ئەندامێکی نوێی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان، سوێندی یاسایی دەخوات.
بڕیارە کاتژمێر 11ـی پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە 1-3-2021، پەرلەمانی کوردستان کۆبوونەوەی ژمارە 1ـی ئاسایی ساڵی سێیەمی خولی پێنجەمی هەڵبژاردنی خۆی، ساز بکات.
یەکێک لە بەرنامەکانی کاری کۆبوونەوەکە، سوێندخواردنی هەڵکەوت ئەنوەرە وەک ئەندامی نوێی پەرلەمان لە فراکسیۆنی پارتی، کە لە شوێنی ئومێد خۆشناو دەبێتە ئەندامی پەرلەمان.
ئومێد خۆشناو، کە سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی بوو، دەستی لە کاری پەرلەمانتاری کێشایەوە و رۆژی 18-2-2021 وەک پارێزگاری نوێی هەولێر، سوێندی یاسایی خوارد.
بەرنامەی کاری کۆبوونەوەکە:
یهكهم/
یەك دەقیقە بێدەنگ وەستان بۆ ڕێزلێنان لەگیانی شەهیدانی كوردستان و عێراق لەگەڵ مارشی نەتەوەیی.
دووهم/
كردنەوەی خولی بەهارەی ساڵی سێیەم لەخولی پێنجەمی هەڵبژاردن، لەلایەن سەرۆكی پەرلەمان بەپێی حوكمی بڕگەی (یەكەم) لەماددەی (7)و بڕگەی (سێیەم) لەماددەی (18)ی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان.
سێیەم/
وتەی بەڕێز سەرۆكی پەرلەمان بەبۆنەی كردنەوەی خولی بەهارەی ساڵی سێیەم لەخولی پێنجەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان -عێراق.
چوارەم/
وتەی بەڕێزان سەرۆك فراكسیۆنەكانی پەرلەمان بەبۆنەی كردنەوەی خولی بەهارەی ساڵی سێیەم لەخولی پێنجەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان-عێراق.
پێنجهم/
سوێندخواردنی پاڵێوراو بهڕێز (هەڵكەوت ئەنوەر خەلیفە)، لهشوێنی ئهندامی پهرلهمان بەڕێز (ئومێد عەبدولڕەحمان حەسەن)، بهپێی حوكمی ماددهی (27) لهپهیڕهوی ناوخۆی پهرلهمانی كوردستان.