بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی ههرێمى كوردستان، ماوەی لێخۆشبوونی گەڕانەوەی قەرزی هاوبەشانی ئاو درێژ دەكرێتەوە.
ئاری ئەحمەد، بەرێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی كوردستان بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "سەبارەت بە بابەتی لێخۆشبوونی بڕی 15%ى قەرزی ئاو، دوێنێ دووشەممە نووسراوی ئەنجوومەنی وەزیرانى ههرێمى كوردستانمان بەدەست گەیشت، ڕەزامەندی دراوە بۆ بەرژەوەندیی هاووڵاتییان، ئەو مانگەش لێخۆشبوونى 15%ى قەرزەكە درێژ بكرێتەوە".
روونیشى كردەوە، ئەوەی قەرزی ئاوی لەسەر بێت، واته هەموو هاوبەشانی ئاو دەتوانن تاوەكوو 31/3/2021، قەرزەكانیان بگەڕێننەوە و 15%ی كۆی قەرزەكەش بۆیان دەكرێت بە لێخۆشبوون.
ساڵی رابردوو حكوومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاری دا بە لێخۆشبوونی 15% بۆ چەند قەرزێك، لەوانە: قەرزی ئاو و كارەبا، ههروهها پێشینەكانی هاوسەرگیری و خانووبەرە، كشتوكاڵی، گەشتیاری و پیشەسازی.
ئاری ئەحمەد جەختی لهوهش كردەوە، لە ماوەی ڕابردوودا بۆ چەند جارێك لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانى ههرێمى كوردستانەوە، ماوەی لێخۆشبوونى قەرزی پارەی ئاو درێژ كراوهتهوه.