بەوێنە.. بەغدا بۆ سەردانەکەی پاپا دەڕازێندرێتەوە و هاووڵاتییانیش رەخنە لە حکوومەت دەگرن
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

بەوێنە.. بەغدا بۆ سەردانەکەی پاپا دەڕازێندرێتەوە و هاووڵاتییانیش رەخنە لە حکوومەت دەگرن

ئەمیندارێتیی گشتیی بەغدا دەستی بە هەڵمەتێک بۆ رازاندنەوەی ئەو شارە وەک ئامادەکارییەک بۆ سەردانەکەی پاپای ڤاتیکان، کردووە.

ئەمڕۆ دووشەممە 1-3-2021 دەست بە هەڵمەتی چاککردنەوە رێگاوبانەکان، جوانتکردنی باخچەکان و چاککردنەوەی گڵۆپەکانی سەر شەقامەکانی بەغدا، کرا.

ئەو هەڵمەتەی ئەمیندارێتیی بەغدا ئامادەکارییە بۆ سەردانەکەی پاپا فرانسیس، پاپای ڤاتیکان.

هاووڵاتییانی بەغدا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان رەخنە لە حکوومەت و ئەمیندارێتیی بەغدا دەگرن و باس لەوە دەکەن، رازاندنەوەی بەغدا بەهۆی سەردانەکەی پاپای ڤاتیکان نیشانەی ئەوەیە حکوومەت دەتوانێ بەغدا جوان بکات، بەڵام ئەگەر رووداوێکی گرنگ نەبێ، ئەوا ئاوەدانی و رازاندنەوەی بەغدا فەرامۆش دەکات.

بڕیارە لە رۆژانی 5 تا 8-3-2021، پاپا فرانسیس، پاپای ڤاتیکان، سەردانی عێراق و هەرێمی کوردستان بکات.

بەرنامەی کاری سەردانەکەی پاپا:

- رۆژی 5-3-2021 دەگاتە فڕۆکەخانەی بەغدا و لەوێ لەگەڵ مستەفا کازمیی سەرۆک وەزیرانی عێراق کۆ دەبێتەوە.

- رۆژی 6-3-2021 سەردانی نەجەف دەکات و لەگەڵ ئایەتوڵا عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق کۆ دەبێتەوە و دواتر سەردانی شوێنەواری ئور لە پارێزگای زیقار دەکات.

- رۆژی 7-3-2021 لەڕێی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێرەوە سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات و هەر لە فڕۆکەخانە لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان کۆ دەبێتەوە.

- هەر هەمان رۆژ سەردانی مووسڵ دەکات و دواتر دەچێتە ناوچەی قەرەقۆش و دواتریش دەگەڕێتەوە هەولێر.

- ئێوارەی ئەو رۆژە لە یارگای نێودەوڵەتیی شەهید فرەنسۆ هەریری قەداسێک ساز دەکات.

- دوای قەداسەکە لە هەولێر، دەگەڕێتەوە بەغدا و رۆژی دواتر (8-3-2021) دەگەڕێتەوە ڤاتیکان.