جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایدەگەیەنێت کە هەر هەموارکردنەوەیەک لە یاسای بودجە پێویستە بەپێی دەستوور و لە بەرژوەندی تەواوی پێکهاتەکانەکانی وڵات بێت.
نووسینگەی راگەیاندنی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بڵاویکردەوە: ئەمڕۆ سێشەممە ٢٠٢١/٣/٢، دەستەی سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بە سەرۆکایەتی محەمەد حەلبوسی، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران و حەسەن کەعبی جێگری یەکەم و دکتۆر بەشیر حەداد، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران، کۆبوونەوەیەکی فراوانی لەگەڵ سەرۆکی فراکسیۆن و لیژنەکانی ئەنجومەنی نوێنەران ئەنجام دا.
ئاماژە بەوەشکراوە، لە کۆبوونەوەکەدا کە ئامانج لێی گفتوگۆکردن بوو لەبارەی کارەکانی ئەنجوومەنی نوێنەران لەم قۆناغەی ئێستادا و پێداچوونەوە بە پرۆژە یاساکان و هەموارکراوانی پێشنیارکراو، لە سەروی هەموشیانەوە یاسای بودجەی فیدراڵی ٢٠٢١ و دادگای فیدراڵی.
هەروەها لە کۆبوونەوەکەدا دکتۆر بەشیر خەلیل حەداد رایگەیاند: ’’بودجەی فیدراڵی یەکێکە لە یاسا گرنگەکان و هەر هەموارکردنەوەیەک تێیدا پێویستە بەپێی دەستوور بێت و پەسەندکردنیشی بەشێوەیەکی دادپەروەرانە و لە بەرژوەندی گەل و تەواوی پێکهاتەکانی وڵاتدا بێت’’.
حەداد، ئاماژەشی بەوەداوە، کە دەستەی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی نوێنەران لە رۆژانی داهاتوودا لەگەڵ فراکسیۆنە سیاسییەکان گفتوگۆ دەکات بۆ پێشکەش کردنی پێشنیار و هەموارەکان لەسەر مادە و دەقەکانی یاسای بودجە بۆ جێبەجێ کردنی کارە یاساییەکانی و داواشی لە لیژنەی دارایی کرد کە کۆپی کۆتایی لە بودجە پێشکەشی تەواوی فراکسیۆنە سیاسییەکان بکات بۆ ئەوەی ئاگاداری بڕگە و بابەتەکانی بن پێش ئەوەی بخرێتە دەنگدانەوە و پەسەندبکرێت.