بەرپرسى ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانى دەروازەى نێودەوڵەتیى باشماخ ڕای گەیاند کە هاتوچۆى گەشتیاران بۆ ماوەى دوو هەفتە لە دەروازەکە رادەگیرێت.
ئیسماعیل عەلى، لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا ڕای گەیاند: "لەلایەن کۆمارى ئیسلامیى ئێرانەوە پێمان ڕاگەیەندراوە کە هاوشێوەی دەروازەکانی تری هەرێمی کوردستان لە ڕۆژى پێنجشەممەوە هاتوچۆی گەشتیاری بۆ ماوەی دوو هەفتە لە دەروازەی باشماخى نێودەوڵەتییەوە ڕادەگیرێت".
گوتیشى: "ئەم بڕیارەى کۆمارى ئیسلامى ئێران لە چوارچێوەی ڕێکارەکانی ڕێگریکردنە لە بڵاوبوونەوەی کۆرۆنای گۆڕاو، بۆیە لە ڕۆژى پێنجشەممەوە بۆ ماوەی چواردە ڕۆژ هاتوچۆى گەشتیارى ڕادەگیرێت، ئەو هاووڵاتییانەى عێراق و هەرێمى کوردستان کە لە ئێستا لە ئێرانن دەتوانن بگەڕێنەوە بۆ کوردستان و ئەو هاووڵاتییە ئێرانییانەش کە لە ئێستا لە هەرێمی کوردستانن دەتوانن بگەڕێنەوە بۆ وڵاتی ئێران".