كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

تەندروستیی هەولێر: ئەمڕۆ کوتان بە پێکوتەی کۆرۆنا دەست پێدەکات

گوتەبێژى تەندروستیی هەولێر ڕای گەیاند لە سنوورى پارێزگاى هەولێر بۆ کوتانی پێکوتەی کۆرۆنا سەرجەم ئامادەکارییەکانیان تەواو کردووە و ئەمڕۆ پێنجشەممە کوتان دەست پێدەکات.

د. بژار مووسا گوتەبێژى بەڕێوەبەرایەتیى گشتیى تەندروستیى هەولێر بە (باسنیوز)ى ڕاگەیاند: "بۆ پێدانى پێکوتەی کۆرۆنا سەرجەم ئامادەکارییەکانمان تەواو کردووە و بڕیارە ئەمڕۆ پێنجشەممە 4/3/2021 لە سنوورى پارێزگاى هەولێر دەست بە پێدانى ڤاکسینەکە بکرێت، سەرەتاش  ڤاکسینەکە لەو توێژانە دەدرێت کە بەپێى کارەکانیان ئەولەویەتیان پێ دراوە".

ڕاشی گەیاند: "ئەو کەسانەى بەپێى تایبەتمەندیى کارەکانیان سەرەتا پێکوتەکەیان لێ دەدرێت، بریتین لە پزیشک و کارمەندانى وەزارەتی تەندروستى، هێزەکانى پۆلیس و ئاسایش و هێزە ئەمنییەکان".

د. بژار مووسا ئاماژەى بەوەش کرد: "دواى گەیشتنى وەجبەیەک پێکوتەی کۆرۆنا لە وڵاتى چینەوە بۆ هەرێمى کوردستان، ئێمە ئامادەکاریى تەواومان کردبوو بۆ پێدانى ڤاکسینەکە، بۆ ئەم مەبەستەش سێ سەنتەر لە سنوورى پارێزگاى هەولێر ئامادە کراون، لە شاری هەولێر نەخۆشخانەى رزگارى و دوو سەنتەریش لە کۆیە و سۆران بۆ پێدانی پێکوتەکە تەرخان کراون".

بەپێی زانیارییەکان لە ڕۆژی یەکەمدا بڕیارە٢٠ کەس لەو پزیشک  کارمەندانەی لە ھێڵی پێشەوەی ڕووبەڕووبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنان، ئەمڕۆ پێنجشەممە بۆ یەکەم جار بکوترێن، بەتایبەت ئەو کارمەندانەی لە بە شەکانی چاودێریی چڕدان.

 وەزارەتی تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان چوار ھەزار پێکوتەی  کۆرۆنای بەسەر سەرجەم پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستاندا دابەش کردووە.

مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا رای گەیاندووە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان زیاتر لە شەش ملیۆن پێکوتە بۆ ھاووڵاتییانی ھەرێمی کوردستان دابین دەکات.