كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

میدیای فەرمیی یەكێتی بە بڵاوكردنەوەی قسەكانی لاهوور جەنگی ناوبانگی خۆی لەكەدار دەكات

چالاكێك: هەر میدیایەك قسەكانی لاهوور بڵاو بكاتەوە بە فەرمی خۆی دەكات بە زمانحاڵی خۆفرۆشان

میدیای فەرمیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە بڵاوكردنەوەی قسەكانی لاهوور جەنگی، سەردەستەی تاقمی خۆفرۆشی ١٦ی ئۆكتۆبەری ٢٠١٧ی نێو یەكێتی، ناوبانگی خۆی لەكەدار دەكات و چالاكوانێكیش رای دەگەیەنێت كە هەر دەزگایەك قسەی كەسێكی وەك لاهوور بڵاو بكاتەوە، ”بە فەرمی خۆی دەكات بە زمانحاڵی خۆفرۆشان“.

پاش نیوەڕۆی دوێنێ چوارشەممە ٣ی ئاداری ٢٠٢١، لاهوور جەنگی، سەردەستەی تاقمی خۆفرۆشی ١٦ی ئۆكتۆبەر، كۆمەڵێك قسەی بە ئاستێكی سووكی بازاڕییانەی هەمیشەیی خۆی لە تویتەر بڵاو كردەوە و میدیاكەی بایەخیان پێدا. دواتریش ماڵپەڕی فەرمیی یەكێتی قسەكانی بڵاو كردەوە.

چاودێران پێیانوایە بڵاوكردنەوەی ئەو قسانەی لاهوور لە میدیای فەرمیی یەكێتییەوە، لەكەداركردنی ناوبانگی میدیاكەیە و هەر شوێنێك بچێتە بەرەی لاهوور جەنگییەوە، لەكەیەكی گەورەی دەكەوێتە سەر.

لەمبارەیەوە بەختەوەر سەپان، چالاكی مەدەنی بە (باسنیوز)ی راگەیاند، لاهوور جەنگی بۆتە ناونیشانێكی گەورە بۆ دزی و قاچاخچێتی و خیانەت و تەسلیمكردنەوەی هەموو شتێك، بۆیە ”هەر میدیایەك قسەی كەسێكی وەك لاهوور بڵاو بكاتەوە، بە فەرمی خۆی دەكات بە زمانحاڵی دز و خۆفرۆشان“.

جەختیشی كردەوە كە ”هەقوایە بەرپرسانی میدیای یەكێتی شەرم لە خۆیان بكەنەوە، دەزگاكەیان لە سەنگەری بەرگریكردن لە كوردستانەوە بۆ سەنگەری بەرگریكردن لە خۆفرۆشان بگۆڕن“.

بەپێی زانیارییەكانی (باسنیوز)، لاهوور جەنگی ماوەیەكی زۆرە هەوڵدەدات لە ڕێگەی چەند كەسێكەوە دەست بەسەر میدیای فەرمیی یەكێتیدا بگرێت، هەرچەندە ماوە نا ماوە بەشێك لە ئامانجەكەی بە ئەنجام دەگات، بەڵام هێشتا ئەوانەی ڕێزی ڕابردووی حزبەكەیان دەگرن، بای ئەوە توانایان هەیە ڕێگە نەدەن بە یەكجارەكی ئابڕووی میدیای فەرمیی حزبەكەیان بچێت و بكەوێتە ژێر هەیمەنەی خۆفرۆشانەوە.

 

 

 

 

ب.س