په‌رله‌مانتارێكی پارتی بۆ رێبوار كه‌ریم: كەسێكی بێ سومعە و بێ متمانەیت و حزبەكەشتان بۆ پۆست فرۆشتووە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

په‌رله‌مانتارێكی پارتی بۆ رێبوار كه‌ریم: كەسێكی بێ سومعە و بێ متمانەیت و حزبەكەشتان بۆ پۆست فرۆشتووە

”ئەگەر میدیاكانی خۆفرۆشان نەبێت، كەس ڕووی نایەت ناویشیان بهێنێت“

ئەندامێكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی كوردستان، وەڵامی ئەندامێكی هاوپەیمانیی هیوا (ناسراو بە هاوپەیمانیی هیوای جاشەكان) دەداتەوە و بە كەسێكی ”بێ سومعە و بێ متمانە“ وەسفی دەكات و رای دەگەیەنێت كە ئەوان حزبەكەشیان بۆ كورسی و پۆستی بەغدا فرۆشتووە.

رێبوار كەریم، ئەندامی هاوپەیمانیی هیوای جاشەكان، لە نوێترین چاوپێكەوتنیدا كە واپێ دەچێت بیری چووبێت كە ئەوان بە ”بێ حورمەتی“یان لە نێو خەڵكی كوردستاندا دەناسرێنەوە، بانگەشەی ئەوەی كردووە كە شاندی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە بەغدا متمانەی لەدەست داوە.

لە بەرامبەردا شوان كەریم زراری، ئەندامی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان بە (باسنیوز)ی راگەیاند: ”خەڵكی كوردستان بە باشی دەزانن كێن ئەوانەی متمانەیان بە تەواوەتی لەدەست داوە، بەدڵنیاییەوە رێبوار كەریم و ئاغاكەشی لە نێو كوردستاندا نەك هەر متمانەیان نەماوە، بگرە سومعەشیان لەدەست داوە“.

ڕوونیشی كردەوە كە شاندی حكوومەتی هەرێمی كوردستان نوێنەرایەتیی گەلێكی خەباتكار دەكات كە دەریایەك خوێنی لە پێناو مافەكانی داوە، لە بەرامبەریشدا ڕێبوار و ئاغاكەی كە حزبەكەشیان بۆ پۆستی بەغدا فرۆشتووە، هیچ متمانەیەكیان نییە و كەس بە هیچیان نازانێت.

پەرلەمانتارەكەی پارتی ئاماژەشی بەوە كرد كە ئەو ڕێبوار كەریمە ”كەسێكی خۆفرۆشە“ و هەر ڕۆژەی لەسەر پەتێك یاری دەكات، هەموو ئامانجەكەشی پۆست و ئیمتیازاتە. گوتیشی: ”ئەوانە هێندە ڕووقایمن، سڵ لە هیچ شتێك ناكەنەوە، هەر ئەو ڕێبوار كەریمە بوو کە بەڵێنی بە خەڵكی دەدا و واژۆی كۆ دەكردەوە کە گوایە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان دەگوازێتەوە سەر حكوومەتی فیدراڵ، كەچی نەك حیسابی بۆ نەكرا، بگرە حكوومەتی عێراق مووچەی ئەو فەرمانگانەشی بڕی كە چەند ساڵێك بوو مووچەكەیان خرابووە سەر بەغدا“.

شوان زراری دووپاتی كردەوە كە پەیوەندیی نێوان هەردوو حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی فیدراڵ لەسەر بنەمای دەستوورە و حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش ئامادە نییە سازش لەسەر مافە دەستوورییەكانی خەڵكی كوردستان بكات، بەڵام ”كەسانی وەك ڕێبوار كەریم و ئاغاكەی كە هەموو شتێكیان لەپێناو كورسییەكی بەغدا دانا، لە بەغدا هیچ حورمەت و متمانەیەكیان نییە و ئەگەر میدیاكانی خۆفرۆشان نەبێت، كەس ڕووی نایەت ناویشیان بهێنێت، بۆیە سەرەتا دەبێ سومعەی خۆیان بهێننەوە، ئینجا باسی متمانە و سومعەی دامەزراوە فەرمییەكانی هەرێمی كوردستان بكەن“.