سەرۆکی ئیئتیلافی نیشتمانیی عێراق رای دەگەیەنێت، کە هەموو عێراقییەکان باجی هێرشکردنە سەر باڵوێزخانەکانی وڵاتان دەدەن.
ئەمڕۆ سێشەممە 23-2-2021، ئەیاد عەللاوی، سەرۆکی ئیئتیلافی نیشتمانیی عێراق لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تویتەر)دا، رای گەیاندووە، پەیمانشکاندن و ترساندنی میوان لە ئەخلاق و دابونەریتی عێراقییەکاندا نییە.
ئەیاد عەللاوی هەروەها رای گەیاندووە کە لە هەموو ئەو وڵاتانەی رێزلەخۆیان دەگرن، بارەگا دیپلۆماسییەکان پارێزراو و رێز لێ گیراون.
سەرۆکی ئیئتیلافی نیشتمانیی عێراق پێی وایە بەردەوامیی هێرشە مووشەکییەکان بۆ سەر باڵوێزخانەی وڵاتان لە بەغدای پایتەختی عێراق و دەستەوەستانی ئابڕووبەرانە لە رێگرتن لێیان، ئەنجامی کارەساتباری دەبێت و ”هەمووانیش باجەکەی دەدەن“.
شەوی دووشەممە 22-2-2021 بە مووشەک هێرش کرایە سەر ناوچەی سەوزی بەغدا، کە باڵوێزخانەی ئەمریکا و زۆرینەی باڵوێزخانەکانی دیکەی وڵاتانی لێیە و بەهۆیەوە، ژمارەیەک ئۆتۆمبێلی هاووڵاتییان سووتێنران.