كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

سکای نیوز: هەرێمی کوردستان جوانترین نموونەی پێکەوەژیانی ئایینی پێشکەش دەکات

لە راپۆرتێکدا، بەشی عەرەبیی ماڵپەڕی کەناڵی (سکای نیوز) باس لە پێکەوەژیانی ئایین و نەتەوە جیاوازەکان دەکات و هەرێمی کوردستان بە جوانترین نموونە، هەژمار دەکات.

لە راپۆرتەکەدا، کە بە ناونیشانی (کوردستان بۆ نیشاندانی ئەزموونەکەی چاوەڕێی پاپا دەکات)، بڵاو کراوەتەوە، ئاماژە بە ناونانی یاریگای یانەی وەرزشیی هەولێر بە یاریگای شەهید فەرەنسۆ هەریری دەکات، کە سەرکردەیەکی مەسیحیی شۆڕشی رزگاریخوازی گەلی کوردستان بووە و بە نیشانەیەکی پێکەوەژیان هەژماری دەکات.

سکای نیوز ئەزموونی هەرێمی کوردستان لە پێکەوەژیانی ئایین و نەتەوە جیاوازەکان بەبێ بوونی هیچ هەستیاریی و دەمارگیرییەک، بە خەسڵەتێکی هەرێمی کوردستان ناودەبات و بڵاوی کردووەتەوە، کە پێکەوەژیان لە هەرێمی کوردستان خاڵێکی جیاکەرەوەی هەرێمەکەیە لەەگڵ عێراق.

نیعمە نەمرود، کە کلدانییەکی عێراقییە و لە ساڵی 2008ـەوە لە بەغداوە هەڵاتووە و لە هەولێر دەژی، قسەی بۆ کەناڵەکە کردووە و رایگەیاندووە، زیاتر لە 10 ساڵە لە هەولێر دەژی و ”هەستم بە هیچ جیاکارییەکی ئاینی و نەتەوەیی نەکردووە، هیچ ترسێکم لەسەر کار و شوێنی ژیانم نەبووە“.

هەروەک لە راپۆرتەکەدا هاتووە، نیعمە نەمرود یەکێکە لەو دەیان هەزار هاووڵاتییە مەسیحییەی، کە بەهۆی شەڕی گرووپە تائیفی و تیرۆریستییەکانی عێراقەوە ماڵ و حاڵی خۆیان لە شارەکانی ئەو وڵاتە بەجێ هێشتووە و هەرێمی کوردستان باوەشی بۆ کردوونەتەوە.

سکای نیوز ئاماژەی بەوەش کردووە، کە هەموو مەسیحییەکانی دەشتی نەینەوا بەهۆی هێرشی رێکخراوی تیرۆریستی داعش ناوچەکانی خۆیان بەجێ هێشتووە و لە هەرێمی کوردستان بە ئازادی دەژین و کار دەکەن.

لە راپۆرتەکەدا، جگە لە هاوکارییە مرۆییەکانی هەرێمی کوردستان بۆ مەسیحییەکان، باس لە هاوکارییە سیاسییەکانیش کراوە، کە هەرێمی کوردستان بۆ پاراستنی مەسیحییەکانی دەشتی نەینەوا، کە ناوچەیەکی کوردستانیی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستانە، داویەتی و دەیدات.

سکای نیوز هەروەها ئاماژەی بە هەوڵی لایەنە عێراقییەکان بۆ گۆڕینی دیمۆگرافیای دەشتی نەینەواش کردووە و بڵاوی کردووەتەوە، هەرێمی کوردستان هەوڵی دوورخستنەوەی کێشە و شەڕە تایفییەکانی عێراق لە دەشتی نەینەوا، دەدات.

لەبارەی گەڕانەوەی ئاوارە مەسیحییەکان بۆ ناوچەکانی خۆیان، سکای نیوز بڵاوی کردووەتەوە، کە هەرێمی کوردستان بەبێ زۆرلێکردن، مەسیحییەکان هان دەدات بگەڕێنەوە ناوچەکانیان، بۆ ئەوەی دیمۆگرافیای ناوچە مەسیحینشینەکانی دەشتی نەینەوا پارێزراو بێت، بەڵام ئەوان هێشتا ترسیان لە گرووپە تائیفی و تیرۆریستییەکان هەیە و نایانەوێ بگەڕێنەوە.

هەر لە راپۆرتەکەدا هاتووە، مەسیحییەکانی دەشتی نەینەوا بەردەوام داوای دروستکردنی پارێزگایەک لە دەشتی نەینەوا بۆ مەسیحییەکان، کوردانی ئێزدی و شەبەک دەکەن، بەڵام دەسەڵاتدارانی عێراقی گوێ لە داواکارییەکانیان ناگرن.

لە کۆتایی راپۆرتەکەدا، سکای نیوز باسی عەنکاوەی نزیک هەولێری کردووە و بە تاکە ناوچەی مەسیحینشینی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناوی بردووە، کە ژمارەی مەسیحییەکان تێیدا روو لە زیادبوونە.

سکای نیوز بە ئاماژەکردن بەو ئەزموونە، بڵاوی کردووەتەوە، کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەیەوێ ئەزموونی جوانی خۆی لە پێکەوەژیانی ئایینی و نەتەوەیی، نیشانی پاپا فرانسیس، پاپای ڤاتیکان بدات.

بڕیارە لە رۆژانی 5 تا 8-3-2021، پاپا فرانسیس، پاپای ڤاتیکان، سەردانی عێراق و هەرێمی کوردستان بکات.

بەرنامەی کاری سەردانەکەی پاپا:

- رۆژی 5-3-2021 دەگاتە فڕۆکەخانەی بەغدا و لەوێ لەگەڵ مستەفا کازمیی سەرۆک وەزیرانی عێراق کۆ دەبێتەوە.

- رۆژی 6-3-2021 سەردانی نەجەف دەکات و لەگەڵ ئایەتوڵا عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق کۆ دەبێتەوە و دواتر سەردانی شوێنەواری ئور لە پارێزگای زیقار دەکات.

- رۆژی 7-3-2021 لەڕێی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێرەوە سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات و هەر لە فڕۆکەخانە لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان کۆ دەبێتەوە.

- هەر هەمان رۆژ سەردانی مووسڵ دەکات و دواتر دەچێتە ناوچەی قەرەقۆش و دواتریش دەگەڕێتەوە هەولێر.

- ئێوارەی ئەو رۆژە لە یاریگای نێودەوڵەتیی شەهید فەرەنسۆ هەریری قەداسێک ساز دەکات.

- دوای قەداسەکە لە هەولێر، دەگەڕێتەوە بەغدا و رۆژی دواتر (8-3-2021) دەگەڕێتەوە ڤاتیکان.