كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×
جەمال عەبدوڵا 25/02/2021

دەستوور و دەسكەوان! ئەگەر حوكمی بەعس بمایە ئێستا ڕەفیق حزبی بوون

چونكە لە كاتی بانگەشەی ھەڵبژاردندا ھەر خەیاڵیان لای ئەوە بووە كە ئەگەر بوونە ئەندامی پەرلەمانی عێراق، مانگانە چەند ملیۆن دیناریان دەبێت؟ چەند پاسەوانیان دەبێت و دەتوانن مانگانە چەند لە مووچەی ئەو پاسەوانانەیان بخۆن، لە كاتی دەنگدان لەسەر پرۆژەیاسایەكی ھەستیار ئەگەر بابەتەكە بوو بە خۆھەڕاجكردن و دەنگ فرۆشتن دەتوانن بۆ ھەر جار دەنگدانێك لەو بابەتە ھەستیارانەدا چەند پارەیان دەست بكەوێت؟

ئینجا بە حوكمی ئەندامێتییان لە پەرلەمانی عێراقدا چۆن دەتوانن لەگەڵ بەرپرسانی ئەوێ كلك گرێ بدەن و بەرتیل بۆ پێدانی پرۆژەكان كە بەشێكی زۆریان وەھمین، وەربگرن، چونكە لەو كاتەدا ھەر خەیاڵیان لای پارە و خۆھەڕاجكرن بووە، ھەندێك لە ئەندام پەرلەمانە كوردەكان لە پەرلەمانی عێراق ئاگاداری دەستووری عێراق نەبوون و ھەندێكیشیان ئێستاش دەستوور و دەسكەوان لێكتر جیا ناكەنەوە و لەبەر ئەمەش ئەگەر دەستوور لای ئەوان بفرۆشرایە، حەتمەن دەستووریشیان وەك خۆیان دەفرۆشت.

یەكێك لەو ئەندام پەرلەمانانە ھاتووە بۆ سلێمانی و لە كۆنفرانسێكی ڕۆژنامەوانیدا، ژەھری وەزیری نەوتی عێراق بەسەر سلێمانیدا دەڕێژێت و دەڵێت: ”وه‌زیرى نه‌وتى عێراق له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا پێى گوتین، ئه‌گه‌ر هه‌موو مه‌له‌فى نه‌وتمان ڕاده‌ست بكرێت، ئه‌وا ئێمه‌ 13 ترلیۆن دینار بۆ هه‌رێم ڕه‌وانه‌ ده‌كه‌ین ‌و هه‌رچى كێشه‌ى كۆمپانیاكانیشه‌ ئێمه خۆمان چاره‌سه‌رى ده‌كه‌ین به‌ڕێككه‌وتنى 50 ساڵییشه‌وه‌!“

لە ڕاستیدا ئەو ئەندام پەرلەمانە حەق بوو بەردەستی وەزیری نەوتی عێراق بێت یان بە زمانی جارانی بەعس (موراسیل!)، نەك ئەندامی پەرلەمان، چونكە ئەو قسەیەی وەزیری نەوتی عێراق كە دەڵێت ”ئه‌گه‌ر هه‌موو مه‌له‌فى نه‌وتمان ڕاده‌ست بكرێت“ ئەوە بەتەواوی پێچەوانەی مادەی 112ی دەستووری عێراقە و ئەگەر ئێستا تایە عەبدولكەریمی وەزیری نەوتی سەردەمی حوكمی سەدام و حزبی بەعس لەناو دەسەڵاتی عێراقدا بمانایە، ھەر ھەمان قسەی وەزیری نەوتی ئێستای عێراقیان لەبەرامبەر نەوتی ھەرێمی كوردستان دەكرد - تەبعەن ئەگەر ھەتا ئێستا حوكمی سەدام بمایە و بەھۆی ئەو حوكمەوە كوردیش بمایە -.

چونكە ناوەڕۆكی قسەی وەزیری نەوتی عێراق لە فكری مەركەزییانەی حزبی بەعسەوە سەرچاوە دەگرێت كە دەیانەوێت ھەر بە یاساكانی سەردەمی بەعس ئیدارەی دیكتاتۆرییانەی ھەموو سەرچاوەكانی داھات و نەوتی عێراق بكەن و بەم ھۆیەشەوە خەڵك زەلیل و ڕسوا و ملكەچی سیاسەتەكانی خۆیان بكەن.

بێجگە لەمەش ئەگەر ئێستا تایە عەبدولكەریمی وەزیری نەوتی سەردەمی حوكمی سەدام و حزبی بەعس لە لەناو دەسەڵاتی عێراقدا بمانایە و ئەگەر كورد و ھەرێمی كوردستانیش وەك ئێستایان بمانایە، لەسەر داكۆكیكردن لە قسەی وەزیری نەوتی عێراق لەبەرامبەر ھەرێمی كوردستان ئەم ئەندام پەرلەمانەی ئێستا و ھەندێك لە ئەندام پەرلەمانە كوردەكانی ئێستای دەكرد بە ڕەفیق حزبی و ڕەنگە لەناو ئەمانیشدا سێ چوارێكیانیان لێ كاندید بكرانایە بۆ ئەوەی لە 7 – 4ی ئەمساڵدا كە ساڵڕۆژی دامەزراندنی حزبی بەعسە، بكرانایە بە عوزوو فەرع و عوزوو فیرقەی حزبی بەعس.