بەڕێوەبەری تەندروستیی پارێزگای دهۆک: هەتا ئێستا کۆرۆنای گۆڕاو لە دهۆک تۆمار نەکراوە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

بەڕێوەبەری تەندروستیی پارێزگای دهۆک: هەتا ئێستا کۆرۆنای گۆڕاو لە دهۆک تۆمار نەکراوە

"٧٠ مامۆستا و قوتابی تووشی کۆڤید ١٩ بوون"

ئەمڕۆ سێشەممە ژووری ئۆپەراسیۆنی ڕووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا لە پارێزگای دهۆک کۆ بووە و دواتر بەڕێوەبەری تەندروستیی دهۆک لە پرێس کۆنفرانسێکدا ڕای گەیاند هەتا ئێستا جۆرە نوێیەکەی کۆرۆنا لە دهۆک تۆمار نەکراوە، بەڵام ٧٠ مامۆستا و قوتابی تووشی کۆڤید ١٩ بوون.

د. ئەفراسیاب مووسا، بەڕێوەبەری تەندروستیی پارێزگاری دهۆک ئاشکرای کرد: "هەروەک دەزانن جۆرە نوێیەکەی پەتای کۆرۆرنا لە عێراقدا بڵاو بووەتەوە و لە ڕۆژانی رابردووشدا چەند حاڵەتێکی تووشبوون لە هەرێمی کوردستان تۆمار کراون و بەهۆی کراوەنەوەی دەرگای قوتابخانەکانیش گومان دەکرێت، جۆری نوێی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستانیش پەرە بستێنێت، بۆیە باشترین ڕێکار خۆپارێزی و پابەندبوونە بە ڕێنوێییە تەندروستییەکان".

ڕاشی گەیاند: "ئێمە پێمان وایە کەس نییە نەگەیشتبێتە ئەو قەناعەتەی کە مەترسییەکانی ئەو پەتایە چەندە و بە باشی دەیناسن، هەروەک دەزانن لە پارێزگای هەولێر چەند حاڵەتێکی تووشبوونی جۆرە نوێیەکەی کۆرۆنا تۆمار کراوە، بەڵام هەتا ئێستا لە پارێزگای دهۆک کۆرۆنای نوێ تۆمار نەکراوە، هاوکات لەو کاتەوە کە دەرگای قوتابخانەکان کراوەنەتەوە، لە پارێزگای دهۆک ٧٠ مامۆستا و قوتابی تووشی پەتای کۆڤید ١٩ بوون".

ئاماژەی بەوەش دا: "هەرچەند ئێستا ژمارەی تووشبوون و مردن بەهۆی کۆرۆنا زۆر کەمتر بووەتەوە و وەک جاران نەماوە، بەڵام دیسانیش دەبێ زۆر وریا بین و ڕینوێیەکان ڕەچاو بکرێن، چونکە کۆرۆنای گۆڕدراو لە ئارادایە".

بەڕێوەبەری تەندروستیی پارێزگای دهۆک ئاماژەی بەوەش دا: "لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لەوە کرایەوە کە ئەو ڕێکار و ڕێنوێنییانەی پێشوو کە بۆ خۆپارێزی لە کۆرۆنا دیاری کرابوون، بە ڕێکوپێکی ڕەچاو بکرێن".