پەرلەمانى کوردستان کار بۆ هەموارکردنەوەى یاساى کارى رۆژنامەگەرى دەکات
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

پەرلەمانى کوردستان کار بۆ هەموارکردنەوەى یاساى کارى رۆژنامەگەرى دەکات

ئەندامێکى لیژنەى رۆشنبیرى لە پەرلەمانى کوردستان رایگەیاند بە هەماهەنگى سەندیکاى رۆژنامەنووسان لە هەوڵى ئەوەداین یاساى رۆژنامەگەرى هەموار بکرێتەوە، یانیش یاسایەکى تازە بۆ کارى میدیایی لە کوردستان دابڕێژین بۆ "نەهێشتنى ئەو بێسەروبەرییەى بە هۆى سۆشیال میدیاوە هاتووەتە ئاراوە".

موحسین حوسێن، جێگرى سەرۆکى لیژنەى رۆشنبیرى و کۆمەڵگەى مەدەنى و وەرزش و لاوانى پەرلەمانى کوردستان بە (باسنیوز)ى راگەیاند: "بە هۆى نەبوونى یاسایەکى تایبەت بە سۆشیال میدیا، ئێستا بوونەتە ناوەندێکى گەورەى ململانێى سیاسى و بەو هۆیەوە بێسەر و بەرییەکى زۆر لە هەرێمی کوردستان دروست بووە، پێشتر لیژنەى رۆشنبیرى پەرلەمان یاسایەکى تایبەت بە رێکخستن و کۆنترۆڵکردنى سۆشیال میدیا ئامادە کردبوو، خوێندنەوەى یەکەمیشى بۆ کرا، بەڵام ناڕەزاییەکى زۆرى لێکەوتەوە".

راشیگەیاند: "ئێمە بە هەماهەنگى سەندیکاى رۆژنامەنوسان و مامۆستایانى زانکۆ و رۆژنامەنووسانى بەئەزموون، لە هەوڵى ئەوەداین لەسەر بنەمایەک رێکبکەوین بۆ هەموارکردنەوەى یاساى کارى رۆژنامەگەرى، بە جۆرێک سۆشیال میدیاش لە چوارچێوەى یاساکەدا جێى بۆ بکرێتەوە، چونکە بەهۆى نەبوونى یاسایەکى تایبەت بە سۆشیال میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، خەڵکانێک بە ئارەزووى خۆیان سەرپێچیی دەکەن".

ناوبراو ئەوەشى خستەڕوو" پەرلەمانى عێراق پڕۆژە یاسایەکى تایبەت بە کارى سۆشیال میدیا ئامادە کردووە و خوێندنەوەى یەکەمیشى بۆ کراوە، ئێستا خەریکن خوێندنەوەى دووەم و سێیەمیشى بۆ بکەن و ببێتە یاسا، بەڵام ئەوان کۆتى زۆریان بۆ کۆنترۆڵکردنى سۆشیال میدیا داناوە، بە جۆرێک هەندێ تاوانى ئەلیکترۆنى سزاکەى تا حوکمى لە سێدارەدان دەچێت، بەڵام ئێمە نامانەوێت بەو شێوەیە ئازادى بەرتەسک بکرێتەوە".