شوێنەواری خنس
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

شوێنەواری خنس، دەکەوێتە ١٣ کیلۆمەتریی باکووری ڕۆژهەڵاتی شارەدێی شێخان لە پارێزگای  دهۆک و ئەم شوێنەوارە یەکێکە لە گەورەترین و بەناوبانگترین شوێنەوارەکانی کوردستان و عێراق کە لە دۆخی پاراستنی خراپدایە.

مێژووی شوێنەواری خنس، بۆ سەردەمی ئاشوورییەکان و پاشا سەنحاریب (٧٠٥ -٦٨١) پ. ز دەگەڕێتەوە، لەناو بەڵگە مێژووییەکاندا وا هاتووە کە خنسی شوێنەواری، هاوینەهەواری پاشا سەنحاریب بووە کە بۆ ماوەی بیست و چوار ساڵ دەسەڵاتداریی کردووە.

بەهۆی جیاوازیی جۆگرافیایی ناوچەکانی کوردستان لەگەڵ ناوچەکانی دیکەی عێراق وەک نەینەوا و مووسڵ، کوردستان سەرچاوەیەکی باش بووە بۆ ڕاکێشانی ئاو بۆ ناوچەکانی تری عێراق، هەر بۆیە سەنحاریبی ئاشووری ئەم شوێنەی وەک سەرچاوەیەک بۆ ڕاکێشانی ئاو بەرەو نەینەوای پایتەختی ئاشورییەکان بەکار هێناوە.

ئەم شوێنەوارە پێکهاتووە لە تابلۆیەکی بەردینی گەورە کە لەناو دڵی چیا هەڵکەندراوە و وێنەی چوار کەسی تێدایە، هەروەها لەم شوێنەوارەدا چوار ئەشکەوت دروست کراوە کە دەکەویتە ناو تابلۆ شوێنەوارییەکەوە. لە بەشی سەرەوەی ئەم تابلۆیە شوێنەوارییەدا پەیکەری شێرێک دروست کراوە کە دەڕوانێتە دەشت و ئاوەکەی بەرانبەر شوێنەوارەکە، بەڵام بەشێک لە سەر و ملی شێرەکە لێ کراوەتەوە و بڕدراوە و ئەو بەشەکەی دیکەشی کە ماوە، بەهۆی هۆکارە سرووشتییەکان وەک باران و با، (کە لە هۆکارە سەرەکییەکانی تێکدانی شوێنەوارن)، تێکچووە و هەموو بەشی شوێنەوارەکە، پاشماوەی تێکدان و بەرکەوتنی فیشەکی پێوە دیارە.

کەمێک خوارتر لە تابلۆ شوێنەوارییەکە، کاتێک دەڕوانێتە تەنیشت ئاوەکە، پارچە بەردێکی گەورە دەبینین کە نەخشێکی تایبەت و بەناوبانگی مێژوویی واتە گای باڵدارە، بەڵام بەداخەوە ئەم بەشە لەو نەخشە شوێنەوارییە گەورەیە لێ بووەتەوە و کەوتووەتە خوارەوە لای پارچە بەردە سروشتییەکانی دیکەی تەنیشت ئاوەکە، بۆیە خەڵکانی سەردانکەر زۆر بە ئاسانی دەتوانن سەرکەونە سەر بەردەکە و بەو شێوەیە زەرەری زیاتری پێ دەکەوێت، هەر بۆیەش لە چەند ساڵی داهاتوودا دەبێ چاوەڕێی نەمان و زیاتر تێکچوونی ئەم پارچەیەش بکەین ئەگەر حکوومەت بە هانایەوە نەیەت و نەیگوازرێتەوە بۆ شوێنێکی گونجاو و پارێزراو.

ئەم شوێنە مێژووییە کە لە زۆربەی سەرچاوە مێژووییەکاندا وا ناسێنراوە کە بۆ سەردەمی دەسەڵاتداریی دەوڵەتی ئاشوری دەگەڕیتەوە، لەڕاستییدا لە سەردەمی دەسەڵاتدارییە کوردەکان وەک میتانی دەروست کراوە، بەڵام چونکە بە دەستووری پاشای ئاشووری بووە، بۆیە وا تۆمار کراوە.

لەبارەی سەردەمی دەسەڵاتداری میتانییەکانەوە دەبێ بڵێین کە ئەم زنجیرە پاشایەتییە، دەسەڵاتدارانی کوردی نیشتەجێی ئەو دەڤەرە بوون کە هاوسەردەم بوون لەگەڵ حوکمڕانیی ئاشورییەکان  کە دەسەڵاتی فراوانتریان هەبوو لەچاو میتانییەکان، بۆیە لە زۆربەی سەرچاوەکاندا لەجیاتیی دەسەڵاتدارییە کوردییەکان، باس لە سەردەمە ئاشوورییەکان دەکرێت کە ئەمەش هۆکارێکی  خراپە بۆ نەناسینی مێژووی تایبەت بە خۆمان وەک کورد.

 لەبارەی ئەو ئەشکەوتە بچووکانەی کە لەناو دڵی ئەم شوێنەوارەدا دروست کراوە، شوێنەوارناسان زانیاری ئەوەمان دەدەن کە بەهۆی تێپەڕینی کات و گۆڕانکارییە ئایینییەکان واتە گەشەسەندنی ئایینی زەردەشتی لە ناوچەی میتانییەکان و دواتر بڵاوبوونەوەی ئایینی مەسیحییەت، کۆمەڵێک ئەشکەوت، یان ناوسک لە قەدچیاکان دروست کراوەن کە وەک شوێنی پیرۆزی ئەو ئایینە بوون. ناوسک شوێنێکە وەک ئەشکەوتی بچووک و تایبەتە بە ناشتنی مردوو لە ئایینی زەردەشتی، هەروەها بەکارهێنانیان وەک شوێنێکی پیرۆز بۆ نوێژ و خەڵوەتگەی ئایینی تایبەت بە ئایینی مەسیحی بەکار هاتووە.

لەسەر دیوارەکانی ئەم شوێنەوارە دوو شێوازی خەت و نووسین بە کار هاتووە، خەتی هیرۆگلیفی و بزماری، لە نووسینە هیرۆگلیفییەکە، باس لە پێوەندیی دەوڵەتی میتانی لەگەڵ وڵاتی میسر دەکات کە لەو کاتەدا پێوەندییەکی دیپلۆماسییان هەبووە، بەڵام ئەم نووسینە هیرۆگلیفییەکە لەناو چووە و نەماون.

نووسینە بزمارییەکە کە لە ٦٣ دێڕ پیکهاتووە کە دابەش کراوەتە سەر سێ بڕگەدا ئەم بەردە نووسراوانە بە دەستووری پاشا سەنحاریب نووسراوە و لە یەکەمینیان باس لە خواوەندە گرنگەکانی دەوڵەتی ئاشووری و گرینگییان لە پاراستنی دەوڵەتی ئاشووری دەکات. لە بڕگەی دووەمدا باس لە گرنگیی پرۆژەی ئاوی خنس دەکرێ کە پاشا سەنحاریبی ئاشووری چۆن لەوێوە ئاوی راکێشاوە بۆ نەینەوای پایتەختی ئاشورییەکان. سێیەم بڕگە باسی هێرشی دەوڵەتی ئاشوور بە سەرکردایەتیی ئەسەرحەدوونی کوری سەنحاریب بەسەر بابلییەکان دەکات.

لەبارەی ناوی خنسەوە، پسپۆڕان وا دەڵێن کە: ناوی خنس لە سەرچاوە بزمارییەکانی سەردەمی ئاشووری و میتانی بە شێوەی خەناسو، یان خەراسو هاتووە.