بەڤیدیۆ.. مامۆستایەک بەهۆی دەستدرێژیی پەرلەمانتارێک هانا بۆ کازمی و حەلبوسی دەبات
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

بەڤیدیۆ.. مامۆستایەک بەهۆی دەستدرێژیی پەرلەمانتارێک هانا بۆ کازمی و حەلبوسی دەبات

مامۆستایەکی زانکۆ بەهۆی دەستدرێژیی پاسەوانەکانی پەرلەمانتارێکی عێراق، هانا بۆ سەرۆک وەزیران و سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دەبات.

عەبدولحەمید موعتەسەم، مامۆستای زانکۆ و دانیشتووی ناوچەی سەوزی بەغدا، لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا، کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوی کردووەتەوە، رووداوەکەی گێڕاوەتەوە.

عەبدولحەمید موعتەسەم رایگەیاندووە، لە رۆژی مامۆستایان (رۆژی 28-2-2021)، لە فەللوجەوە بەرەو بەغدا گەراوەتەوە و لە رێگا بە پێش کاروانێکی ئۆتۆمبێلی مەدەنی کەوتووەتەوە، کە تابلۆی عێراقیی ئاساییان پێوەبووە.

هەروەک ئەو مامۆستایە باسی دەکات، دوای تێپەڕینی، شۆفێری یەکێک لە ئۆتۆمبێلەکانی ئەو کاروانە هەوڵی داوە لەسەر رێگا لایبدات، دواتر کە گەیشتووەتە سەر رێگای نێودەوڵەتیی ئەبوغرێب، بینیویەتی پاسەوانەکانی تەڵاڵ زەوبەعی، پەرلەمانتاری کوتلەی قەراری عێراقی رێگاکەیان داخستووە.

عەبدولحەمید موعسەتەم هەروەها رایگەیاندووە، پاسەوانەکانی تەڵاڵ زەوبەعی چەکیان لێ راکێشاوە و جوێنیان پێ داوە و هەڕەشەیان لێکردووە، دواتر دوو گوللەیان بە نزیکییەوە ناوە و ناسنامە و ساڵیانە (سەنەوی)ی ئۆتۆمبێلەکەیان لێسەندووە و پێیان گوتووە ”لە بازگەی غەزالیە چاوەڕێمان بکە“.

ئەو مامۆستایە کە گەیشتووەتە بازگەکە، بینیویەتی زەوبەعی لای ئەفسەری بازگەکە سکاڵای کردووە.

پۆلیسێک بەو مامۆستایەی گوتووە، بڕۆ داوای لێبووردن بکە، ئەگینا خراپت بەسەر دەهێنن، ئەویش چووە داوای لێبووردنی لە زەوبەعی کردووە و ناسنامە و ساڵیانەکەی وەرگرتووەتەوە.

مامۆستا عەبدولحەمید موعتەسەم وێڕای تۆمارکردنی سکاڵای یاسایی بۆ گەڕاندنەوەی شکۆی شکێندراوی، داوای لە مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق و محەمەد حەلبوسیی سەرۆکی پەرلەمان کردووە پاڵپشتی بکەن بۆ گێڕانەوەی کەرامەت بۆی.