كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

ڕوونکردنەوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابوورییەوە بۆ ڕای گشتی

وه‌زاره‌تى دارایی و ئابووریی حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، ڕوونكردنه‌وه‌یه‌كى له‌باره‌ى پرسی ئەو دۆسیەیەی کە دادگای لێکۆڵینەوەی قۆرەتوو لەسەر ژمارەیەک بەرپرسی دەروازەی پەروێز خان و بەڕێوەبەری گشتیی گومرگی هەرێمی کوردستان جووڵاندبووی، بڵاو كرده‌وه‌.

ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 2/3/2021، وه‌زاره‌تى دارایی ڕوونكردنه‌وه‌یه‌كى بڵاو كرده‌وه‌ و وێنه‌یه‌كى ده‌ست (باسنیوز) كه‌وتووه‌، تێیدا هاتووه‌: "دوابەدوای ڕوونکردنەوەمان لە ڕۆژى 2021/2/11، تایبەت بە پرسی ئەو دۆسیەیەی کە دادگای لێکۆڵینەوەی قۆرەتوو لەسەر ژمارەیەک بەرپرسی دەروازەی پەروێز خان و بەڕێوەبەری گشتیی گومرگی هەرێمی کوردستان جووڵاندبووی، بە پێویستی دەزانین کە ڕوونکردنەوە و زانیاری زیاتر بخەینە ڕوو، ئاماژە بە بڕیاری دادگای تاوانی کەرکووک/ گەرمیان (بە سیفەتی تەمیزی) بە ژمارە (14/ت/2021) لە ڕۆژى 2021/2/9 تایبەت بە وردینیکردن و پێداچوونەوە بە دۆسیەی ئاماژەپێکراوی سەرەوە، بڕیاری لە بەرژەوەندی وەزارەت دەرکرد بە هەڵوەشاندنەوەی (نقص)ی گشت بڕیارەکانی گرتن دەرهەق بە فەرمانبەرانی وەزارەتمان، لە کاتێکدا بابەتی ئەو دۆسیەیە تەنسا جێبەجێکردنی بڕیارێکی وەزارەتمان بوو، بەپێی ڕێنوێنییه‌كان لە دەروازەی پەروێز خان بە ئەنجام گەیەندراوە".

ئه‌وه‌ش خراوه‌ته‌ ڕوو: "ئێمە لە کاتێکدا و لە سۆنگەی بەرپرسیاریه‌تییەوە پابەندبوونی تەواو بۆ ئیجرائات و فەرمان و بڕیارەکانی دادگاکان دەردەبڕین، هه‌روه‌ها هاوکار و هەماهەنگ دەبین بۆ سەروەریی یاسا و جێبەجێکردنی دادپەروەری، لە هەمان کاتدا داوا لە دادگاکان و دادوەرە بەڕێزەکان دەکەین، کە ئەرک و بەرپرسیاریەتیی بەرپرس و کارمەندانمان و ماندووبوون و دڵسۆزییان لە چوارچێوەی یاسا لەبەرچاو بگیرێت".