بەبێ رەزامەندیی خۆم سێ جار بەشوو درام
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

بەبێ رەزامەندیی خۆم سێ جار بەشوو درام

 

تەمەنی ٢٠ ساڵە، بەڵام سێ جار هاوسەرگیریی کردووە، هیچ یەک لەو هاوسەرگیرییانەش بە رەزامەندیی خۆی نەبووە.

شەوبۆ ژنێکی گەنجە، لە گەڕەکەکەی خۆیان بە (خەیاتە جوانەکە) ناوبانگی دەرکردووە. ئەو پێچەوانەی ئافرەتانی تر، کە دڵیان بە جوانیی خۆشە، دەڵێت: "بەهۆی جوانییەکەمەوە نەگبەت بووم".

ئەم ژنە تا پۆلی شەشەمی بنەڕەتی خوێندوویەتی، یەکەم هاوسەرگیریی لەو تەمەنەدا بووە. کاتێک کوڕە مامێکی خوازبێنیی کردووە و نەیناهێشتووە لە خوێندن بەردەوام بێت: "تەمەنم سێزدە ساڵ بوو، کاتێک کوڕە مامێکم داڵغەی لێ دابووم و نەیهێشت خوێندن تەواو بکەم. باوکیشم گوتی لەوە باشتر نییە مێرد بە کوڕی مامت بکەی".

شەوبۆ نزیکەی چواردە ساڵ بووە کاتێک مەراسیمی هاوسەرگیریی یەکەمی بۆ کراوە و هەر لە مانگی یەکەمەوە چاوەڕێ بوون سکی پڕ بێت، بەڵام بووە بە ساڵێک و نەیتوانیوە منداڵی ببێت: "دوای یەک مانگ لە هاوسەرگیریم، مامۆژنم پرسی، ئەوە بۆ سکت نییە؟ ئیدی بەرەبەرە دەستیان کرد بە بیانووگرتن، دوای یەک ساڵ گوتیان ژنێکی تر بۆ کوڕەکەمان دەهێنین. من قسەم نەدەکرد و ناچار بووم بە هەموو دۆخێ رازی بم، بەڵام برایەکم گوتی، ژنی بەسەر بێت دەیهێنینەوە، بۆیە منیان بردەوە ماڵی باوکم و تەڵاق درام".

دوای شەش مانگ لە هاوسەرگیریی یەکەم، ئەمجارە کوڕی پوورێکی شەوبۆ خوازبێنیی دەکات، ئەویش زۆر پێی خۆش دەبێت: "پێم خۆش بوو دووبارە هاوسەرگیریی بکەمەوە، چونکە ئەو شەش مانگەی رۆیشتمەوە ماڵی باوکم، ژیانم نەبوو. براژن و براکانم، هەتا دایکیشم بە سووکایەتییەوە سەیریان دەکردم، لە هەموو دەمەقاڵێیەک براژنم دەیگوت، ژنی تەڵاقدراو نابێت زمانی درێژ بکات، وام لێ هاتبوو نانیشم بە شەرمەوە دەخوارد، چونکە چاوی هەموان لەسەر من بوو".

دوای مانگێک لە خوازبێنی، شەوبۆ دەچێتە ماڵی هاوسەری دووەمی، ئەو کاتە تەمەنی نزیک شازدە ساڵ دەبێت، سەرەتا پووری پێی وابووە، کە لە هاوسەرگیریی یەکەمی بەهۆی منداڵیی تەمەنییەوە سکی پڕ نەبووە، بەڵام کاتێک لەو هاوسەرگیرییەش دوای ساڵ و نیوێک منداڵی نابێ، ئەمجارەش ژیانی ئەو ژنە دەبێتە شەڕ و کێشە.

وەک شەوبۆ دەگێڕێتەوە، چەند جارێک پووری بردوویەتییە لای دکتۆری ئافرەتان، بەڵام هەموو جارێ دکتۆرەکە لێی تووڕە بووە: "چووینە لای سێ دکتۆر، پوورم بە دکتۆرەکانی دەگوت، ئەوە بووکمە و منداڵی نابێت، هەموو جارێ دکتۆرەکە تووڕە دەبوو بە پوورمی دەگوت، ئەم ژنە جارێ بۆ منداڵبوون مەخە بەر دەستی کەس، چونکە تەمەنی بچووکە، بەڵام جارێک پوورم تووڕە بوو و گوتی، ئەگەر بچووک بوایە دوو مێردی نەدەکرد".

دوای دوو ساڵ لە هاوسەرگیری لەگەڵ کوڕی پووری، شەوبۆ بۆ جاری دووەم تەڵاق دەدرێت: "بە هاوسەرەکەمم گوت، تەڵاقم مەدە و ژنێکی دیکە بێنە من رازیم، بەڵام پوورم گوتی، تۆمان بۆ چییە، مەگەر بۆ شەڕ و کێشە".

ئەو ژنە گەنجە، دەڕواتەوە ماڵی باوکی و بە هەمان شێوەی جاری یەکەم مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت، ئەو دەڵێت: "کە لە ماڵی مێردەکەم لەگەڵم خراپ دەبوون، دەمگوت دەڕۆمەوە ماڵی باوکم، بەڵام لەوێ خراپتر دەبوون و خواخوام بوو کەسێک بێتە خوازبێنیم و رزگارم بێت".

شەوبۆ ئێستا پیاوێکی تەمەن ٤٣ ساڵ مارە کراوە، ئەو کێشەی لەگەڵ تەمەنی کابرادا نییە، بەڵام دوای ئەوەی شەوبۆی مارەبڕیوە، زانیویەتی ژنێکی تری هەیە: "سەرەتا لای من گوتیان سەڵتە و ژنی مردووە، منیش پێم ئاسایی بوو، بەڵام رۆژێک ژنێک هات سووکایەتیی دنیای پێ کردم و گوتی من ژنی ئەو پیاوەم، کە تۆی بەدزیی منەوە مارە کردووە، بۆیە ئێستا رازی نیم بمگوازێتەوە".

شەوبۆ ئێستا کاری بەرگدوورینی جلی منداڵان و ئافرەتان دەکات. چاوەڕێیە هاوسەری سێیەمی تەڵاقی بدات، چونکە وەک خۆی دەڵێت، تاقەتی کێشەی نییە، بۆیە هەر لە سەرەتا نەچێتە ئەو ماڵە باشترە.

شەوبۆ ئێستا لە گوزەرانی خۆی رازییە و دەڵێت: "خۆم فێری کاری بەرگدرویی کردووە. لە هەموو گەڕەکەکە و شوێنی تریش خەڵک بۆ جل دروون دێنە لای من و بە خەیاتە جوانەکە بەناوبانگم و زۆریش لە ئیشەکەم رازین".