كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

لە ساڵیادی راپەڕین کتێبێکی نوێ بە ناوی (رانیە و راپەرین.. گوڵچینێک لە بیرەوەرییەکانم) بڵاو دەکرێتەوە

 

لە کتێبێکی قەبارە گەورەی 500 لاپەڕەیی، لەم رۆژانەی داهاتوو بەبۆنەی 30یەمین ساڵوەگەڕی راپەڕینی گەلی کوردستان کە لەرانیەی بووکی سەرهەڵدانی باشوور چەخماخەی دا، بە ناونیشانی (رانیە و راپەرین.. گوڵچینێک لە بیرەوەرییەکانم) بڵاودەبێتەوە.

نووسەری کتێبەکە (عوسمان رانیەیی) لەمبارەیەوە دەڵێت: "لەم هەفتەیەدا ئەم کتێبەم دەکەوێتە بەردەستی خوێنەران، من وەک کەسێکی بەشدار لە راپەرینە شکۆدارەکەی دەروازەی راپەرینی گەلی کوردستان و شارە شیرینەکەم رانیەی پایتەختی سەرهەڵدان و ئازادی هاتووم گێڕانەوەم بۆ ئەو رۆژە مەزنانە کردووە و بە ئەمانەتەوە ئەوەی بینیومە و جاران لای خۆم یاداشتم کردبوون، لە دوو توێی ئەم کتێبەدا جێمکردوونەتەوە لەگەڵ پاشکۆیەکی وێنەیی و بەڵگەنامەیی".

شایانی باسە ئەم پەرتووکە دانسقەیە زۆر یادەوەری و دیکۆمێنتی لە خۆ گرتووە و بەشێوازێکی گێرانەوەیی ئەدەبی ئەوتۆ دارێژراوە کە چێژی خوێندنەوە دەورووژێنێ و پێدەچێ گێڕانەوەیەکی جیاواز و لالێکردنەوەیەکی نوێ بێ بۆ رووداوێکی هەرە مەزن و بەهاداری سیاسی لە مێژووی گەلی کوردستان لە دەیەی کۆتایی سەدەی رابردوو کە راپەرینی ئاداری ساڵی ١٩٩١ە.