مەتڕان بەشار: سەردانی پاپا بۆ هەولێر پەیامێكە بۆ جیهان كە هەرێمی كوردستان خزمەتی زۆری كریستیانەكانی كردووە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

مەتڕان بەشار: سەردانی پاپا بۆ هەولێر پەیامێكە بۆ جیهان كە هەرێمی كوردستان خزمەتی زۆری كریستیانەكانی كردووە

 ”گەورەترین کۆمەڵگەی کریستیانەکان لەسەر ئاستی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە هەولێرە“ 

سەردانی پاپا فرانسیس بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان، چاوەڕێ دەکرێ یەکێک لە گرنگترین ڕووداوەکانی ئەمساڵ بێت، نەک هەر لە ناوچەکە، بەڵکوو لەسەر ئاستی جیهان. ئەمەش بەهۆی تایبەتمەندیی عێراق لە ڕووی سیاسی و ئەمنی و ئیتنیکی و ئایینییەوە و هەروەها پێگەی پاپای ڤاتیكانەوە، چاوەڕێ دەکرێت پاپا فرانسیس ڕۆژی هەینی، 5ی ئادار 2021 بگاتە بەغدا و دواتر ڕۆژی یەکشەممە لە هەولێر بە ئامادەبوونی هەزاران کەس، سرووتێكی گەورەی ئایینی و نزاكاری بەڕێوە ببات.

لە دیدارێکی تایبەتدا لەگەڵ (باسنیوز)، مەتڕان بەشار وەردە، سەرۆکی ئوسقفیەی ئیبرەشیەی کلدانیی هەولێر، هۆکاری دەستنیشانکردنی پایتەختی هەرێمی کوردستان بۆ ئەنجامدانی ئەم سەردان و سرووتە ئایینییە گرنگە ئاشکرا دەکات و دەڵێت: ”سەردانەکەی پاپا دەبێتە هۆی ئەوەی میواندۆستی و پێکەوەژیانی ئاشتییانەی کوردستان دووبارە سەرنجی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ڕابکێشێت“.

 

(باسنیوز): گرنگیی سەردانەکەی پاپای ڤاتیكان بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق بەگشتی و بۆ کریستیانەکان بەتایبەتی چییە؟

مەتڕان بەشار وەردە: قەداسەتی پاپا پەیامەکی پێیە بۆ عێراق، کە ئەویش ئەمەیە: ”ئێمە هەموومان براین“. کاتێک سەیری پلانی سەردانەکەی دەکەیت، دەبینی بەتەنیا بۆ کریستیانەکان نایەت، بەڵکوو سەردانی هەندێک شوێن دەکات کە کریستیانی لەو شوێنانەدا ناژین. ئەم کارەشی تەنیا بۆ ئەوەیە کە بە هەمووان بڵێت ئێمە برای یەکترین.

 

گەشتەکەی لە زقوڕاتی ئوور لە ناسڕییەوە دەست پێدەکات. کاتێک ئینجیل دەخوێنیتەوە، دەبینی کە پێغەمبەر ئیبراهیم شاری ئووری کلدانییەکانی جێ هێشتووە، بۆ ئەوەی گەشتی بڕواداریی خۆی دەست پێبکات. ئەمەشمان لەیاد بێت کە پێغەمبەر ئیبراهیم جێگای بڕوا و ڕێزی جوو و مەسیحی و موسڵمانەکانیشە. کەواتە سەردانەکەی پاپا تەنیا بۆ مەسیحییەکان نییە، بەڵکوو سەردانی نەجەفیش دەکات و لەوێ چاوی بە سیستانی دەکەوێت، کە ئەویش لە لایەن زۆرینەی عێراقییەکان کەسایەتییەکی ڕێزلێگیراوە.

لە چوارچێوەی ئەم پرۆگرامەدا، بەرنامەی تایبەتیشی دەبێت بۆ کریستیانەکان، چونکە کۆمەڵگەی کریستیان ئازاری زۆریان چەشتووە. لەڕاستیشدا سەردانەکەی پاپا بۆ هەولێر خۆی پەیامێکە. کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئێستا پرسیاری ئەوە دەکات، بۆچی هەولێر؟ لە ڕێگەی سەردانەکەی پاپاوە، بە جیهان دەگوترێت، کە هەولێر و هەرێمی کوردستان بەگشتی، لە 2003ەوە خزمەتی زۆری کریستیانەکانیان کردووە.

لەدوای 2014ەوە کە داعش سەری هەڵدا، نزیکەی 4 ملیۆن ئاوارە لە مووسڵ و ئەنبار و تکریت و شوێنەکانی دیکەوە هاتنە هەرێمی کوردستان. تەنیا لە شارۆچکەی عەنکاوە، نزیکەی 13 هەزار و 200 خێزانی ئاوارەمان لەخۆ گرت. هەندێک پرسیاری ئەوە دەکەن، کە بۆچی هەولێری هەڵبژارد؟، بۆ ئەلقووش و زاخۆ و دهۆک نەبوو؟ بۆچی ڕێوڕەسمە ئایینییەکە، کە گرنگترین مەراسیمی کریستیانەکانە، لە هەولێر دەبێت؟ وەڵامەکەی ئەمەیە: رێورەسم و سرووتی ئایینیی کریستیانەکان لەگەڵ پاپا، جەخت لەوە دەکاتەوە کە لێرە ئاساییش هەیە. ئەوەشمان لەیاد بێت، کە هەولێر گەورەترین کۆمەڵگەی کریستیانەکانی لێیە لەسەر ئاستی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، واتا گەورەترین کۆمەڵگە، کە هەموو کریستیانەکان لەخۆ دەگرێت.

(باسنیوز): کەواتا دەتوانین بڵێین، ئەم سەردانە بە شێوەیەک لە شێوەکان دەربڕینی سوپاسگوزارییە بۆ میواندۆستیی گەلی کوردستان لەبەرامبەر ئاوارەکان بەگشتی و مەسیحییەکان بەتایبەتی لە کاتە سەختەکاندا؟

مەتڕان بەشار وەردە: بەڵێ دەکرێ، چونکە خەڵک و میدیای نێودەوڵەتییش لەوە تێدەگەن، کە بۆچی ئەم ژمارە زۆرەی کریستیانەکان لێرە دەژین. ئەوکات دەتوانین چیرۆکی پێکەوەژیانی ئاشتییانەی خۆمان باس بکەین و بە جیهانی نیشان بدەین، کە چۆن حکوومەت کاری کردووە بۆ ئەوەی پەرە بەم فرەڕەنگییە بدات. حکوومەتی هەرێمی کوردستان نەک هەر باوەشی بۆ خەڵکی لێقەوماو کردەوە، بەڵکوو بەشێکیش بووە لە ئامادەکارییەکان بۆ بەهاناوەچوونیان.

(باسنیوز): ئامادەکارییەکان بۆ سەردانەکەی پاپا چۆن بەڕێوە دەچن؟

مەتڕان بەشار وەردە: زۆر باشن، تیمەکانی ئێمە پرۆسەی تۆمارکردنی بەشداربانی دیدارەکەی قەداسەتی پاپایان تەواو کردووە، چونکە هەر وەک دەزانن، بە هۆی ڕێکارەکانی بەرەنگاربوونەوەی پەتای کۆرۆنا، ناچار بووین ژمارەی بەشداربووان لە 40 هەزار کەسەوە بۆ 10 هەزار کەس کەم بکەینەوە. ئامادەکاریمان کردووە، کە مەودای نێوان بەشداران بپارێزرێت و بەئاسانی بگوازرێنەوە بۆ شوێنی مەراسیمەکە، لەکاتێکدا سەرجەمیان ماسک و پاککەرەوە و هەموو پێداویستییەکانی دیکەش وەردەگرن، بێگومان لەڕووی تەناهییشەوە هەموو ئامادەكارییەك كراوە.

(باسنیوز): جگە لە کریستیانەکانی کوردستان، ئایا کریستیانی وڵاتانی دراوسێش بەشدار دەبن؟

مەتڕان بەشار وەردە: ئێمە داواکاریمان لە کریستیانەکانی ئێران و تورکیا و سووریاوە پێ گەیشتبوو بۆ بەشداریکردن، بەڵام بەهۆی ڕێکارەکانی بەرەنگاربوونەوەی پەتای کۆرۆنا، ناتوانن بەشدار بن. ئێمە هەوڵی خۆمان دەدەین، کە ئاسانکاری بکەین بۆ بەشێک لە کریستیانەکانی سووریا، بۆ ئەوەی بتوانن بێنە کوردستان و بەشدار بن.

(باسنیوز): پاپا سەردانی نەجەفیش دەکات و لەگەڵ ئایەتوڵا عەلی سیستانی کۆ دەبێتەوە. ئەمە چ پەیامێکی تێدایە و ئایا هیچ یادداشتێک واژۆ دەکەن، وەک ئەوەی پێشتر لە ئیمارات واژۆ کرا؟

مەتڕان بەشار وەردە: لە ڕاستیدا ئەمە هیچ پەیامێکی سیاسیی نییە. وەک دەزانن ساڵانێکی زۆرە، کە کەنیسەی کاسۆلیکی دەستی کردووە بە زەمینەسازی بۆ دیالۆگی نێوان ئایینەکان، بۆ ئەم مەبەستەش لێژنەیەکی تایبەت دروست کراوە. قەداسەتی پاپا پێشتر لە ئەبوزەبی یادداشتێکی برایەتی لەگەڵ شێخی ئەزهەر واژۆ کردووە. پێم وایە ئەم دیدارەشی هەر بەردەوامیدانە بەم هەنگاوە. ئایەتوڵا عەلی سیستانیش کەسایەتییەکە کە زۆرینەی عێراق کە شیعە مەزهەبن، ڕێزی لێ دەگرن، بۆیە ئەم دیدارە پێویستە لەم چوارچێوەیەدا خوێندنەوەی بۆ بکرێت.

دووبارە دەیڵێمەوە، پەیامەکە یەک شتە، ئەویش (ئێمە براین). کاتێک براین، ئاسانتر دەتوانین بەسەر ئاستەنگەکاندا زاڵ بین و ماڵمان بپارێزین. ئەمە ئەو پەیامەیە، کە پاپا بۆ هەر شوێنێک بچێت لەگەڵ خۆی دەیگەیەنێت.

(باسنیوز): پێتان وایە ئەم سەردانە پاڵپشتیی نێودەوڵەتیی زیاتر بۆ هەرێمی کوردستان دەستەبەر دەکات؟

مەتڕان بەشار وەردە: بەڵێ، سەبارەت بە یارمەتیدانی ئاوارە کریستیانەکان لەلایەن هەرێمی كوردستانەوە، پێم وایە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و کەنیسە نێودەوڵەتییەکان یارمەتیدەرێکی باش بوونە، چونکە گەیاندنی یارمەتییەکان بۆ کوردستان و گەیشتنیان بەم خەڵکە، ئاسانکاریی زۆری لە لایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە بۆ کراوە. ئەوان کاتێک دەبینن پارەکانین لە کوێدا خەرج دەکرێت، ئاسانتریش دەتوانن بانگەواز بکەن بۆ کۆکردنەوەی یارمەتی و گەیاندنی یارمەتییەکان بە خەڵکی شیاو. پێم وایە سەردانەکە، تیشکی میدیا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەخاتە سەر ئەو ڕاستییەی کە هەرێمی کوردستان بەشێکی ئارامە لەناو ئەو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە، کە پڕیەتی لە کێشە.