كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

میترایسم لەناو چیرۆک و نەریتی کوردیدا

٣

چیرۆکە فولکلۆرییەکان سەرچاوەیان بۆ گێڕانەوە پیرۆزەکانی رابردوو دەگەڕێتەوە و رەگیان لەناو باوەڕە ئایینییەکاندا داکوتاوە. باوەڕی میترایی لەناو نەریت و چیرۆکی کوردیدا رەنگی داوەتەوە. بەو چیرۆکە کۆنە فولکلورییانە لە رۆژهەڵاتی کوردستان، بەتایبەت ناوچەی سەلاسی باوەجانی و جوانڕۆ دەڵێن (راز).

قەلەڕەش
یەکێک لە باوەڕە میتراییەکانی ناو چیرۆکە کوردییەکان قەلەڕەشەیە. قەلەڕەشە لە ئایینی میتراییدا پەیامهێنەری خودایە. ئاسمان لەم ئایینەدا لە چەشنی ئەشکەوتێکە و میترا هێمای خۆر و رووناکییە. میترا دەبێ بە کوشتنی گایەک لەناو ئەو ئەشکەوتە، ئەستێرە و مانگ و ئاژەڵەکانی دیکە رزگار بکات.

خودا قەلەڕەش دەنێرێ تا میترا فێری کوشتنی گا بکات، بۆیە لە هەفت قۆناغی میهرپەرەستی؛ قۆناغی یەکەم، کە قۆناغی قەلەڕەشەیە، زیاترین پەیڕەوکاری هەیە، بۆیە ئەو کەسانەی دەیانویست بچنە سەر ئایینی میترا، لەناو میهرگە (جەمخانە)کاندا خۆیان وەکوو قەلەڕەش دەڕازاندەوە و وەکوو قەلەڕەش دەکەوتنە قاڕەقاڕ و لاسایی قەلەڕەشیان دەکردەوە.

قەلەڕەش لە چیرۆکی (بی ناری جیهان شا) و چیرۆکی (حەوت برا) رۆڵی سەرەکی دەگێڕێ. واتا قەلەڕەش پاڵەوانی ناو چیرۆکەکان لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی دیکە دەبات، تا دەگەنە براکانیان. قەلەڕەش لە ئایینی میترا، رێناسە و لەم چیرۆکانەشدا هەمان رۆڵ دەگێڕێ و رێگای گەیشتن بە براکان نیشانی خوشکەکەیان دەدا.

سەرباز
یەکێکی دیکە لە قۆناغەکانی گەیشتن بە ئایینی میترا، قۆناغی سەربازە. میترا خواوەندی جەنگە. سەرباز و جەنگاوەرانی ناو گۆڕەپانی شەڕ داوای یارمەتیی لێ دەکەن. میترا چاوی لە سەربازەکانە و یارمەتییان دەدا و هەرکەسیش خیانەت بکا، سزا دەدرێ.

پەیڕەوکارانی میترا سوێند دەخۆن بۆ پارێزگاری لە ئایینەکەیان بجەنگن. لە چیرۆکە لووڕییەکانیشدا چەند کەسێک وەکوو سەرباز لەگەڵ پاڵەوانی ناو چیرۆکەکان پەیمان دەبەستن، تا یارمەتیی بدەن. لە چیرۆکی (بستێک باڵا و چل گەز ریش) و (عەلی شیراز و عەلی میرزا) هاوپەیمانانی پاڵەوانی چیرۆکەکە، خیانەتی لێ دەکەن، بۆیە سزا دەدرێن.

هەڵۆ
یەکێکی دیکە لە هێماکانی ئایینی میترا، هەڵۆیە. هەڵۆ پێگەی باوک یان پیر دەگێڕێ، واتا بەرزترین قۆناغی گەیشتنە بە عیرفانی رۆحیی.

داڵ
داڵ لەناو چیرۆکی (بووەکوێرەکان و شا خۆر) یەکێکە لە کەسایەتیی ناو چیرۆکەکان و رۆڵی هەڵۆ دەگێڕێ. هەڵۆ لەم چیرۆکەدا شارێک رزگار دەکات و پاڵەوانی خۆر دەکاتە پاشای شارەکە.

هەفت
ژمارە هەفت لە ئایینی میترا هێمای گەیشتنە بە کامڵبوون. قۆناغەکانی ئایینی میترا هەفت قۆناغە و پەیڕەوکارانی میترا هەفت پێگەیان هەبووە. لەناو چیرۆکی وەکوو (هەفت خوشک)، (دێوی هەفت سەر)، (سێ برا) و (بستێک باڵا و چل گەز ریش)، پاڵەوانی چیرۆکەکە بۆ گەیشتن بە جیهانی رووناک، هەفت رۆژ و شەوی پێویستە، کە هێمایە بۆ قۆناغی هەفتەم و ژمارە هەفتی ناو ئایینی میترا.

کەڵەشێر
لە ئایینی میترایسم، کەڵەشێر خاوەن پێگەیەکی تایبەتە، باڵندەیەکی پیرۆزە بۆ وشیارکردنەوەی خەڵک لە بەرەبەیان و مزگێنیبەخشی رووناکی و هەڵهاتنی خۆرە. لە باوەڕی کۆنی کوردستانی کەونارا و ئێرانی کۆن، ئەهریمەن نوێنەری تاریکییە و کەڵەشێر لەگەڵ ئەو تاریکییە دەجەنگێ. جەژنی خاوەنکاری یارسانەکان بێ قوربانیکردنی کەڵەشێر بەڕێوە ناچێت، کە تێیدا گۆشتەکەی دەکەنە نەواڵە (بابۆڵە) بۆ خواردنی ئامادەبوان و ئێسکەکانیشی لەناو خاکدا دەشارنەوە.

مەبەست لەو خواردەنە ئەوەیە، کە ئامادەبووان بە خواردنی گۆشتی کەڵەشێر بەشێک لە پەیامی ئەو باڵندە پیرۆزەیان پێ ببەخشرێ، کە راستگۆیی و جەنگی بەردەوامە لەگەڵ تاریکی و درۆ و گەیشتنە بە رووناکی.

میتراییەکان پێیان وایە؛ میهر لە شەوی چلە (یەڵدا)، کە درێژترین شەوی ساڵە لەناو بەردێک دێتە دنیا. لە کاتی هاتنی خەرمانەیەک لە رووناکیی خۆر لە دەوری سەری بووە و کڵاوێکی فەرەنجیی لەسەر بووە. لە دەستێکیدا مەشخەڵ بووە و دەستەکەی دیکەی خەنجەری پێ بووە. خەنجەر هێمای ئامادەبوونە بۆ شەڕ و مەشخەڵ هێمای رووناککردنەوەی تاریکییە.

کوشتنی گا، یەکێکە لە چیرۆکەکانی میهرپەرستی، کە تێیدا میترا بە یارمەتیی خوداا، گایەک دەباتە ناو ئەشکەوتێک، بەڵام گا لەناو ئەشکەوتەکە هەڵدێ و میترا بە خەنجەر دەکەوێتە گیانی و دواجار دەیکوژێ. خوێنی گاکە دەڕژێتە سەرزەوی و پیت و بەرەکەت و گەشەکردنی رووەک و دار و درەخت و بوونەوەرانی لێ دەکەوێتەوە. گەنم و ترێ لە جەستەی گاکە دەڕوێن؛ بۆیە گا بۆ میهرپەرەستەکان نوێنەری بوونێکی رەسەنی ئاسمانییە و خولقێنەری نەمری و جاویدانییە.

گاکوژی تەنیا لەناو چیرۆکە کوردییەکاندا رەنگی نەداوەتەوە، بەڵکوو لەناو نەریت و رێوڕەسمە کوردییەکانیشدا تائێستا وەکوو خۆی ماوەتەوە، بۆ نموونە رێوڕەسمێک لە ناوچەی (دۆڵی دەرە)ی سەر بە سەلاسی باوەجانی لە رۆژهەڵاتی کوردستان بەڕێوە دەچێ، کە یەکێکە لە رێوڕەسمەکانی میتراییسم لە کوردستان.

لە ناوچەی دۆڵی دەرە گوندێک بەناو (سواری بێڵەیی) هەیە، کە مەزارگەیەکی بە هەمان ناو تێدایە، لەناو مەزارگەکەدا دارقەزوانێکی هەزاران ساڵە هەیە، کە بووە بە نەزرگەی هەموو ئەو کەسانەی منداڵیان نابێ و لەدوور و نزیکەوە سەردانی دەکەن.

بەر لە دەستپێکی مەراسیمەکە، دوو گای رەش و زەرد بە دارێکەوە لەنزیک مەزارگەکە دەبەستنەوە و پێیان وایە: هەزاران ساڵ بەر لە ئێستا، فریشتەیەک خۆی کردووە بە قەلەڕەش و داوای لە (پیرشەرەف) کردووە؛ گا زەردی بۆ بکاتە قوربانی. (بەو جۆرەی لەسەرەوە باسی کرا؛ خودا قەلەڕەش دەنێرێ، تا میترا فێری کوشتنی گا بکا، واتا سەرجەم کەسایەتییەکانی ناو میتراییسم لەم نەریتەی ناو سەلاسی باوەجانیدا هەن و پیرشەرەف لەم نەریتەدا میترایە).

پیرشەرەف تەنیا دوو گای رەش و زەردی بووە و گا زەرد دەکاتە قوربانی و بەم جۆرە ئەو مەزارگەیە دروست دەبێ. لە سەردەمی تامورس (دێوبەن)، کاتێک خەڵکی لەسەر پشتی گای ناسراو بە سریشووک (گا زەرد) بوون، ئاگردانەکەیان بەهۆی زریانەوە دەکەوێتە ناو زەریا و دەبێتە سێ پارچە، کە سێ ئاگری پیرۆزی لێ دەکەوێتەوە و رێگای خەڵکەکە رۆشن دەکاتەوە. (سێ ژمارەیەکی پیرۆزە و لەو نەریتەی ناو سەلاسی باوەجانیش ئامادەبووان دەبێ سێ جار بەدەوری نەزرگەکەدا بسووڕێنەوە. سێ، هێمایە بۆ سێ دروشمی بیری چاک، کرداری چاک و وتەی چاکی زەردەشتییەکان).

ئەم گایە لە لایەن گوپت شا، کە بوونەوەرێکی نیوەمرۆڤ و نیوەگایە، دەپارێزرێت. گا زەرد لە کاتی سەرلەنوێ دروستبوونەوەی جیهان دەکرێتە قوربانی. قوربانیکردنی گا جیا لەم نەریتەی ناوچەی باوەجانی، لە زەماوەندی پیری شالیاریشدا هەیە.

زەماوەندی پیر شالیار بە قوربانیکردنی گایەک دەست پێدەکات و دەبێ خوێنی گاکە لە سەربانی ماڵێکەوە بڕژێتە سەر بانی ماڵەکانی دیکە. هەر کام لە بەشداربووانی ناو زەماوەندی پیرشالیار، بە خواردنی پارچەیەک لە گۆشتی گاکە هێز و توانای گایان پێ دەبەخشرێت و بەو خواردنە یەکبوون و یەکێتییەک لەنێوانیاندا دروست دەبێ.