بەشە بەخشیوە.

نهۆمی دووەمی مۆزەخانەکە تایبەت کراوە بە پارچەی شوێنەواری و مێژوویی. چەک، سکە یان دراو، دەستنووسە کۆنەکان، بابەتی جوانکاریی ئافرەتان و چەندین پارچە شوێنەواری جیاواز و بە بەردبووەکان، پێکهاتەی ئەم بەشەی مۆزەخانەکەن.

لەبارەی چەکەکانەوە دەبێ بڵێین کە زیاتر لە چوار جامخانە تەرخان کراوە بەم ئامێرانە و کۆمەڵێکیش لەناو چوارچێوەی تایبەت، بە دیوار هەڵواسراوە. چەک بە رەنگ و قەبارەی جیاواز کە مێژوو و ژەنگ لێدراوییان پێوە دیارە.چەکێک کە بە بارووت کار دەکات، کۆنترین چەکی مۆزەخانەکەیە.

سکە، یان دراو کە لە ئاسن و مس و زیو دروست کراون، لە جامخانەیەک بە تایبەت دانراوە. ئەم دراوانە تایبەتن بە سەردەمە مێژووییە جیاوازەکان و کۆمەڵێک دراوی وڵاتانی تریشی تێدایە.

کۆنترین پارچەی مۆزەخانەی قادر قاچاق پارچە بە بەردبوویەکە کە تەمەنی چوارسەد ملیۆن ساڵە و لە شاری ئاکرێ دۆزراوەتەوە. بێجگە لەم پارچەیە کۆمەڵێک بە بەردبووی دیکەشی تێدایە وەک بە بەردبووی ئاژەڵە دەریاییەکان، وەک مەرجان و بە بەردبووی دانەوێڵەی وەک نیسک و برنج و گەنم.

لە جامخانە تایبەت و هەرە جوانەکانی ئەم مۆزەخانەیە، جامخانەی تایبەت بە کەلوپەلی جوانکاری و ئێکسسواراتی ئافرەتانە. بازنە و ئەڵقە و ملوانکە و گوارەی مسی و زیو کە بە خشڵ و بەردی ڕەنگاوڕەنگ نەخشێنراوە و هەر یەکێکیان بۆ سەردەمێکی جیاواز دەگەڕێتەوە.

چەندین کتێبی کۆن کە بە قەبارەی گەورە چاپ کراون و یەک دوانی دیکە کە قەبارەیان بچووکترە بەشی دەستنووسەکانی ئەم مۆزەخانەیە. کتێبەکان پێکهاتوون لە کتێبە پیرۆزە ئاسمانییەکان وەک قورئان و ئینجیل و تەورات.

لەم بەشە بێجگە لە پارچەی شوێنەواری، چەندین پارچەی کەلەپووری کوردی وەک قاپ و سەماوەر و کلیل و سنارەی دەرگا کە لە ئاسن و مس دروست کراوە، دانراوە کە مێژووی زۆربەیان هاوچەرخە.

نهۆمی سێیەمی ئەم مۆزەخانەیە جیاواز لە نهۆمی یەکەم و دووەم، وەک گەلەرییەکی شێوەکاری دێتە بەرچاو کە دیوارەکانی بە تابلۆی جوان و ڕەنگاوڕەنگ نەخشێنراوە. بەشێک لە تابلۆکان موڵکی نشتیماندۆستی و کوردایەتییان پێوە دیارە و هەندێکی دیکەش رەنگدانەوەی هەستی ئەدەبیی خاوەن مۆزەخانەکەن کە لە لایەن کەسایەتییە هونەرییەکانەوە کراوەتە تابلۆ و خراوەتەوە نێو چوارچێوەوە.

لە پاش بەجێهێشتنی ئەم بەشە دەگەینە بەلەکۆنێک یان هەیوانێک کە بۆ پشوودان دروست کراوە و لەوێ شاری دهۆکی رەنگینت لێ دیار دەبێت.

نهۆمی چوارەم کە دەکەویتە بەشی پشتەوەی مۆزەخانەکەوە، شوێنێکە کە لەڕووی دیزاین و ئامادەکارییەوە بە شێوازی ئەشکەوتی شانەدەر دروست کراوە و بە داپۆشینی زەوی بە گەڵای دار و دروستکردنی ئەشکەوتێک و دانانی پەیکەرێکی  دروستکراو وەک مرۆڤی نیاندەرتال، هەوڵ دراوە فەزای پێش میژوو و سەردەمە بەردینەکان بە بینەر بناسێنرێت.

دوایین بەش و نهۆمی پینجەم بریتییە لە کتێبخانە و ئۆفیسی مۆزەخانەکە کە پێکهاتووە لە چەندین قەفەزەی کتێبخانە و شوێنێک بۆ گفتوگۆ و ئاڵۆگۆڕی زانیاری لەگەڵ خاوەن مۆزەخانەکە.

بە گوتەی خاوەن مۆزەخانەکە تا ئێستا خەڵکێکی زۆر سەردانی ئەوێی کردووە، زۆر جار پسپۆڕان و قۆتابییەکانی بەشی شوێنەوار و مێژوو بۆ نووسین و ئامادەکردنی توێژینەوەی زانستی سەردانی دەکەن.

مۆزەخانەی قادر قاچاق لە هەشتی مانگی سێی ساڵی ٢٠٠٩ بە شێوازێکی فەرمی بەڕووی خەڵکدا کراوەتەوە.