ئەندامێكی پێشووی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان ئاشكرای دەكات، نیو سەرۆك (مەبەستی لاهوور جەنگیە) ئەو كەسانەی شاردووەتەوە كە مستەفا سەلیمییان رادەستی ئێران كردەوە، لە كاتێكدا ئەو كەسانە بە فەرمانی لاهوور جەنگی ئەم كارەیان كردبوو.
مەردان خدر، پەرلەمانتاری پێشووی پارتی بە (باس‌نیوز)ی راگەیاند: ”كه‌سێك كه خاكفرۆش بێت، نیشتیمانی خۆی فرۆشتبێت، بەهای خۆی فرۆشتبێت، هه‌موو شتی لێ چاوەڕوان ده‌كرێت“.
ڕوونیشی كردەوە: ”لاهوور باسی متمانه ده‌كات، لە كاتێكدا ده‌بێ دوایین كەس بێت كە باسی بكات، چونكه متمانه‌ی خه‌ڵكی لا گرنگ نییه، ئه‌وه‌ی لای لاهوور گرنگه، ئاغا‌كان و حه‌شدی شەعبییە، ئه‌و به‌رده‌وامه له‌سه‌ر خیانه‌ت له‌به‌ر ئه‌وه‌ش متمانه‌ی لاهوور لای ئاغاكانی زۆر به‌رزه، بۆ ئه‌و متمانه واتێگه‌یشتووه كه دوژمنا پێت بكه‌ن و حه‌شد متمانه‌یان به تۆ هه‌بێت“.
ئاماژەشی بەوە كرد كە لەسەر دەستی لاهوور جەنگی، چەندان تاوانی گەورە و خیانەتی نیشتمانی كراون كە ”ده‌بێ دواجار ئەو دۆسیانە یه‌كلا بكرێنەوە، له رادەستكردنەوەی مسته‌فا سه‌لیمی و كوشتنی ئامانج بابانی و پاسه‌وانە تایبه‌تەكەی مام جه‌لال و چەندان دۆسیەی دیكە“.
ئەوەشی ئاشكرا كرد: "مسته‌فا سه‌لیمی پێش راده‌ستكردنه‌وه‌ی، به‌و گرووپه‌ی گوتووه تكایه بمكوژن بەڵام راده‌ستم مه‌كه‌نه‌وه، بەڵام ئه‌وان قۆڵیان به‌ستووه و چاویان به‌ستووه و راده‌ستی ئێرانیان كردووەتەوە. زانیاری هەیە كە لاهوور خۆی سه‌رپه‌رستیی پرۆسه‌كه‌ی كردووه، ئێستاش بۆ ئه‌وه‌ی كه‌یسه‌كه بشارنه‌وه، ئه‌وانه‌ی په‌یوه‌ندییان به‌و كه‌یسه‌وه هه‌یه، شاردراونەتەوە و به‌شێكیان بۆ ئەوەی ون بن لەبەر چاوی خەڵكی، ڕەوانەی ئەورووپا كراون و به‌شێكیشیان گوازراونەتەوە بۆ به‌غدا، به‌ڵام هێشتا بەڵگەی پێویست هەیە“.