وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاشکرایکرد کە دوو پشتێنەی سەوزایی بە چواردەوری هەولێردا دروست دەكرێن.
ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار ڕایگەیاندووە: "شاری هەولێر دوو پشتێنەی سەوزایی بۆ دیاری كراوە و هەر یەك لەو پشتێنە سەوزاییانەش ماستەرپلانی خۆی هەیە و بەگوێرەی ئەو رێكارەی دانراوە، جێبەجێ دەكرێن.".
دەشڵێت: "ئەمە تەنیا بۆ شاری هەولێر نییە، بەڵكوو هەموو شار و شارۆچكەكانی دیكەی هەرێمی كوردستانیش بەگوێرەی ئەو ستراتیژییەی دامانناوە، سەرۆكایەتییەكانی شارەوانی و بەڕێوەبەرایەتیی نەخشەدانانی ئاوەدانی لە پارێزگەكان راسپێردراون كە ماستەرپلانی تایبەتی بۆ دەستنیشانكردنی ئەو رووبەرە سەوزاییانەی كە هەیە دابنێن، هەروەها بەراوردكردنی ئەو ڕووبەرە سەوزاییانە لەگەڵ ئەو ستاندەردەی كە پێویستە هەر شار و شارۆچكەیەك هەیبێت".