وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پێنتاگۆن) ژمارەی کوژراو و بریندارانی هێرشکردنە سەر میلیشیا ئێرانییەکان لە سووریا، ئاشکرا دەکات.
بەرەبەیانی رۆژی هەینی 26-2-2021، فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا بە فەرمانی جۆ بایدنی سەرۆکی ئەو وڵاتە، چەند بارەگایەکی میلیشیا شیعەمەزهەبەکانی نزیک لە ئێرانیان لەناو خاکی سووریا و لە نزیک سنوورەکانی عێراق، بۆردومان کرد.
جۆن کێربی، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا رایگەیاندووە، لە هێرشەکەدا، کە کرایە سەر میلیشیاکانی کەتائیبی حزبوڵڵا و سەیدی شوهەدا، چەکدارێکی ئەو میلیشیایانە کوژراوە و دووی دیکەش بریندار بوون.
دواى هێرشهكه، ڵۆید ئۆستن، وەزیری بەرگریی ئهمریكا رای گەیاند، بۆردومانهكان وهڵامدانهوهیهک بوو بۆ گرووپە چەکدارە شیعەکان، كه له شەوی 15ی ئهم مانگهدا هێرشی مووشهكییان كرده سهر شاری هەولێر، كه له ئەنجامدا بەڵێندەرێکی سڤیل كوژرا و چهند سەربازێکی ئهمریكی و هاوپەیمانان بریندار بوون.
رۆژی 27-2-2021، کەناڵی تەلەڤزیۆنیی (فۆکس نیوز)ی ئەمریکی لە راپۆرتێکدا بڵاوی کردەوە، کە دوای ئەو بۆردومانە، بڕیاربوو بۆردومانێکی دیکە بکرێتە سەر هەمان شوێن، بەڵام کەمێک بەر لە ئەنجامدانی، بڕیاری راگرتنی هێرشی دووەم، دراوە.
لە راپۆرتەکە ئاماژە بە هۆکاری راگرتنی هێرشی دووەم کرابوو و هاتبوو، فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ئەمریکی چاودێریی ناوچەکەی دەکرد و سوپای ئەمریکا لەڕێی ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانەوە، زانیویەتی کۆمەڵێک هاووڵاتیی مەدەنی لە ناوچەکەن، بۆیە هێرشی دووەمی راگرتووە.