بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، ڕێكارەكانی خەرجكردنی پارەی سێ ساڵی گه‌نمى جووتیارانی هەرێمی كوردستان دەخاتە ڕوو.
نەوزاد شێخ كامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان به (باس‌نیوز)ی ڕاگەیاند: "ڕۆژی دووشەممە 1/3/2021، چەکی پارەی گەنمی جووتیارانى هه‌رێمى كوردستان گەیشتە دەستمان، (سحە سدور)ی ماوە، دەبێت لە بەغداوە ڕه‌زامه‌ندى بدرێتە لقی بانکی ناوەندیی هەرێمی كوردستان، دواتر هەندێک کاری ئیداری دەوێت، بۆ ئه‌وه‌ى پارە بنێرنە سەر ئەو بانکانە، دواتر كاری ئێمە دەست پێدەکات".
ڕوونیشی كردەوە، خەرجكردنی پارەكە هەفتەیەك زیاترى دەوێت، گوتیشی: "هەندێک ڕێکاری ئیداری هەن پەیوەندی بە بەغدا هەیە، تا ئەو ڕێکارانە تەواو نەبن، بانکەکان ناتوانن پارە بە جووتیاران بده‌ن".
دوای چەند ساڵ ڕاگرتنی خەرجكردنی پارەی گەنمی ساڵانی 2014، 2015 و 2016 جووتیارانی هەرێمی كوردستان له‌لایه‌ن حكوومه‌تى عێراقه‌وه، حكوومه‌تى عێراق بڕیاری دا نیوەی پارەكە، كه 268 ملیار دیناره، خەرج بكات.
نازم محەمەد عەلی، بەڕێوبەری بازرگانیی دانه‌وێڵه لە پارێزگای دهۆك ڕای گەیاندووه: "حکوومەتی عێراق بڕی 85 ملیار و 395 ملیۆن دینار، پارەی گەنمی جووتیارانی پارێزگاى دهۆكى خەرج کردووە، بۆ ئەو مەبەستەش سەردانی بەغدامان کردووە، چه‌كه‌کانمان وەرگرتووە و چاوەڕێ ده‌كه‌ین پاره‌كه ڕەوانەی بانکەکانی دهۆك بكرێت".
باسى له‌وه‌ش كردووه، لە ماوەی دوو هەفتەدا پارەکە دەگاتە بانکەکانی دهۆك، هه‌ر كاتێك پاره‌كه بگات، دەستبەجێ بەسەر جووتیاراندا دابەش دەکرێت.