كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

یاسای خانەنشینیی هێزەكانی ناوخۆ گۆڕانكاریی تێدا دەكرێت

وەزارەتی ناوخۆ بۆ خزمەتی هێزەكانی ناوخۆ هەندێك گۆڕانكاری لە یاسای خانەنشینیدا دەكات و لەمبارەوە پڕۆژەیاسایەكیش لە لایەن ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستانەوە گفتۆی لەسەر دەكرێت.

ئەرشەد لۆلانی، ئەندامی لیژنەی ناوخۆ و ئاسایش و ئەنجوومەنە خۆجێیەکان لە پەرلەمانی كوردستان بە (باسنیوز)ی راگەیاند: "ئەو مووچەی خانەنشینییەی كە هێزەكانی ناوخۆ وەری دەگرن كەمترە لە ئاست ئەو خزمەتەی ئەوان دەیكەین، بۆیە خۆمان وەكوو لیژنە هەوڵی خۆمان دا بۆ ئەوەی یاسای خانەشینیی هێزەكانی ناوخۆ گۆڕانكاریی بەسەردا بێت، لەگەڵ حكوومەتی هەرێمی کوردستان قسەمان كردووە و لەگەڵ وەزیری ناوخۆش چەند كۆبوونەوەیەك كراوە".

ئەو پەرلەمانتارە گوتیشی: "حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ ئەوەیە ئەو بابەتە چارەسەر بكرێت، بۆیە  پرۆژەیەك  ئامادە كراوە و چەند پێشنیازێكی باش هەیە بۆ ئەوەی لە پڕۆژەیاساکەدا جێگیر بكرێت".

ئەو ئەندامەی لیژنەی ناوخۆ و ئاسایش و ئەنجوومەنە خۆجێیەکانی پەرلەمانی كوردستان هەندێك وردەكاریی پڕۆژەكەی خستە ڕوو و گوتی: "پێشنیاز كراوە كەوا هێزەكانی ناوخۆ بە 60%ی كۆی مووچەكانیان تاكوو 80%ی مووچەكانیان خانەنشین بكرێن، ئەویش بەپێی خزمەت و بڕوانامە و پلەیان، لایەنێكی تری باشی پڕۆژەكە ئەوەیە، كە ئەو پۆلیس و ئاسایشانەی لە شەڕی داعش شەهید بوون، ئەوانە دەچنە سەر وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ماف و ئیممتیازی شەهیدیان دەبێت".

ئەرشەد لۆلانی، ئاماژەی بەوەش دا: "ڕەشنووسی پڕۆژەكە لە لایەن وەزارەتی ناوخۆ و ئاسایش ئامادە كراوە و لیژنەی ناوخۆش لەنێو بابەتەكە هەبووە و بۆ تەمەنی خانەنشینیی هێزەكانی ناوخۆ ئێستا دەبێت 15 ساڵ خزمەت و 45 ساڵ تەمەن بێت و ئەو بابەتەش لەنێو ڕەشنووسەكەدا هەوڵی جێگیركردن، یان هەموواركردنەوەی دەدرێت".

ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ شەممە 27/2/2021 بە کەناڵی (كوردستان24)ی ڕاگەیاند: "ھەندێك پێشنیاز لەبارەی خانەنشینیی ھێزەكانی ناوخۆوە ھەیە و لە ئەنجوومەنی وەزیران گفتوگۆی لەسەر دەكرێت، دواتر ڕەوانەی پەرلەمان دەكرێت".

وەزیری ناوخۆ گوتیشی: "یاساكە بۆ خزمەتی خانەنشینانی ھێزەكانی ناوخۆ دەبێت."