وەزارەتی گواستنەوە وادەی کۆتاییهاتنی پێدانی لۆگۆ بە تاکسیی شارەکان ئاشکرا دەکات
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

وەزارەتی گواستنەوە وادەی کۆتاییهاتنی پێدانی لۆگۆ بە تاکسیی شارەکان ئاشکرا دەکات

گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێ، دوا مۆڵەت بۆ پێدانی لۆگۆ بە تاکسی نێو شارەکان تاوەکو 1/8/2021ەو هەر شۆفێرێک لە کاتی خۆیدا فۆڕمەکە پڕ نەکاتەوە سزای دارایی دەدرێت.

دیلان ڕەشاد، بە (باسنیوز) ی ڕاگەیاند: "دوا مۆڵەت بۆ پێدانی لۆگۆ و شریتی زانیاری بە خاوەن تاکسییەکان تاوەکو 1/8/2021ەو ئەو کەسەی تا ئەو رێککەوتە فۆڕمەکە پڕ نەکاتەوە و شریتی زانیاری وەرنەگرێت سزا دەدرێت، سزاکەش لە 500 هەزار دینارەوە دەستپێدەکات تاوەکو دەستبەسەرکردنی ئۆتۆمبێلەکەی، ئەو ئۆتۆمبێلانەشی کە لۆگۆیان پێدەدرێت پێویستە خاوەن کارتی زانیاری بن لە وەزارەتی ناوخۆ- بەڕێوەبەرایەتی گشتی هاتوچۆ تۆمار کرابن و تابلۆی یەکێک لە پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی، دهۆکیان پێدرابێت".

گوتیشی: "ئەو پڕۆژەیە توانیویەتی تا ئاستێکی باش سەرکەوتوو بێت و جێبەجێ بکرێت، هەروەها ماف بۆ پیشەی تاکسی بگەڕێندرێتەوە و لە داهاتوودا پاش تەواوکردنی شارەکان لە سەرجەم قەزا و ناحیەکانیش جێبەجێ دەکرێت".

ڕاشیگەیاند: "ئەو کەسەی مۆڵەتی بەکارهێنانی تاکسی پێدەدرێت، مۆڵەتەکە تەنیا بۆ ئەو تاکسیەیە کە بەکاریدەهێنێت و لە دەرەوەی کاری تاکسی دەتوانن ئۆتۆمبێلی تر بە مۆڵەتی تایبەت یاخود گشتی بەکاربهێنێت".