لە کەرکووک چەند خانوویەكی دیكەی هاووڵاتییانی كورد ڕووخێندران
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

لە کەرکووک چەند خانوویەكی دیكەی هاووڵاتییانی كورد ڕووخێندران

لەسەر بڕیاری پارێزگاری سەپێندراوی كەركووك، لیژنە هاوبەشەكانی قایمقامیەتی ناوەندیی كەركووك، چەند خانوویەكی دیكەی هاووڵاتییانی كوردیان لە گەڕەكێكی  شارەکە ڕووخاند.

لە گەڕەكی (پەنجاعەلی)ی شاری كەركووك هەڵمەتێكی دیكەی ڕووخاندنی ژمارەیەك خانووی هاووڵاتییانی کورد بە بیانووی ئەوەی خاوەنی ئەو خانوانە تاپۆیان نییە و لەسەر زەویی حكوومەت خانوویان دروست كردووە و ئەو هەڵمەتە دوێنێ چوارشەممە 3/3/2021 بەڕێوە چوو و یەكێك لەو كەسانەی كە خانووی ڕووخێندراوە، پێشمەرگەیەكی خەڵكی خورماتووە كە پێشتر لە خورماتوو لەلایەن حەشدی شەعبییەوە ماڵی رووخێندراوە و ئێستاش كە خانووی لە كەركووك دروست كردووە، دیسان خانووەكەیان رووخاند و پێشتریش چەندین جار لە هەمان گەڕەك هەڵمەتی ڕووخاندنی خانووی هاووڵاتییان بەڕێوە چووە.

ئەو هەڵمەتە لە كاتێكدایە عەرەب و توركمانی شیعە لە چەندین شوێنی جیاجیای شاری كەركووك ئێستا خەریكی دروستكردنی خانوون لەسەر زەویی حكوومەت.

لەمبارەوە، ئەدهەم جومعە، چالاكوانی كۆمەڵگەی مەدەنی لە كەركووك، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "جگە لە شەڕی نەتەوایەتی و ڕووخاندنی خانووی هاووڵاتییانی كورد لە كەركووك، ئێستا بەرژەوەندیش هاتووەتە سەری، واتە دەڕۆن بە بیانووی ئەوەی پڕۆژەی خزمەتگوزاری لەو شوێنە دروست دەكەن، هەندێك خانوو دەڕووخێنن بۆ ئەوەی دەسەڵاتدارانی ئێستای كەركووك بۆ خۆیان هەم پارە بەناوی ئەو پرۆژانەوە وەربگرن و هەمیش زیان بە کورد بگەیەنن و خانوویان بڕووخێنن".

گوتیشی: "زانیاریم هەیە كە لە كەركووك كۆبوونەوە بەڕێوە چووە بەمەبەستی ڕووخاندن، دەست بۆ هەموو گەڕەكە بێ تاپۆكان ببەن، بەڵام بۆ ئێستا وەكوو تاقیكردنەوە لێرە و لەوێ ماڵ دەڕووخێنن".

لە كەركووك 14 گەڕەكی بێ تاپۆ هەیە و زۆرینەی ئەو گەڕەكانە كوردنشینن و بەشی زۆریان لەو ئاوارانە پێك دێن كە دوای ساڵی 2003 لە هەرێمی كوردستانەوە گەڕانەوە شارەكەیان و لەبەر بێ جێگە و ڕێگە لەسەر زەویی حكوومەت خانوویان دروست كردووە و تا پێش 16ی ئۆكتۆبەری 2017 ئیدارەی ئەو كاتەی كەركووك هیچ كێشەیەكی بۆیان دروست نەدەكرد، بەڵام ئێستا ناوە بە ناوە دەسەڵاتی سەپێندراوی كەركووك خانووی هاووڵاتییانی كورد لەو گەڕەكانە دەڕووخێنێت و چاودێرانی دۆخی كەركووكیش خیانەتكارانی 16ی ئۆكتۆبەری ناو یەكێتیی بە تاوانبار دەزانن لەوەی كە كەركووك بەهۆی ئەوانەوە حەشدی شەعبی داگیری كرد و ئێستاش جیا لەوەی پرۆسەیەکی تەعریبکردنەوەی کەرکووک بەردەوامە، خانووی هاووڵاتییانی كوردیش دەڕووخێنن.