دەستەی ژینگەی هەرێمی كوردستان رای دەگیەنێت، كه‌سانێكی زۆر بەهۆی راوكردنه‌وه سزادراون و كەلوپەلەكانیان دەستی بەسەرگیراوە، ئاشكراشی دەكات راوكردنی هەندێك ئاژەڵ سزاكەی 10 ملیۆن دینارە.
ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه 1/3/2021، ئەحمەد محەمەد، گوتەبێژی دەستەی ژینگەی هەرێمی كوردستان بە (باس‌نیوز)ی راگەیاند: "بە بەردەوامی خەڵك لەسەر راوكردن سزادراون، تایبەت ئەو ئاژەڵ و باڵندە كێویانەی كە نابێت راوبكرێن، هەروەها لە كاتی قەدەغەكردنی راویش هەركەس راوبكات سزا دەدرێ، لە ساڵی رابردوودا خەڵكێكی زۆرمان سزاداون و ئەمساڵیش سزادان بەردەوامە".
روونیشی كردەوە لە رێگەی فەرمانگەكانی چاودێری بە هاوكاری لەگەڵ پۆلیسی دارستان، رۆژانە راوچییه‌كان سزادەدرێن و دەست بەسەر چەك و ئه‌و كەلوپەلانه‌یاندا ده‌گیرێ كە بۆ راو بەكار دەهێندرێت، "بەپێی یاسا و رێنوێنیییەكانی دەستەی ژینگە، ئەو كەره‌ستە و كەلوپەلانەی راو كە دەستیان بەسەردا دەگیرێت، دەبێت بۆ دەستەی ژینگە بگەڕێتەوە، بۆیە فەرمانگەكانی ئێمە بۆ سزادانی راوچییان هەماهەنگییەكی باشیان لەگەڵ پۆلیسی داراستان هەیە".
ئەحمەد محەمەد ئاماژەی بەوەش دا، رێنوێنیی تایبەت بە راو هەیە، "رێنمایی ژماره 1ی ساڵی 2015 تایبه‌ت به راوكردن و پاراستنی ئاژه‌ڵی كێوی و باڵنده‌كان ئەوە هاتووه ته‌نیا ئه‌و راوچییانه ده‌توانن راو بكه‌ن كه مۆڵه‌تیان له ده‌سته‌ی پاراستن و چاككردنی ژینگه وه‌رگرتووه، راوكردنیش ته‌نها ئه‌و باڵنده و ئاژه‌ڵانه ده‌گرێته‌وه كه له رێنوێنییه‌كا‌ندا ئاماژه‌یان پێكراوه".
سەبارەت بە مه‌رجه‌كانی راوكردن هاتووە "به ده‌ستهێنانی مۆڵه‌تی یاسایی له ده‌سته‌ی پاراستن و چاككردنی ژینگه، به‌كارنه‌هێنانی تفه‌نگ و ته‌قێنه‌ره‌وه‌كان به هه‌موو جۆره‌كانیان، به‌كارنه‌هێنانی قڕكه‌ره‌كان و ژه‌هره‌كان، به‌كارنه‌هێنانی ته‌زووی كاره‌با به‌كارنه‌هێنانی ئۆتۆمبێل و رووناكیی ده‌ستی یان رووناكی به‌هێز، راو نه‌كردن له ناو پارێزراوه سروشتییه‌كان، راونه‌كردن له وه‌رزه‌كانی زاوزێ، بۆ راوكردنی ئه‌و باڵندانه‌ی كه رێگه‌یان پێدراوه وه‌ك كه‌و و سوێسكه به‌پێی رێنوێنییه‌كه ته‌نیا (دا‌و) به‌كار ده‌هێنرێت، بۆراوكردنی كه‌روێشك ته‌نیا تانجی (تاژی) به‌كارده‌هێنرێت و راونه‌كردن له كاتی شه‌و واته (له پێش خۆرئاوابوون تا خۆرهه‌ڵاتن قه‌ده‌غه‌یه) و راونه‌كردن له‌سه‌ر كانیاوه‌كان و چه‌م و رووباره‌كان".
گوتەبێژی دەستەی ژینگە ئاشكرای كرد، راوكردنی هەندێك ئاژەڵ بە هەموو شێوەیەك قەدەغەیە و سزایەكی زۆریشی لەسەرە "راوكردنی پڵینگ، مامز، ورچ و بزن و به‌رانە كێوی راو بكات سزاكەی 10 ملیۆن دینارە، ئەوەی حاجی لەق لەق راوبكات ملیۆنێك دینار غەرامە دەكرێت، راوكردنی (كەوی دەری) سزاكەی 5 ملیۆن دینارە".