كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

ڕێکخەرێکی خۆپیشاندانەکانی ١٧ی شوبات: قسەكانی غالب محەمەد بەڵگەیە كە زۆربەی پاسەوانەكانی بندیوارن

”کەمپینچییەکانی سلێمانی دەستەمۆی بەرپرسە حزبیەکانی ئەم زۆنەن و دژی زۆنی زەرد بەكار دەهێندرێن“

ڕێكخەرێكی خۆپیشاندانەكانی ١٧ی شوبات لە سلێمانی، رای دەگەیەنێت كە قسەكانی غالب محەمەدی پەرلەمانتاری عێراق بەڵگەیە لەسەر ئەوەی كە زۆربەی پاسەوانەكانی بندیوارن.

ناسیح عەبدولڕەحیم، ڕۆژنامەنووس و یەکێک لە ڕێکخەرانی خۆپیشاندانەکانی ١٧ی شوباتی ٢٠١١ بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند، کەمپینچیەکانی شاری سلێمانی ئەگەر بزانن ڕووداوێکی ھەستیار لە لایەن بەرپرسانی ئەم زۆنەوە ڕوویداوە و زیانی بۆ هاووڵاتیانی سڤیل ھەیە، ”نە کەمپینی بۆ دەکەن، نە ھەڵوێستی لەسەر وەردەگرن، چونکە کەمپینچییەکانی شاری سلێمانی، دەستەمۆی بەرپرسە حزبیەکانی ئەم زۆنەن و بەکاریان دەھێنن لە دژی زۆنی زەرد“.

لەبارەی كەیسی هێرشكردنە سەر غالب محەمەدیشەوە دەڵێت: ”ئەگەر دکتۆر غالب لە شاری ھەولێر بە چەقۆ پەلامار بدرایە، کەمپینچییەکانی سلێمانی کەمپینی فراوانیان بۆ ڕێک دەخست، بەڵام لەبەر ئەوەی ڕووداوەکە لە زۆنی سەوز ڕوویداوە، ھیچ کەمپینێکی بۆ ڕێک ناخەن، بێگومان ئەوەش بەڵگەی ئەوەیە کە ئەوان، ھیچ نین جگە لەوەی ئەجێندایەکی حزبی و سیاسیی ئەم سنوورە جێبەجێ دەکەن، بۆیە ھەڵوێست و کەمپینەکانی ئەو کەمپینچییانە ھەڵوێستی نیشتمانی و ئازادیخوازانە و مرۆڤدۆستانە نییە“.

ئاماژەی بەوەش كرد، ”ڕووداوی ھێرشکردنە سەر غالب محەمەد ئەوەی بۆ ئاشکراکردین کە زۆربەی زۆری پەرلەمانتارەکانی بەغدا مووچەخۆری بندیواریان ھەیە، چونكە هێرشكردنە سەری بەڵگەی ئەوەیە كە زۆربەی زۆری پاسەوانەکانی بندیوارن، ئەوەش بەشێکی گرنگە لە گەندەڵی“.