كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

سەرۆكی دەستەی دەستپاكی: كابینەی نۆیەم سه‌لماندوویه‌تی كه‌ كابینەی چاكسازییە

 "لەگەڵ دەستپێكردنی كابینەكە كارنامە و هێڵە گشتییەكانی لەسەر بنەمای چاكسازی بوو" 

سەرۆكی دەستەی دەستپاكیی هەرێمی كوردستان رای دەگەینێت، كابینەی نۆیه‌می حكوومەتی هه‌رێمی كوردستان كابینەی چاكسازییە و بەم زوانه‌ حكوومەت رەشنووسی ستراتیژی نشتیمانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی پەسند دەكات.

ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 4/3/2021، د.ئەحمەد ئەنوەر، سەرۆكی دەستەی دەستپاكیی  هەرێمی كوردستان بە (باسنیوز)ی راگەیاند :"بەبێ زێده‌گۆیی، كاری ئێمە نە پیاداهەڵدانە نە رەخنەگرتنی بێبنەمایە، بەڵام دەبێت بگوترێت كابینه‌ی نۆیەمی حكوومەتی هه‌رێمی كوردستان، كابینەی چاكسازییە، چونكە لەگەڵ دەستپێكردنی كابینەكە كارنامە و هێڵە گشتییەكانی لەسەر بنەمای چاكسازی بوو، كاتێك حكوومەت چاكسازی بكات، ئەوە زەمینەسازییەكی باشتر بۆ كاری دەزگا چاودێرییەكان دروست دەبێت، بە تایبەت بۆ ئێمە و دیوانی چاودێری دارایی".

ئاشكراشی كرد، رەشنووسێكی ستراتیژی نشتیمانیمان بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی داوەتە ئەنجوومەنی وەزیرانی كوردستان، ئەگەر هیچ شتێك نەیەتە پێش، تا ماوه‌ی دوو هه‌فته‌دا بڕیاری لەسەر دەدرێت، دەبێتە هەنگاوێكی گەورە بۆ حكوومەتی هەرێمی كوردستان".

لە بارەی ئەو ستراتیژییەشه‌وه‌، گوتی: "پڕۆژەكەش لەهەموو ئەو وڵاتانەی گرنگی بەدژایەتی گەندەڵی دەدەن كاری پێدەكرێت، پڕۆژەكە بۆ پێنچ ساڵە و UNDP پاڵپشتی لەجێبەجێكردنی ستراتیجەكە دەكات بۆ ئەوەی لە چوارساڵی داهاتوو جێبەجێ بكرێت، لەڕووی دابینكردنی پێداویستی و شارەزای دەرەكی، دەبێتە هۆكارێك تا حكوومەت چی بكات بۆ پێشخستنی دامەزراوەكانی و كەمكردنەوەی كەلێنەكانی گەندەڵی و چالاككردنی دەزگاكان".

ئەحمەد ئەنوەر، گەشبینیی خۆی پیشان دا، بەوەی چاكسازی زیاتر دەكرێت، "گەشبینم بەوەی زەمینەسازییەكی باش و گونجاو هەیە بۆ تەواوكردنی پڕۆسەی چاكسازی و فراوانكردنی، لە چوارچێوەی ئەو پڕۆسەیەش گەشبینم بە فراوانكردنی كاری دامودەزگاكانی چاودێری و دژەگەندەڵی و هاوكاریكردنی ئەو دەزگایانە ".

جەختیشی كردەوە، بڕیار دراوە ئەمساڵ هەرێمی كوردستان بودجەی ساڵانەی هەبێت، ئەوەشی بە هەنگاوێكی تری چاكسازی پێناسەكرد و گوتی "ئەگەر بودجە هەبێت، ئەوە هەم دامودەزگاكانی چاودێری بودجەی خۆیان دەبێت، هەروەها دەتوانن چاودێری خەرجییەكان بكەن".

سەبارەت بە هەنگاوەكانی جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی سەرۆكی دەستەی دەستپاكی گوتی: "راپۆرتی یەكەمی هەڵسەنگاندنی جێبەجێكرنی چاكسازیمان ناردە پەرلەمان بەم نزیكانەش راپۆرتی دووەم دەنێرینە پەرلەمان، ئەمجارە كارەكانمان فراوانتر كردووە و تیمەكانمان زیاتر كردووە، بە پێی یاسا لەسەرمانە چاودێری پڕۆسەكە بكەین، بۆیە ئێمەش كاری خۆمان فراوانتر كردووە و تیمەكانمان بۆ هەموو پارێزگاكان ناردووە".

ئاماژەی بەوەش دا ئەمساڵ پڕۆسەی جێبەجێكرنی یاسای چاكسازی باشتر لە ساڵی رابردوو دەچێتە پێشەوە و ئەنجامی دەبێت، "ئەگەر كۆرۆنا رێگر نەبێت، ئەوە گەشبینییەك هەیە ئەمساڵ لە هەموو روویه‌كەوە جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی باشتربێت و ئەنجامی زیاتری هەبێت".