كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

رۆژنامەی حوریەت: هەوڵدان بۆ داخستنی HDP دوورە لە ڕاستییەوە

ڕۆژنامەنووسێكی نزیكی AKP و رەجەب تەیب ئەردۆغان ڕای گەیاندووە داخستنی HDP لە رۆژەڤی پەرلەماندا نییە و دوورە لە ڕاستییەوە، کەچی سەرۆكی فڕاكسیۆنی AKP لەناو پەرلەمان ئاشكرای كردووە لە هەوڵدان HDP دابخەن، ئەمەش بووەتە ڕۆژەڤی میدیاكانی تورکیا.

عەبدولقادر سەلفی ڕۆژنامەنووسی نزیك لە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرکۆماری تورکیا، لە وتارێكدا لە رۆژنامەی (حوریەت)ی توركی نووسیوە، وەكوو AKP هیچ ئامادەكارییەك نەكراوە تا HDP دابخەن و ئەوەی باس دەكرێت دوورە لە ڕاستییەوە.

ئەو دەڵێت: "ئەو دۆسیەیەی لەبارەی كۆبانێیەوە ئامادە كراوە و چەند پەرلەمانتاری HDPی كردووەتە ئامانج و تۆمەتباری كردوون بەوەی پشتگیری لە پەكەكە دەكەن، كارێكی رۆتینی دادگایە، هیچ پەیوەندی بەوەوە نییە ئامادەكاری كرابێت HDP دابخرێت".

سەلفی لە بەشێكی تری وتارەكەیدا، باس لە پەروین بوڵدان هاوسەرۆكی HDP دەكات، بەوەی لە دۆسیەی كۆبانێدا كە داوا كراوە ئەویش پارێزبەندیی لەسەر هەڵبگیرێت، رەنگە لەناو پەرلەمان و لەبەردەم دادگاش هیچی لەسەر نەبێت، چونكە ئەوكات بوڵدان ئەندامی ئەنجوومەنی ناوەندیی HDP نەبووە.

گوتیشی: "ئەوەی زۆر داكۆكی دەكات تا HDP دابخرێت، MHP یە، بەڵام ئەگەر داواكاری گشتی ئەم هەنگاوەی نەنا، ئەوكات MHP بە فەرمی داوا لە داواكار دەكات كار بۆ داخستنی HDP بکەن."

پێشتر چەندین ڕاپۆرت بڵاو کراوەتەوە کە هەردوو پارتی AKP و MHP و لەناو پەرلەمان بە پلان و بەرنامە و بە چەند قۆناغێک بۆ وێنە لێ سەندنەوەی پارێزبەندی و مافی پەرلەمانتاری، هەروەها گۆڕینی یاسای پارتەکان و بڕینی پاڵپشتییە داراییەکان، دەیانەوێ پارتی دیموکراتی گەلان (HDP) دابخەن.