كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

حکوومەتی هەرێمی کوردستان مووچەی کارمەندی بەنداوەکان دەدات

بەڕێوەبەری گشتیی به‌نداو و كۆگاكانی ئاو له‌ وەزارەتی کشتوکاڵ و سه‌رچاوه‌كانى ئاوى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان ڕاى ده‌گه‌یه‌نێت، ماوەی زیاتر لە چوار مانگە حكوومەتی عێراق مووچەی فەرمانبەرانی بەنداوەکانی هه‌رێمى كوردستانى نەداوە، بۆیه حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڕیارى داوه‌ مووچەکانیان خه‌رج بكات.

ئەكرەم ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی به‌نداو و كۆگاكانی ئاو له‌ وەزارەتی کشتوکاڵ بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "زیاتر لە چوار مانگ تێپەڕی، حکوومەتی عێراق هیچ مووچەیەکی بۆ کارمەندانی بەنداوەکانی هەرێمی کوردستان خەرج نەکردووە، لە کاتێکدا مووچەکانیان لەسەر عێراقە، حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری دا مووچەکانیان خەرج بکات".

ڕوونیشی کردەوە، حكوومەتی عێراق بە بیانووی جۆراوجۆر مووچەی فەرمانبەرانی بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەكەی خەرج نەكردووە، كە پێشتر بە فەرمی خراوەتە سەر حكوومەتی عێراق و دەبوایه‌ مووچەکان بدات.

ئەكرەم ئەحمەد ئاشکراشی کرد، وەکوو مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان مووچەی مانگی شوباتی کارمەندانی بەنداوەکانى هه‌رێمى كوردستان بە ڕێژەی 21%ى لێبڕین دابه‌ش ده‌كرێ، گوتیشی: "لە گفتوگۆ بەردەوامین بۆ ئەوەی مووچە نەدراوەکانی دیكه‌ لەلایەن بەغداوه‌ یەکلایی بکرێنەوە، کە مووچەی مانگی 11و 12ی ساڵی ڕابردووە، لەگەڵ مووچەی مانگی 1ى ئەمساڵ".

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەنداو و كۆگاكانی ئاو لە هه‌رێمى كوردستان، نزیکەی 400 فەرمانبەری بە پلەی جۆراوجۆر هەیە، لە ساڵی 2017دا لەسەر داوای حكوومەتی عێراق، مووچەكانیان خراوەتە سەر بەغدا، بەڵام هاوشێوەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان، لەلایەن بەغداوە كێشە بۆ مووچەكانیان دروست كراوە.