كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا: ئارامگرتنمان بەرامبەر ئێران سنووردارە

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رای دەگەیەنێت، ئارامگرتنی وڵاتەکەی بەرامبەر ئێران، سنووردارە.

نید برایس، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمرییکا بە رۆژنامەنووسانی راگەیاندووە، هەنگاوەکانی ئێران لە سەرپێچیکردنی رێککەوتننامەی ناوکی و مەرجەکانی سەر بەرنامە ناوکییەکەی، ”تەحەدای ئێرانە بەرامبەر ئەمریکا“.

نید برایس هەروەها رایگەیاندووە، ”ئارامگرتنی ئەمریکا بەرامبەر ئێران سنووردارە“، بەڵام باشترین رێگا بۆ رووبەڕووبوونەوەی بەرنامەی ناوکیی سەربازیی ئێران، رێگای دیپلۆماسییە.

رێککەوتنی ناوکیی ئێران و وڵاتانی پێنج + یەک لە سەرەتای نیسانی 2015 لە شاری لۆزان لە سویسڕا واژۆ کرا، کە بەپێی ئەو رێککەوتنە ئێران دەستبەرداری دروستکردنی چەکی ناوکی دەبێت و ئەمریکاش سزاکانی لەسەر ئەو وڵاتە سووک دەکات.

وڵاتانی پێنج + یەک بریتین لە پێنج وڵاتی ئەندامی هەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی (ئەمریکا، فەرەنسا، رووسیا، بەریتانیا و چین) و ئەڵمانیا پێک دێت.

شەوی 8/5/2018، دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا بڕیاری کشانەوەی وڵاتەکەی لە رێککەوتنی ناوکیی ئێران و  وڵاتانی پێنج + یەک، واژۆ کرد.